کانونی یەکەم 09, 2019

عەبدولقادر حوسێن، بە ڕاهێنەری یانەی شەقڵاوە دەستنیشان كرا

بۆ وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان، کە بڕیار وایە یارییەکانی لە ٢٧ ی ئەم مانگە دەست پێ بکات و بە یەک قۆناغ بەڕێوە بچێ، تیپی تۆپی پێی یانەی شەقڵاوە، پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی یانە پلە دووەکانی كوردستان، گرێبەستی لەگەڵ ڕاهێنەری ناسراوی شاری هەولێر (عەبدولقادر حوسێن) واژۆ کرد، ئەو ڕاهێنەرە بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی پلەیەك، ڕاهێنەرایەتیی یانەی شەقڵاوە دەکات و ئامانجیان ئەوەیە یانەکە بگەیەننە خولی نایابی کوردستان.

ئامانجی ڕاهێنەر و یانەکە چیە؟
لەسەر چۆنیەتیی پەیوەندیکردنی بە یانەی شەقڵاوەوە، عەبدولقادر حوسێن هەواڵی چوونی بۆ ئەو یانەیە، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر پشتڕاست کردەوە و گوتی: ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی شەقڵاوەم بۆ ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکان وەرگرتووە، تەنیا ڕاگەیاندنی فەرمی ماوە، هێمای بۆ ئەوەیش کرد، کە گرێبەستەکەی بۆ یەک ساڵ نییە، بەڵكوو بۆ یەک وەرزە ، تەنیا بۆ ئەو ١٣ یارییەیە کە شەقڵاوە ئەنجامی دەدات، کە بە ئامادەکاری و خولەکەیش نزیکەی ٤ مانگ دەخایەنێت.
گوتیشی ئامانجی من وەک ڕاهێنەر و دەستەی کارگێڕی یانەکەیش ئەوەیە، کە بتوانین ئەمساڵ تیپێک دروست بکەین و بتوانین ڕکەبەری لەسەر سەرکەوتن بۆ ڕیزی یانە نایابەکان بکەین، بۆ بەهێزکردنی تیپەکەیش داوای زیاتر لە ٥ یاریزانم کردووە تا پێکهاتەیەکی بە‌هێز دروست بکەین.
باسی ئەوەیشی کرد کە ئەوان ئەرکیان ئاسان نابێت، بە تایبەت کە لە ئێستادا یانەکە بەبارودۆخێکی دارایی سەختدا تێ دەپەڕێت، هەموو چاوی یانەکەیش لەسەر هاوکاری دارایی دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی شەقڵاوە و کەسانی دەوڵەمەندی ئەو شارەیە.
ئەو ڕاهێنەرە بەر لەدەستپێکردنی خولی یانە پلەیەکەکان و لە ڕێگەی ڕۆژنامەی هەولێرەوە، داوای هاوکاری لەبەرپرسان و هاندەرانی شەقڵاوە کرد کە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی یانەکە بکەن هانی بدەن، تا بتوانن ئەنجامێکی باش بە دەست بهێنن، کە شایەنی ناوی شەقڵاوە بێت.

پڕۆفایل:
عەبدولقادر حوسێن، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨ ی شاری هەولێرە و خاوەنی بڕوانامەی سی و بی ئاسیاییە و ٢٧ ساڵە ڕاهێنەرە، لە ماوەی کارکردنی وەک ڕاهێنەر، لە هەریەک لە یانەکانی پێشکەوتن، پێشمەرگەی هەولێر، هەولێر، ئارارات، ئاڵا لە تیپەکانی پێشکەوتووان و لاوان ڕاهێنەر بووە.
گرینگترین دەستکەوتەکانی وەک ڕاهێنەر، دوای دروستبوونی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، ئەو یانەیەیەی گەیاندووەتە ڕیزی یانە نایابەکان، لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ یانەی ئارارات بووەتە پاڵەوانی خولی پلە یەکی عێڕاق و یانەی ئاراراتی گەیاندووەتە ڕیزی یانە نایابەکانی عێڕاق. لەگەڵ لاوانی هەولێر لە خولی لاوانی یانەکانی كوردستان و ناوچەی باکووری عێڕاق، بەشدارییان کردووە پلەکانی چوارەم و پێنجەمیان بە دەست هێناوە.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler