کانونی یەکەم 11, 2019

دهۆك و زێره‌ڤانی له‌ دێربی بادینان به‌یه‌كده‌گه‌ن، شێروانه‌ و ده‌ره‌به‌ندیخانیش له‌ گه‌رمیان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌ گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارییه‌كانیش كات (2:45) ئێواره‌‌ ئه‌نجام ده‌درێن، تا دێت یارییه‌كان هه‌ستیار ده‌بن و یانه‌كانیش به‌هێزه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان باش ده‌زانن، له‌ده‌ستدانی خاڵ له‌سه‌ره‌تادا له‌ كۆتایی خوله‌كه‌ باجیان پێده‌دات، هه‌ندێك له‌ تیپه‌كانیش وێڵی یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ن، هه‌ندێكیشیان گره‌و له‌سه‌ر پاك راگرتنی تۆڕی گۆڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك بارودۆخی یانه‌كان ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ شه‌ن و كه‌و ده‌كات.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ـ هه‌ندرێن
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی میوانداریی هه‌ندرێنی هاوشاری ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ له ‌دوای شكستی گه‌ڕی دووه‌م، گه‌ڕی سێیه‌میش پشوو بووه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حیسابی هه‌ندرێن هه‌ڵسێته‌وه‌ و به‌ یه‌كجاری دۆڕانه‌كه‌ی له‌بیر یاریزانه‌كان به‌رێته‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش تواناكانی هه‌ردوو یاریزان (ئاكام هاشم و عومه‌ر سه‌دام)ـی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام یاریكردنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پلانه‌كانی راهێنه‌ر، پێشمه‌رگه‌ به‌ سێ خاڵ له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێت.
هه‌ندرێن، سێ یاریه‌ ته‌نها یه‌كسانبوون به‌شی بووه‌، هیشتا تامی دۆڕان و بردنه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت گورزێك له‌ تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ بده‌ن و یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ن، دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ری هه‌ندرێن، له‌م یارییه‌ به‌هێزانه‌ باش ده‌زانێت پلانه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر تێكدات، هه‌ندرێن ئێستا خاوه‌نی سێ خاڵه‌ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت.

برایه‌تی ده‌یه‌وێت سۆران رابگرێت
برایه‌تی له‌ یاریگای خۆی میوانداریی سۆرانی پێشه‌نگ ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت هێز و توانای خۆیان له‌م وه‌رزه‌ به‌ بردنه‌وه‌ له ‌سۆران بۆ هه‌موو لایه‌ك بسه‌لمێنن، به‌ته‌واوی پێكهاته‌كه‌شی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌م وه‌رزه‌ برایه‌تی گۆڕانكاری گه‌وره‌ی‌ له‌ پێكهاته‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی زۆر له‌ وه‌رزی ڕابردوو باشتره‌، خاوه‌نی پێنچ خاڵه‌ و پله‌ی سێیه‌م به‌شیه‌تی.
سۆران ئه‌سپه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان، هه‌موو ئامانجیان تۆمار كردنی گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی باشه‌ بۆ یانه‌ی سۆران، له‌ مێژووی خولی نایاب، راهێنه‌ر ئه‌م فاكته‌ره‌ لای یاریزانه‌كانی سۆران، وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌ر به‌كارده‌هێنێ، تا ئامانجه‌كانی تیپی سۆران بهێنێته‌دی، سۆران به‌ حه‌وت خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتووه‌ و هیچ گۆڵێكیشی لێ نه‌كراوه‌.

دهۆك و زێره‌ڤانی یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ ده‌كه‌ن
دهۆك له‌ یاریگای خۆی میوانداری زێره‌ڤانی دراوسێی ده‌كات، هه‌ردوو یانه‌ به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر گرێ كوێره‌ی بردنه‌وه‌له‌ خوله‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌، دهۆك یاریی دوای یاریی ئاستی باشتر بووه‌، به‌ڵام نه‌یبردۆته‌وه‌، ئیسته‌ خاوه‌نی دوو خاڵن و له‌ پله‌ی نۆیه‌م دین.
زێره‌ڤانی به‌هۆی خراپی دارایه‌وه‌، ناتوانێ وه‌ك پێشووتر پێكهاته‌یه‌ك دروستبكات، هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بێت، چونكه‌ پێشووتر هه‌رچی یاریزانی باش بوو له‌ یانه‌كانی تر روویان له‌و یانه‌یه‌ ده‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی تیپێكی به‌هیزی لاوانیشه‌وه‌، ناتوانێ ئێسته‌ به‌ ئاسانی تیپێكی به‌هێز دروستبكات، به‌ڵام خه‌ونی ئه‌وان مانه‌وه‌یه‌ له‌ ریزی نایاب، ئه‌مه‌ش بۆ زێره‌ڤانی كارێكی ئه‌سته‌م نییه‌، خاوه‌نی ته‌نها خاڵێكه‌ و پله‌ی یازده‌یه‌م به‌شیه‌تی.

یاریی ئاگرین له‌ سلێمانی ده‌بێت
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ یاریگای خۆی میوانداریی سیروانی نوێ ده‌كات، ئه‌نجامی ئه‌م دوو تیپه‌ پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره‌، سیروانی باش و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی خراپ، یاسین مه‌نافی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ جیرانه‌كه‌ی خۆی باری لاسه‌نگی خۆی راستبكاته‌وه‌، و دوو شكسته‌كه‌ی رابردووشی خامۆش بكات، خاوه‌نی یه‌ك خاڵه‌ و پله‌ی كۆتای ریزبه‌ندی گرتووه‌، كه‌ر هه‌رگیز ئاماده‌كاری ئه‌م یانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕواننه‌ده‌كرا.
سیروانی نوێ، به‌ كۆمه‌لێ لاو سه‌رئێشه‌ی بۆ هه‌مووان دروستكردووه‌، ئێسته‌ حسابێكی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌موو بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و به‌رگریه‌ به‌هێزه‌ی سیروان چۆن لێكهه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌، یان به‌ ڕێگایه‌ك فشاری یاریزانه‌كانی رزگار عه‌لی راهێنه‌ر كه‌م بكه‌نه‌وه‌، سیروانی نوێ، كێشه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاته‌كه‌ی نه‌بوونی یه‌ده‌گی باشه‌، ئێسته‌ خاوه‌نی حه‌وت خاڵه‌ و خانه‌ی دووه‌می داگیر كردووه‌.
دوو یانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كی گه‌رمیان به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن
شێروانه‌ له‌ یاریگای خۆی میوانداریی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، بارودۆخی شێروانه‌ باش نییه‌، له‌ سێ یاریی دوو شكست و یه‌ك یه‌كسانیان هه‌یه‌، وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ریش ده‌ست له‌كاركیشانه‌وه‌ی پێشكه‌شی یانه‌كه‌ كردووه‌، موحسین عه‌بدولكه‌ریمیش به‌شێوه‌ی كاتی شوێنی گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ه‌یان له‌ ده‌ربه‌ندیخان هه‌موو برینه‌كانیان ساڕێژ بكه‌ن، وه‌لید محه‌مه‌د له‌كاتی جێهیشتنی یانه‌كه‌ی داوای دوورخستنه‌وی چه‌ند یاریزانبكی كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و پێیوابووه‌ ئه‌وانه‌ شیاوی ئه‌وه‌ نین له‌ و تیپه‌ یاریی بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆكی یانه‌ وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ شێروانه‌ی جێهێشتووه‌، تیپه‌كه‌ی كه‌لار ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌م دێت.
ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌نجامه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری و پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی گونجاوه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌ش كێشه‌ی هۆگر عه‌بدوڵڵای راهینه‌ریان چاره‌سه‌ر كردووه‌، كه‌ ئه‌ندامییه‌تی له‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ هه‌ڵپه‌ساردووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی راهێنه‌ربێت، شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند خاوه‌نی پێنچ خاڵن و خانه‌ی چوارمیان گرتووه‌.

هه‌ولێر و زاخۆ به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن
زاخۆ له‌ یاریگای خۆی میوانداریی هه‌ولێر ده‌كات، زاخۆ ته‌نها دوو یاری ئه‌نجام داوه‌ و چوار خالی هه‌یه‌، هه‌ر كاتێك له‌ یاریگای خۆی یاریی هه‌بێت وه‌ستانی خولی نایابی عێراق به‌ هه‌لده‌زانێی و چه‌ند یاریزانێكی به‌شدار له‌و خوله‌ یاریی پێده‌كات، تا گورزی خۆی بوه‌شێنێ، خاوه‌نی چوار خاڵه‌ و پله‌ی پێنجه‌می گرتووه‌.
هه‌ولێر، دوای بردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ باشتر ئاماده‌ن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌لایه‌نی كه‌م به‌ خاڵێك له‌سه‌ر سنوور بگه‌رێنه‌وه‌، خاوه‌نی چوار خاڵن و پله‌ی شه‌شه‌م به‌شیانه‌.

 

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler