کانونی یەکەم 10, 2019

سەرەڕای لێدوانەكەی مۆرینهۆ، ئارسناڵ دەیەوێ بیكات بە راهێنەری خۆی

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مانچستەر یونایتد بە ئاراستەی بەئامانجگیراوێكی لیڤەرپوول دەجووڵێ
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، دەیانەوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، بۆند لەگەڵ  تیمۆ ڤێرنەری یاریزانی یانەی لایپزیگ واژۆ بكات، كە پێشتریش یانەی لیڤەرپوول تەمای لێ ناوە و بە ئامانجی گرتووە.
كارگێڕیی یانەی لیڤەرپوول، لە هەوڵەكانی بەردەوام بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە، بە تایبەت كە دوای ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا بۆندەكەی بۆ پێوەندیكردن بە یانەی بایرن میونشنەوە سەرنەكەوت و بۆندەكەی بۆ چوار ساڵ لەگەڵ یانەی لایپزیگ نوێ كردەوە.
كارگێڕیی یانەی مانچستەر، دەیانەوێ ئەو بەئامانجیگراوەی لیڤەرپوول بڕفێنن و جێی ڕۆمێلۆ لۆكاكۆی پێ بگرنەوە، كە پێوەندی بە یانەی ئینتەر میلانەوە كردووە، بە تایبەت كە ئەم وەرزە تیمەكەیان لە رووی هێرشبەرییەوە لاوازە.
مان یوو، دەیانەوێ بە بڕەپارەیەكی زۆرتر، ئەو یاریزانە 23 ساڵانە ڕازی بكەن تا پێوەندییان پێوە بكا، بۆ ئەو مەبەستە شاندێكی بۆ چاودێریكردنی ئەو یاریزانە ناردووە، بە تایبەت كە لە 15 یاریدا 13 گۆڵی كردووە و 5 گۆڵیشی دروست كردووە.

سەرەڕای لێدوانەكەی مۆرینهۆ، ئارسناڵ دەیەوێ بیكات بە راهێنەری خۆی
هەرچەندە خۆزێ مۆرینهۆ، راهێنەری ناسراو، ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە شوێن و ناوی یانە و تیمی داهاتووی دەزانێ، بەڵام یانەی ئارسناڵ دەیەوێ وەك راهێنەری خۆی دەستنیشانی بكات.
رۆژنامەی تایمزی بریتانی، بڵاوی كردەوە، كە یانەی ئارسناڵ دەیەوێ لە شوێنی ئۆنای ئیمری، خۆزێ مۆرینهۆ بكاتە بژاردە و جێگرەوەی یەكەمی.
ئێستە رەخنەی زۆر لە ئیمری دەگیرێ، دوای ئەوەی لە سێ یاریی لەسەر یەكی پرێمەر لیگدا نەیتوانی سەركەوتن بە دەست بهێنێت و دواجار لەگەڵ یانەی وێڵڤەرهامپتۆن بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوو.
مێدیای ناوهێنراو، ئاماژەی بەوە كردووە، كە كارگێڕیی مان یوو، سەرەتای ڕێی گۆڕینی راهێنەریان گرتووەتە بەر، هەروەها مۆرینهۆیش شارەزا و ئاشنای خولی ئینگلیزییە و پێیان وایە بۆ دەستخستنی ئەنجامی باش پێویستی بە كات و خۆگونجان نییە، خۆیشی كارەكانی كارگێڕیی ئارسناڵی بەدڵە، بۆیە مۆرینهۆ بژاردەیەكی گونجاوە بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی تۆپوەشێنەكان، لە كاتێكدا ئارسناڵ ئێستە بە 17 خاڵ، خانەی پێنجەمی ڕیزبەندیی خولی ئینگلتەرای گرتووە.
پێش دوو ڕۆژ، خۆزێ مۆرینهۆ، ڕاهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، بۆ سایتی دەنگی راهێنەران، ئەوەی خستووەتە روو، كە هەموو شتێك لە بارەی داهاتووی خۆیەوە دەزانێ و لەو ڕووەوە كاروبارەكانی ڕوونن، چونكە پلانڕێژیی داهاتووی خۆی كردووە، بەڵام ئەوەی راگەیاند كە ناتوانێ ناوی یانە یان وڵاتەكە بهێنێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler