تشرینی دووەم 20, 2019

گاریس بەیڵ، دوابڕیاری داوە و چوونە خولی چینی تاوتوێ دەكاتەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بەڕازیل و ئەرژەنتین لە ناوەڕاستی مانگی دادێ یارییەكی دۆستانە ئەنجام دەدەن
لە 15ـی نۆڤێمبەری دادێ، یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەرژەنتین لە یاریگەی شا سعود لە سعوودیە بەڕێوە دەچێ.
لە ماوەی داهاتووی خولەكان و ڕۆژی فیفادا، هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەرژەنتین، رووبەرووی یەك دەبنەوە، چاوەڕێیش دەكرێ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە تەواوی پێكهاتەی سەرەكییەوە یاری بكات و هەریەك لە مێسی و ئەگوێرۆیش بەشداری بكەن.
یارییەكە لە كات هەشتی ئێوارە، بە كاتی مەككەی سعوودییە ئەنحام دەدرێ.
لە ساڵی رابردوویش هەردوو هەڵبژاردە، لە چوارچێوەی پاڵەوانیەتیی دۆستانەی چوارینەدا لە هەمان وڵات رووبەرووی یەك یارییان كرد و بەڕازیل بە گۆڵێكی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە، كە جواو میراندا تۆماری كرد.
دوایاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەیش، لە یۆلیۆی ڕابردوو بوو، كە یاریی كۆتایی كۆپا ئەمەریكا بوو و بەڕازیل بە دوو گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە، كە فێرمینۆ و خیسۆس گۆڵەكانیان كرد.
هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەرژەنتین، بە دوو سەرسەختترین ڕكەبەر لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكانی جیهان دادەنرێن و یاریی نێوان ئەو دوو تیمە، بە یاریی كلاسیكۆ دادەنرێ.

هازارد، پشتپەردەی بۆند و گواستنەوەی بۆ ریاڵ مەدرید ئاشكرا دەكا
ئەستێرەی بەلژیكیی یانەی ریاڵ مەدرید ئیدین هازارد، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە دوای كۆتاهاتنی مۆندیالی 2018ـی ڕووسیا، لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید قسەی كردووە و پێرێز پێی وتووە كە ئەوان هەوڵ دەدەن بۆندی لەگەڵدا ببەستن و بیبەنە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
ئەو یاریزانە 28 ساڵانە، لە هاویندا لە یانەی چێڵسیی ئینگلیزییەوە رووی لە یانەی ریاڵ مەدرید كرد، دوای ئەوەی 7 ساڵی لە خولی ئینگلتەرادا بەڕێ كرد.
هازارد، بۆ ڕۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێسی بریتانی وتوویەتی: "كۆرتوا بەردەوام پێی دەگوتم، كە ریاڵ مەدرید باشترین یانەیە، ئەو كەسێكە باش دەیناسم و متمانەم پێیەتی."
هازارد، ئەویەشی خستووەتە روو، كە لە دوای كۆتاهاتنی مۆندیالی ڕووسیاوە، ویستوویەتی بچێتە ریاڵ مەدرید و ئەو بڕیارەی داوە.
ئیدین، تیشكی خستە سەر ئەوەی، نەدەكرا ساڵێكی دیكەیش لە چێڵسی بمێنێتەوە، بۆیە ئەمە رووی دا، چێڵسی لە ئارەزووەكەم گەیشت و ڕێی پێ دام كە ئەو یانەیە جێ بهێڵم.
هازارد، ئەوەیشی باس كردووە، كە دوای گفتوگۆی لەگەڵ لۆكا مۆردیچ، هەستی بەوە كردووە، كە هەموو كەسێك دەیەوێ ئەو لە ریاڵ مەدرید ببینێ و دواجار ئەوە پێك هات.
بۆ بیرهێنانەوە، هازارد لە 7 یاریی ریاڵدا بەشداریی كردووە و گۆڵێكی تۆمار كردووە و دوو گۆڵیشی دروست كردووە.

گاریس بەیڵ، دوابڕیاری داوە و چوونە خولی چینی تاوتوێ دەكاتەوە
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، ئەوەیان دووپات كردەوە، كە یاریزانی وێڵزی گاریس بەیڵ، جارێكی دیكە بیرۆكەی چوونە خولی چین تاوتوێ دەكاتەوە.
ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە پێوەندیی نێوان بەیڵ و زیدانی راهێنەری زۆر خراپە، پێكانەكەی ئەم دواییەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی، ئەو پێوەندییەی خراپتر كرد، بە هۆی پشتپێنەبەستنی لە یارییەكاندان ئەمەیش ئەگەری نەمانی لە یانەی ریاڵ مەدریدی زیاتر كردووە.
هەرچەندە تیمی پزیشكی ریاڵ مەدرید، هۆشدارییان دابووە زیدان بەوەی لە یاریی بەرانبەر كڵۆب برۆج بەشداری پێ نەكرێ لە ترسی پێكان و زیدانیش ئەوەی خستە روو كە بە هۆی كێشەی توانای جەستەییەوە بەشداری بە ڕۆدڕێگز و بەیڵ نەكردووە، بەڵام بەیڵ پێی وایە بەشدارینەكردنی، سزادانە و ئەویش بەرگەی ئەو سزادانە ناگرێ و بە بریكارەكەی (جۆناتان بارنێت)ـی وتووە هەوڵ بدا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا لە ریزەكانی شایانەدا نەمێنێت.
رۆژنامەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، كە بەیڵ پێوەندی بە یانەی شانگەهای شینهواوە دەكات، كە پێشتریش هەوڵی دەستخستنی بەیڵی دابوو، بەڵام لەسەر هەندێ بابەتی پێوەند بە بڕەپارەی بۆند و مووچەوە لەگەڵ ریاڵ مەدرید نەگەییشتنە ڕێككەوتن.
بەیڵ، لە شەش وەرزدا، بە هۆی 26 پێكان و هەندێ هۆی دیكەوە، بەشداریی 53%ـی یارییەكانی یانەكەی كردووە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler