تشرینی دووەم 20, 2019

هەولێر میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، نەورۆز و زاخۆیش لە یارییەکی بەهێزدا بەیەک دەگەن

بە ئەنجامدانی شەش یاری سبەی هەینی یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەم وەرزە خولی نایابی لاوانی کوردستان بەبەشداری ١٢ یانە دەبێت و یارییەکانیش بەیەک قۆناغ ئەنجامدەدرێن، بەجۆرێک هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەکات، لە گرنگترین یارییەکانی ئەم گەڕەیشدا هەولێر میوانداری پێشمەرگەی هەولێر دەکات، نەورۆز و زاخۆیش یاری لوتکە دەکەن.

بارودۆخی یانەکان پێش یارییەکانی گەڕێ دووەم
بەهۆی ئەوەی یارییەکانی خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچن و هەر یانەیەک ١١ یاری دەکات، بۆیە هەموو یارییەکان گرنگ و چارەنوسسازن بۆ یانەکان، ڕکەبەرییەکی بەهێزیش لەنێوان یانەکان هەیە بۆ بوون بە پاڵەوانی خولەکە.
لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەدا و لە یاری لوتکەدا یانەی نەورۆز کە وەرزێ ڕابردوو تا دواین گەڕەکان لە خانەی یەکەم بوو میوانداری یانەی زاخۆ دەکات کە یەکێکە لە بەربژێرەکانی بوون بە پاڵەوانی خولەکەیە، نەورۆز لە یاری یەکەمدا لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر توشی شکست بوو، یانەی زاخۆیش لەسەر یاریگەی خۆی لە ئاڵای بردەوە.
لە یارییەکی تردا یانەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو، میوانداری لاوانی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، هەولێر بۆ پارێزگاری لە ناسناوەکەی گەرەکیەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پێشمەرگەی هەولێریش دوای بردنەوەی یاری یەکەم دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یانەی هەندرێنیش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری پێشمەرگەی سلێمانی دەکات، هەندرێن لەگەڵ سیروانی نوێ دۆڕاوە، پێشمەرگەیش لەگەڵ هەولێر یەکسان بوو، هەر لەشاری هەولێر یانەی ئاڵا بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی یاری یەکەمی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی شێروانە دەکات کە لە یاری یەکەمدا لە سیروانی شارەزووری برد بۆوە.
لە یارییەکی تریشدا دوو میوانەکەی ئەم وەرزە لە شارەزوور بەیەک دەگەن، سیروانی شارەزوور و کۆیە کە وەرزی ڕابردوو سەرکوتن بۆ خولی لاوانی نایاب، لەم گەڕەدا لەگەڵ یەکتر یاری دەکەن.
لە دواین یاریشدا لەشاری دهۆک لاوانی زێرەڤانی میوانداری یانەی سیروانی نوێ دەکات.
خشتەی یارییەکانی گەڕی دووەم بەم شێویە دەبێت:
هەولێر- پێشمەرگەی هەولێر
هەندرێن - پێشمەرگەی سلێمانی
ئاڵا - شێروانە
زێرەڤانی - سیروانی نوێ
سیروانی شارەزوور - کۆیە
نەورۆز - زاخۆ

 

ئەسكەندەر

© 2017 Hawler