کانونی یەکەم 09, 2019

بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شكسته‌ ئابڕوچوونه‌كه‌ی لالیگای له‌ چامپیۆنزلیگ بكاته‌وه‌

ئه‌مرۆ له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ هه‌شت یاری به‌ڕێوه‌ ده‌چن، له‌ كاتژمێر 08:55 خوله‌كی شه‌و بارسێلۆنا له‌ كامپ نوو میوانداریی سلاڤیا پراگی چیكی ده‌كات، له‌ هه‌مان كات، زینت و لایپزیگ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، سه‌رجه‌م یارییه‌كانی دیكه‌ش له‌ كاتژمێر 11:00ـی شه‌و ده‌كرێن.

بارسێلۆنا ـ لیڤانتی
دوای ئه‌نجامه‌ چاوەڕواننەکراوەکەی لەم هەفتەیە بەرامبەر لیڤانتی لە لالیگا، ئەمجارەیان لە پێناو قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆڕانە دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگ هه‌مان سیناریۆی سه‌ركه‌وتنی له‌ یاری چوون به‌سه‌ر سلاڤیا پراگی میوانه‌كه‌ی دووباره‌ بكاته‌وه‌.
بارسا لە کۆی سێ یاری رابردوویان له‌ چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه‌، دوو بردنەوە و یه‌كسانبوونێكیان هەیە و بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ و بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ ئینتەر میلانی دووەمی کۆمەڵەی شەشەم لە پلەی یەکەم دێن.
بارسێلۆنا لە کاتێکدا لە کامپ نۆ پێشوازی لە سلاڤیا پراگ دەکات، هەردوو یانە جاری یەکەمە لە مێژوودا لەم یاریگەیە رووبەرووی یەکتری دەبنەوە، هەروەها کەتەلۆنیەکان دوایینجار کە لە یاریگەی خۆیان دۆڕا بن، ئه‌یلوولی ساڵی 2013 بوو، کاتێک لە یاری چوونی قۆناخی پێش کۆتایی بە بایرن میونشن دۆڕان، لەو کاتەوە 33 یاری دیکەیان لە یاریگەی خۆیان کردووە و تامی دۆڕانیان نەکردووە و 30 بردنەوە و سێ بەرامبەربوونیان هەبووە.
بارسا پێشتر پێنج جار رووبەرووی سلاڤیا براگ بووەتەوە و لە سه‌رجه‌م یارییەکانیش بردنەوەیان بەدەست هێناوە و لە کۆی ئەم یارییانەش 15 گۆڵیان کردووە و تەنها دوو گۆڵیان لێکراوە.
بارسێلۆنا بۆ ئەم یارییە لویس سوارێز گۆڵکارە ئۆروگواییەکەی بە هۆی پێکان له‌ده‌ستداوه‌، هەروەها هەر یەکە لە جۆردی ئالبا و ساموئێل ئۆمتیتی تاوەکو ئێستا چارەنوسیان بۆ یارییەکە یەکلایی نەبوتەوە.

دۆرتمۆند ـ ئینته‌ر میلان
لە یاریگەی سیگنال ئیدۆنا پارک یاری لوتکەی ئەم هەفتەی چامپیۆنزلیگ دەکرێت، لەو یارییەدا دۆرتمۆند لە کۆمەڵەی شەشەم میوانداریی ئینتەر میلان  دەکات.
ئینتەر میلان پێش ئەوەی لە یاری رابردوو بەرامبەر دۆرتمۆند بردنەوە بەدەست بێنێت، ریکۆردێکی خراپیان لە چامپیۆنزلیگ تۆمار كرد بوو، ئەم یانەیە حەوت یاری بوو‌ تامی بردنەوەی نەکرد بوو، بەڵام بە بردنەوەیان لە دۆرتمۆند، توانیان بگەرێنەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن.
ئینته‌ر میلان ئەمساڵ بۆ جاری سێزدەهەمە بەشداریی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەکەن، ئەو یانەیە لە وەرزی 2011 بۆ 2012 بە دواوە نەیتوانی بوو بەشداری چامپیۆنزلیگ بکاتەوە و وەرزی رابردوو دوای حەوت وەرزی جارێکی دیکە گەڕانەوە و بەشداریان لە قۆناخی کۆمەڵەکان کرد.
ئینتەر میلان لە دوایین چوار یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان تەنها یەک بردنەوەیان بەدەست هێناوە، ئەو بردنەوەیەش وەرزی رابردوو بوو، کاتێک توانیان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئایندهۆڤنی هۆڵەندی ببنەوە.
ئالێکسس سانچێز دیسان بە هۆی پێکان بەشداری یاری یانەکەی ناکات، لە بەرامبەر هەردوو بەرگریکارەکەی ئینته‌ر ئاساموا و دێ ئامبرۆسیۆ تاوەکو ئێستا چارەنوسیان بۆ یارییەکە یەکلایی نەکراوە.
زەردەواڵەکان لە 9 یاری رابردوویان لە یاریگەی خۆیان لە چوار یاری دۆڕاون و سێ یه‌كسانبوونیان هەیە و تەنها لە دوو یاری بردنەوەیان بەدەست هێناوە و دوایین بردنەوەشیان لە یاریگەیان خۆیان بەرامبەر مۆناکۆی فڕەنسی بوو لە ساڵی رابردوو.
هەردوو یانە پێشتر سێجار لە چامپیۆنزلیگ یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و ئینتەر میلان یارییەکی بردۆتەوە و لە یارییەکیش یه‌كسانبوون، ئەو دوو یانەیە دواینجار لە خولی ئەورووپا وەرزی 93 بۆ 94 یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە و هەر یەکەیان خاوەن بردنەوەیەکن.
بۆ ئەم یارییە مارکۆس رۆیس پێکانی هەیە، بەڵام پزیشکانی یانەکە لە هەوڵی ئەوەدان بۆ ئەم یارییە ئامادەی بکەن، لە بەرامبەردا شمێلزەریش پێکانی هەیە و تاوەکو ئێستا چارەنوسی یەکلا نەبۆتەوە.

چیڵسی ـ ئایاكس
چێڵسی به‌ سه‌ركردایه‌تی فرانك لامپارد میوانداریی نوێنه‌ره‌كه‌ی هۆڵه‌ندا ده‌كات، لامپارد لە یەکەم وەرزی راهێنەرایەتی کردنی چێڵسی، توانیویەتی هاوسه‌نگی یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ رابگرێت و ئاست و ئەنجامه‌كانی یانه‌كه‌ش به‌ره‌و هه‌ڵكشان ببات.
چێڵسی له دوایین‌ 7 یاری رابردوویان له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان، چوار یارییان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان کردووە و سێ یاریی لە یاریگەی خۆیان، بەڵام ئامار و ئه‌نجامه‌كانی ئەو یانەیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان باشتر بووە، بە جۆرێک لەو چوار یارییەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان کردووە، 3 بردنەوەیان بەدەست هێناوە، بە پێچەوانەوە لە سێ یارییەکەی یاریگەی خۆیان هیچ یارییەکیان نەبردۆتەوە.
دوایین بردنەوەی چێڵسی له‌ چامپیۆنزلیگ لە یاریگه‌ی ستامفۆرد بریدج ـی تایبه‌ت به‌خۆیان پێش 2 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو، ئەو کاتەی توانیان کاراباغی ئازەربایجانی بە شەش گۆڵی بێ وەڵام تووشی دۆڕان بکەن.
یانە لەندەنیەکە کۆمەڵێک یاریزانانیان پێکانیان هەیە، ئەوانیش لۆفتۆس چێک، رۆدیگێر، کریستێنسن و راس بارکلین، بەڵام ئەم دوو یاریزانەی کۆتایی لەوانەیە ده‌رفه‌تی بەشدارییان لە یارییەکە هەبێت.

لیڤه‌رپوول ـ خینك
لیڤه‌رپوول دوای بردنه‌وه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی له‌ پرێمه‌رلیگ، ئه‌مجاره‌یان له‌ چامپیۆنزلیگ میوانداریی یانه‌ی خینكی به‌لجیكی ده‌كه‌ن، لیڤەرپول دوای بردنەوەکەی یاری چوون بەرامبەر بە یانە بەلجیکەیە، لە پرێمەرلیگ سێ یاری لەسەر یەک بە ئەستەم بردۆتەوە و یاریزانەکانی ئەم یانەیە به‌ شه‌كه‌ت و هیلاكییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ یاریگه‌ی ئانفیڵد باوه‌ش بۆ خینك ده‌كه‌نه‌وه‌.
رێدز یەکەم یاری ئەم وەرزە بەرامبەر ناپۆلی تووشی دۆڕان بوون، بەڵام دواتر دوو یارییان لەسەر یەک بردەوە و بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی پێنجەمیان گرتووە.
لیڤەرپول لە دوایین 16 یاری رابردوو لە یاریگەی خۆیان تەنها لە یەک یاری دۆڕاون، ئەویش دۆڕانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید بوو لە ساڵی 2014، کاتێک لە قۆناخی کۆمەڵەکان یارییەکەیان بە سێ گۆڵی بێوەڵام دۆڕاند و لەو کاتەوە لە یاریگەی خۆیان نەدۆڕاون. هەروەها ئەم یانەیە لە شەش یاری رابردوو لە یاریگەی خۆیان 22 گۆڵیان تۆمار کردووە.
یۆرگن کلۆپ بەرێوەبەری هونەری لیڤەرپول لە 18 یاری رابردوویان لە تەواوی خول و پاڵەوانتیەکان تەنها یەکجار دۆڕاون، ئەویش بەرامبەر مانچێستەر سیتی بوو لە یاری كۆتایی جامی قەڵغانی خێرخوازی بوو. ئەمە دووەم یاری لیڤەرپولە بەرامبەر یانەیەکی بەلجیکی دوای ساڵی 2008، ئەو کات ئەوان لە یاریگەی خۆیان لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگ رووبەرووی ستاندارد لیاگ بوون و یارییەکەیان بە ئەستەم لێ بردەوە.
بۆ ئەم یارییە شێردان شاکیری یاریزانی سویسڕی لیڤەرپول بە هۆی پێکان بەشداری ناکات، هەروەها بێجگە لەم یاریزانە، جۆیل ماتیپی بەرگریکاری کامیرۆنیش بە هۆی ئەو پێکانەی هەیەتی ناتوانێت بەشداری بکات.

یارییه‌كانی دیكه‌
له‌ چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ناپۆلی ئیتاڵیا و رید بول ساڵزبۆرگی نه‌مسایی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ڤالێنسیا و لیل رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، یانه‌ی لیۆنیش میوانداریی بێنفیكا ده‌كات، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، یانه‌ی لایپزیگ دوای سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ بۆندزلیگا كه‌ به‌ 8 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد ئه‌مجاره‌یان له‌ چامپیۆنزلیگ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زینت گه‌شتی رووسیا ده‌كات.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler