ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەگوێرۆ لە بارەی پێوەندیی لەگەڵ گواردیۆلا و ڕكەبەریی لیڤەرپوولەوە دەدوێ

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مۆنت لە بارەی وابەستەبوونی بە ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنەوە دوا
ئەستێرەی تۆپی پێی چێڵسی ماسۆن مۆنت، لە بارەی لێدوانی یاریزانی پێشووی لە یانەی ڤیتیس ئەرنهیم، میشێل ڤان بێرگنی هۆڵەندی، كە پێشبینی ئەوەی كردبوو لە داهاتوودا مۆنت پێوەندیی بە یەكێك لە یانەكانی بەرشلۆنە یان ریاڵ مەدریدەوە دەكات، دوا و ئەوەی خستە روو، كە هیچ شتێك لەسەر داهاتووی روون نییە.
ئەو یاریزانەی یانەی چێڵسی، لە وەرزی 2017/2018ـدا بە شێوەی خواستن، لە یانە هۆڵەندییەكە یاریی كرد و 14 گۆڵی تۆمار كرد.
رۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێسی بریتانی، لێدوانی مۆنتی بڵاو كردووەتەوە، كە ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە لێدوانەكەی  بێرگنی بینیوە، نزیكییەتی یەكتریشیانی دووپات كردووەتەوە، كە پێوەندییەكی زۆر پتەویان لە نێواندایە و بە یاریزانێكی ناوازەیشی ناوبرد، بەڵام روونی كردەوە كە ئێستە كۆبیری لەسەر ئەوەیە كە لە یانەی چێڵسی جێگیر بێ، كە ساڵی یەكەمیەتی و نایەوێ لە ئێستەدا ریزەكانی بلوز جێ بهێڵیت. ئاماژەی بەوەیش كرد، كە یاری بە یاری سەرنجی دەخاتە سەر ئاست و چۆنیەتی یاریكردنی.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەو یاریزانە لە سەرەتای وەرزەوە 16 یاریی بۆ چێڵسی كردووە و 4 گۆڵی تۆمار كردووە و دوو گۆڵیشی دروست كردووە.

یانەی چێڵسی ئامانجەكانی ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئاشكرا كرد
ڕۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێسی بریتانی، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە یانەی چێڵسی بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانە، چەند یاریزانێكی خستووەتە بەرنامەوە.
مێدیاكە، ئەوەی خستووەتە روو، كە وێلفرێد زاهای یاریزانی ئیڤواری یانەی كریستیاڵ پاڵاس و تیمۆ فێرنەری یاریزانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی لە نێو لیستی داواكراوانی كارگێریی و دەستەی هونەریی یانەكەن.
ئەو پلانڕێژییەی چێڵسی، لە بارێكدا جێبەجێ دەبێ، ئەگەر قەدەغەی گواستنەوەی لەسەر هەڵبگێرێت.
لە هاوینی ڕابردوو، یانەی چێڵسی، هەوڵی گواستنەوەی یاریزانی، لێ قەدەغە كرا، ئەوەیش بە هۆی واژۆكردنی بۆندی نایاسایی، كە بۆ دوو ماوەی گواستنەوە ڕاگیرا، بەڵام سكاڵا و ناڕەزاییان بۆ هەڵگرتنی ئەو قەدەغەكردنە، لە دادگەی وەرزشی تۆمار كردووە.
رۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێس، ئەوەیشی روون كردووەتەوە، كە كارگێڕیی یانەی چێڵسی، ئامادەیە 150 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بخاتە كار بۆ دەستخستنی یاریزانان.
هاوكات مێدیا بریتانییەكە، ئەوەیشی خستووەتە روو، كە موسا دێمبڵی هێرشبەری یانەی لیۆن و چیلیۆیلی بەرگریكاری چەپی لیستەر سیتییش لەو یاریزانانەن كە ناویان دێ بۆ ئەوەی چێڵسی بۆندیان لەگەڵدا واژۆ بكات. وێڕای ئەوانە، یانەی چێڵسی، دەیەوێ بڕۆنۆ گیماری ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیكۆ پاراناینسی بەڕازیلیش بباتە ریزەكانییەوە.
لە 20ـی ئەم مانگەدا، هەوڵەكانی چێڵسی بۆ لابردنی قەدەغەی كڕینی یاریزانان، یەكلا دەبێتەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، یانەی چێڵسی بە 23 خاڵ لە 11 گەڕی پرێمەر لیگ، لە خانەی چوارەمی خولەكەدا دێت.

ئەگوێرۆ لە بارەی پێوەندیی لەگەڵ گواردیۆلا و ڕكەبەریی لیڤەرپوولەوە دەدوێ
سێرجیۆ ئەگوێرۆی ئەرژەنتینی هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی، كە یانەكەی ركەبەریی بەهێز بۆ بردنەوەی پرێمەر لیگ دەكات، ئەوەی خستە روو، پێوەندییەكی زۆر باش لە نێوان خۆی و گواردیۆلای راهێنەریدا هەیە، هەروەك باسیی ڕكەبەریی نێوان یانەكەی و لیڤەرپوولی كرد.
سەرەتا لە بارەی تۆپی زێڕینەوە، ئەوەی خستە روو، خۆشحاڵ بووە بەوەی ناوی لە لیستی كۆتاییدا هەبووە و بەوەی كە مێسی تۆپەكەی بردووەتەوە، خۆشحاڵ بووە.
لە بارەی پێوەندیی نێوان خۆی و پێپ گواردیۆلایشەوە، وتی: هەموو شتێك باش دەڕوات، زۆر گفتوگۆمان كردووە، لەوكاتەوەی هاتووەتە ئێرە یەكتر دەناسین، ئەو كاتەی بەشداری دەكەم هەموو هەوڵ و كۆششێك دەخەمە گەڕ، چونكە دەزانم گابرێل خسیۆس لە پشتەوەمە، ئەو هێرشبەرێكی خێرایە و گۆڵ تۆمار دەكات و بەردەوام هەلەكان دەقۆزێتەوە، ئەوە گەورەترین كێشەی پێپە، كە لە نێوان من و ئەودا، كێ بۆ یاریكردن هەڵبژێرێت.
لە بارەی ڕكەبەریی نێوان یانەكەی و لیڤەرپوول، ئەوەی خستە روو كە كلاسیكۆی ڕاستەقینە بۆ ئەوان، یاریی مانچستەر یونایتدە، لیڤەرپوولیش بەردەوام ركەبەرێكی بەهێزە.
ئەوەیشی وت، كە لە چوار ساڵی رابردوودا، لیڤەرپوول بووەتە تیپێكی بەهێز، تاكە تیپیە لەسەر بردنەوەی ناسناوەكە ڕكەبەری مان سیتی بكات.
بۆ بیرهێنانەوە، یانەی مانچستەر سیتی، لە لوتكەی گەڕی 12ـی پرێمەر لیگ، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو ڕووبەرووی یانەی لیڤەرپوول دەبێتەوە.

گاریس بەیڵ، بەشداریی یارییەكانی نۆڤێمبەر دەكات
یاریزانی وێڵزی گاریس بەیڵ، بۆ یارییەكانی ئەم مانگە ئامادە دەبێت و لەو رووەوە راین گیگزی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی وێڵز، ئەوەی خستە روو، لە ماوەی ڕاوەستانی نێودەوڵەتیدا، كە وێڵزیش یاری هەیە، بەیڵ لە لیستی یاریزانە پشتپێبەستووەكاندایە.
لە 16ـی ئەم مانگەدا، وێڵز لە چوارچێوەی گەڕی نۆیەمی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020 ڕووبەرووی ئازەربایجان دەبێتەوە. هاوكات دوای سێ رۆژ لەو یارییە، وێڵز و هاوەڵەكانی، رووبەرووی هەنگاریا دەبنەوە، كە دواگەڕی پاڵاوتنەكانە.
بۆ بیرهێنانەوە، گاریس بەیڵ، لەم ماوەیەی كۆتاییدا، بە پاساوی پێكان و نائامادەیی جەستەییەوە، بەشداریی یارییەكانی ریاڵ مەدریدی پێ نەكرا، بە تایبەت بە هۆی ئەو پێكانەی بەرانبەر گرانادا تووشی هات.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر