تشرینی دووەم 19, 2019

زێره‌ڤانی و نه‌ورۆز جەنگی بردنەوە ده‌كه‌ن، سیروانی نوێش ده‌یه‌وێت برینه‌كانی یانەی دهۆك قووڵتر بكاته‌وه

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ گه‌ڕی سێیه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، یارییه‌كان كات (2:45) خوله‌ك ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌م گه‌ڕه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ یارییه‌كان بۆ به‌شێك له‌ یانه‌كان گرینگییه‌كی زۆری هه‌یه‌، به ‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی چاویان له‌ ناسناوه‌كه‌یه‌، له‌ دوای تێپه‌ڕبوونی دوو گه‌ڕ نه‌یانتوانیوه‌ هیچ سه‌ركه‌وتنێك تۆمار بكه‌ن، بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی سێ خاڵی ئه‌م یارییەكانی ئه‌م گه‌ڕه‌‌ ره‌نگه‌ له‌ ئامانجی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ دووریان بخاتەوە، تیپه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌م گه‌ڕه‌ به‌ ده‌رفه‌ت بزانن باری لاسه‌نگی خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گەڕێك شه‌نو كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات.

زێره‌ڤانی و نه‌ورۆز جه‌نگی بردنەوە ده‌كه‌ن
زێره‌ڤانی، له‌ یاریگەی خۆی له‌ دهۆك میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات، گه‌ڕی رابردووش پشوو بووه‌، وه‌لید سه‌لمانی ناوه‌ڕاستكاریشی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ وه‌رزه‌كانی رابردوو ئاستێكی نایابی له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی نیشان داوه‌، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌مجاره‌ی پێكانی ئه‌حمه‌د فازلی به‌رگریكاری راستیه‌تی، كه‌ به‌هۆی پێكان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ یاریی نه‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن له‌ خوله‌كه‌ له‌سه‌ر حسابی نه‌ورۆز بێت و له‌ یاریگای خۆی سێ خاڵی یاریه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، زێره‌ڤانی بێ هیچ خاڵه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ندایه‌.
نه‌ورۆز، له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو ته‌نها خاڵێكی هه‌یه‌، هیچ گۆڵیشی تۆمار نه‌كردووه‌، ئێستا ده‌یه‌وێت خۆی له‌م دۆخه‌ ناخۆشه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه‌ رزگار بكات، به‌ڵام پرسیار ره‌زاقی راهێنه‌ری نه‌ورۆز، ده‌زانێ ئه‌ركی ئاسان نییه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری شكستی سێیه‌م ره‌نگه‌ پێگه‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات، نه‌ورۆز ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ و له‌ ریزبه‌ندی دوازده‌یه‌م دێت.

سیروانی نوێ ده‌یه‌وێت دهۆكیش له‌ گێژاوی خۆیدا ون بكات
یانەی سیروانی نوێ، له‌ سلێمانی میوانداریی یانەی دهۆك ده‌كات، ئه‌و تیپه‌ی تازه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نایاب، بووەته‌ سه‌ر ئێشه‌ بۆ تیپه‌كان، له‌ دوو گه‌ڕی رابردوویش له‌ زێره‌ڤانی و نه‌ورۆزی بردووەته‌وه‌، كه‌ هه‌ردووكیان به ‌دوای ناسناوه‌كه‌ن، به‌ڵام راهێنه‌ری سیروانی نوێ گیانێكی به‌هێزی لای یاریزانه‌كان دروست كردووه‌، په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌ نێوان دروست كردوون، هیچ بۆشاییه‌ك نادات به‌ تیپی به‌رانبه‌ر، پلانی له‌سه‌ر هێرشی پێچه‌وانه‌ داڕشتووه‌، هه‌موویان به‌رگری ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ هۆكاری بردنه‌وه‌ی دوو یارییه‌كه‌ی رابردووی سیروانی نوێ بوون، ئێستەیش به‌ شه‌ش خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
دهۆك، بارودۆخێكی خراپی هه‌یه‌، گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگای خۆی دۆڕا، هیچی له‌به‌رده‌م دا نه‌ماوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م یارییه‌ دواین ده‌رفه‌ت بێت بۆ راهێنه‌ری دهۆك، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ قوڕگی شێر سێ خاڵ وه‌ربگرێ، به‌ لایه‌نی كه‌م به‌ خاڵێك بگه‌ڕێته‌وه‌، ئیڤان خالدییش، كه‌ ناوه‌ڕاستێكی به‌رگریكار بوو ریزه‌كانی دهۆكی جیهێشت و بۆ باوه‌شی هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتێكی دیكه‌ی دهۆكه‌ییه‌كانه‌، دهۆك ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ له‌ پله‌ی یازده‌یه‌مین دێت.

هه‌ولێر شێروانه‌ به‌ نێچیرێكی ئاسان ده‌زانێت
هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی میوانداری شێروانه‌ ده‌كات، زه‌رد پۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ دۆخێكی خراپ دان، چونكه‌ گه‌ری رابردوو دێربی شاره‌كه‌یان به‌ برایه‌تی دۆڕاندا، بۆیه‌ دواكه‌وتنی شێروانه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كان به‌ هه‌ڵ ده‌زانێت، تا یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ تۆمار بكات، پێكهاته‌ی هه‌ولێر لاوان، به‌ڵام له‌ ڕووی ئاماده‌كاری و یاریی كردنه‌ له‌م ساته‌ دا له‌ شێروانه‌ ئاماده‌ترن، ئه‌میر رۆژبه‌یانی به‌رگریكاریشی هێناوه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانی كه‌ وه‌رزی رابردوو بۆ زێره‌ڤانی یاریی ده‌كرد، ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌من.
شێروانه‌، ئاماده‌كارییه‌كانی دره‌نگ ده‌ستپێكرد بۆیه‌ ئێستا باجه‌كه‌ی ده‌دات، دوو یاریی رابردووش ته‌نها یه‌كسان بوون به‌شی بووه‌، ئه‌م یارییه‌ش چه‌كێكی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د عزه‌ت، كه‌ له‌ یاریی یه‌كه‌م تووشی پێكان هاتبوو بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، خاوه‌نی یه‌ك خاڵن و له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت.

سۆران هه‌وڵ ده‌دات له‌ ره‌واندز پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بشكێنێت
سۆران له‌ ره‌واندز میوانداری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ میوانێكی تازه‌ی خولی نایابه‌وه‌، به‌ڵام بۆ هه‌مووان بۆته‌ سه‌ر ئێشه‌، ئه‌وتا له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو چوار خاڵی كۆكردۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ڕی رابردوو له‌ نێو دهۆك یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ میژووی خولی نایاب تۆمار كرد، ئه‌ماجاره‌ش ده‌یه‌وێت له‌ ره‌واندز پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بشكێنیت و هێنده‌ی تر زه‌نگی مه‌ترسی بۆ تیپه‌كانی تر لێبدات، ئێسته‌ به‌ چوار خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێت.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، به‌رابه‌رایه‌تی یاسین مه‌نافی راهێنه‌ر، پێشبینی ئه‌و ده‌ستپێكه‌ خراپه‌یان نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌تا تێیكه‌وتوون له‌ دوو یاریی ته‌نها یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت سۆران شۆك بكات یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌وێ تۆمار بكات، ته‌نها یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێت.

ده‌ربه‌ندیخان له‌ نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی میوانداری برایه‌تی ده‌كات
ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگەی خۆی میوانداری سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكی خولی نایاب چه‌ند كێشه‌یه‌ك له‌ یانه‌كه‌ ڕوویدا، به‌ڵام به‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی دوو گه‌ڕی رابردووی هه‌موو گرفته‌كانی داپۆشی، ئه‌مڕۆش گه‌ره‌كیه‌تی له‌ برایه‌تی بباته‌وه‌، هه‌نگاوێكی دیكه‌ی دروست له‌ خوله‌كه‌ بهاوێژێت، خاوه‌نی چوار خاڵه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌م دێت.
برایه‌تی، سه‌ره‌ڕای گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌ له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی، كه‌چی ده‌ستپێك و ئه‌نجامی زۆر له‌ وه‌رزی رابردوو باشتره‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ ركابه‌ره‌ كلاسیكیه‌كه‌ی هه‌ولێری برده‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ یارییه‌ له‌ تواناكانی گه‌یلان لوقمان بێ به‌ش ده‌بێت، چونكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌غداو په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی كاره‌باوه‌ كردۆته‌وه‌، خاوه‌نی چوار خاڵن و له‌ پله‌ی دووه‌م دێن.

هه‌ندرێن و زاخۆ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
هه‌ندرێن له‌ یاریگای خۆی میوانداری زاخۆ ده‌كات، هه‌ندرێن به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌دا وێڵه‌، دوو یاریی رابردووش ته‌نها یه‌كسان به‌شی بووه‌، بۆیه‌ نایه‌وێت، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی نێو یاریگای خۆی له‌ده‌ست بدات، هه‌رچه‌ند زاخۆیه‌كان وه‌ستانی خولی نایابی عێراقی به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن و یاریی به‌ یاریزانانی به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراقی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندرێنیش له‌ یاریگای خۆی توانای سه‌ركه‌وتنی هه‌یه‌، دوو خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێن.
زاخۆ، گه‌ڕی رابردوو توانی له‌ پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو بباته‌وه‌، به‌ڵام پێنچ یاریزانی به‌شدار له‌ خولی عێراقی یاریی پێكردبوو، چاوه‌ڕوانی هه‌مان سیناریۆی لێده‌كرێته‌وه‌، له‌ یه‌ك یاریی سێ خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی پێنجه‌می گرتووه‌.

 

© 2017 Hawler