تشرینی دووەم 20, 2019

هه‌وڵی ڕامۆس بۆ شكاندنی ڕیكۆرده‌ مێژووییه‌كانی كۆمان و پاساریانە

سێرجیۆ ڕامۆس، كاپتنی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید و هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بووه‌ته‌ خاوه‌ن ڕیكۆردیزۆرترین یاریی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا و ئێستا چاوی بڕیوه‌ته‌ شكاندنی ڕیكۆرده‌كانی تر.

به‌ پێی هه‌واڵی رۆژنامەی ماركا، سێرجیۆ ڕامۆس 168 یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا ئه‌نجام داوه‌، هه‌ر بۆیه به‌ر له‌ یاریی ڕیاڵ مه‌درید و لێگانێس له‌ بێرنابیۆ ستاییشی كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌موو خه‌ونه‌كانی ڕامۆس نییه‌.
ڕامۆس به‌رانبه‌ر به‌ لێگانس توانی یه‌كه‌م گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ی خۆی به‌ لێدانی سزا تۆمار بكات. لێدانی یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن گۆڵچییه‌وه‌ گیرایه‌وه‌، به‌ڵام ناوبژیوان فه‌رمانی لێدانه‌وه‌ی دا و كاپتن ڕامۆس دووه‌م لێدانی به‌ جوانی گۆڵكرد. به‌و شێوه‌یه‌ ئێستا ڕامۆس له‌ 16 وه‌رزی به‌دوای یه‌كدا له‌ لالیگا گۆڵی تۆماركردووه‌.
ڕامۆس وه‌كوو یاریزانی تۆپی پێ، سه‌ره‌تا له‌ تیپی دووه‌می سڤیلیا و له‌ وه‌رزی 2003-2004 و خولی پله‌ی سێی ئیسپانیا ده‌ستی به‌ یاریكردن كرد و دوای ساڵێك خۆی گه‌یانده‌ پێكهاته‌ی یه‌كه‌می یانه‌ی سڤیلیا.
ڕامۆس له‌ ساڵی 2005ـه‌وه‌ بۆ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید یاری ده‌كات و له‌ هه‌ر 16 وه‌رزدا گۆڵی تۆماركردووه‌ و له‌م ڕووبه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مێسی، پاكۆ خنتۆ، ئه‌دلادرۆ رۆدریگز، ئێریكا كۆیار و ڕائۆڵ كینی یه‌كسانه‌. سه‌رووتر له‌م یاریزانانه‌، خواكین ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بێتیسه‌ كه‌ له‌ 17 وه‌رزی به‌دوای یكدا گۆڵی تۆمار كردووه‌. له‌ 17 وه‌رزه‌كه‌ی خواكین، پازده‌یانی له‌ لالیگا، و دوو وه‌رزی له‌ ئیتاڵیا بووه‌. ڕیكۆرد له‌ده‌ست پیرۆ گاینسا له‌ یانه‌ی ئه‌تلتیكۆ بیلبائۆیه‌ به‌ 19 وه‌رز گۆڵ تۆماركردنی به‌دوای یه‌كدا.

زۆرترین گۆڵ وه‌كوو یاریزانی هێڵی به‌رگری له‌ لالیگا
ڕامۆس تا ئێستا توانیویه‌تی 62 گۆڵ له‌ لالیگا تۆمار بكات و له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر له‌ پاش فێرناندۆ هیێررۆیه‌ كه‌ 104 گۆڵی تۆمار كردووه‌. هه‌ڵبه‌ت 44 گۆڵی له‌كاتێكدا تۆمار كرد كه‌ له‌ هێڵی ناوه‌ڕاست بۆ یانه‌ی ڕێاڵ مه‌درید یاری ده‌كرد. هیه‌رۆ له‌ وه‌رزی 1991-1992 21 گۆڵی تۆمار كرد. له‌م 104 گۆڵه‌ی، 22 گۆڵی به‌ لێدانی سزا تۆماركردووه‌.
ڕامۆس، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ی دووه‌م و گه‌یشتن له‌ ڕۆناڵد كۆمانی یاریزانی پێشووی هێڵی به‌رگری یانه‌ی بارسێلۆنا، كارێكی ئاسانتری له‌پێشه‌. كۆمان به‌ شێوه‌ی گشتی 67 گۆڵی له‌ لالیگا و بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا تۆماركردووه‌ كه‌ 46 گۆڵی به‌ لێدانی سزا تۆمار كردووه‌.
له‌ یاریزانانی هێڵی به‌رگری ئێستای جیهان، هیچكه‌س له‌ ئاستی ڕامۆسدا نییه‌. نالدۆ له‌ یانه‌ی مۆناكۆ 36 گۆڵی تۆمار كردووه‌ و كۆلارۆڤ له‌ یانه‌ی ڕۆماش 31 گۆڵه‌یه‌.

خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا
ڕامۆس له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپاشدا 12 گۆڵه‌یه‌. دوایین گۆڵی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ یانه‌ی برۆژ تۆمار كردووه‌. ڕامۆس له‌م ڕوویه‌وه‌ چوار گۆڵی كه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌وه‌ ڕۆبێرتۆ كارلۆسی 16 گۆڵه‌. هه‌روه‌ها جێرارد پیكه له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ 14 گۆڵ له‌ پێش ڕامۆسی ڕیالییه‌.

تۆماركردنی گۆڵ له‌ یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا
ڕامۆس 21 گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا تۆمار كردووه‌ و ته‌نیا به‌ گۆڵێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ دانیێل پارسیا یاریزانی هێڵی به‌رگری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین یه‌كسان ده‌بێت. پاساریا له‌ ده‌یه‌ی 70 بۆ 80ـی سەدەی ڕابردوو بۆ ئه‌رژه‌نتین یاریی ده‌كرد. ڕامۆس به‌ 125 بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ڕێكۆردی زۆرترین بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ناوه‌.

 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler