تشرینی یەکەم 17, 2019

ئەمڕۆ قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق لە سلێمانی بەڕێووەدەچێت

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق بەڕێوە دەچێت، کە یانەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی هەموو تەمەنەکان بەشدارن و ژمارەیان ١٦ یانەیە، پاڵەوانیەتیەکە لە ڕێگەی دووکانیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەم پاڵەوانیەتیە چوار قۆناغ بوو، یانە یەکەمەکانی ئاستی پێشکەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتوان و کچان بەشداری پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی دەکەن، کە بڕیار وایە لە مانگی ١١ لە وڵاتی مسڕ بەڕێوەبچێت.

شازدە یانە ڕکەبەری پلەکانی پێشەوە دەکەن
پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق ساڵانە بەڕێوەدەچیت، ئەمساڵ قۆناغی یەکەم لە شاری کەربەلا بەڕێووەچوو، دواتریش قۆناغەکانی دووەم و سێیەم لە شارەکانی دهۆک و دیوانیە ئەنجامدرا، ئەمڕۆ کۆتا قۆناغی پاڵەوانیەتیەکە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دواتریش لە مەڕاسیمێکدا خەڵات بەسەر یاریزانان و یانە سەرکەوتووەکان دابەش دەکرێت.
یانەکان ئەم قۆناغە ئەوانەن کە گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی و کێبڕکێی بەهێز دەکەن، تا ئێستا لەسەر ئاستی پێشکەوتوان، یانەکانی سناعە و کۆیە و هەولێر لە ڕکەبەریدان، لە ئاستی لاوان یانەکانی ئامێدی و ئەولاد ڕاجی و نەجدە کێبڕکێ دەکەن، لە ئاستی تازەپێگەیشتوان ئەولاد ڕاجی ئاسۆ و ڕافیدەین، وە لەسەر ئاستی کچانیش یانەکانی سناعە و برایەتی و نەورۆز، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش و پلەی یەکەم دەدەن.
پاڵەوانیەتی ناوچە شاخەوییەکانیش دەکەنەوە
دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناغی کۆتایش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر (موسا موحسین) جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق، بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: پاڵەوانیەتیەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ڕێگەی دووکانیان بەردەوام دەبێت و ١٦ یانە بەشدارن، ئەم پاڵەوانیەتیە جگە لەوەی قۆناغی کۆتاییە، ئامادەکاریشە بۆ پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی، کە لە مانگی ١١ لە وڵاتی مسڕ بەڕێوەدەچێت، یەکەمەکانی هەرچوار ئاستی تەمەنەکان بەشداری پاڵەوانیەتیەکە دەکەن و کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ سەرکەوتووەکان دەکەینەوە، لەهەر ئاستێک ٦ یاریزان هەڵدەبژێرین و بەشداری پاڵەوانیەتیەکە دەکەن کە کۆی گشتی یاریزانەکان دەبێتە ٢٤ یاریزان.
گوتیشی پاڵەوانیەتی ناوچە شاخەوییەکانیشمان هەیە بە پایسکیل، کە لە ١٧ ی ئەم مانگە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، کە ئەمە بۆ یەکەمین جارە دەکرێت، دوای پاڵەوانیەتیەکە ٦یاریزان هەڵدەبژێدرێن بۆ پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبی کە لە ٢٧ ی ئەم مانگە لە وڵاتی تونس بەڕێوەدەچێت.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە ئەوان وەکو فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق بەردەوام دەبن لە کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکان، پاڵەوانیەتی ناوچە شاخەوییەکانیش کە بۆ یەکەمجار ئەمساڵ دەکرێت، خستمانە ناو پلانی ساڵانەی پاڵەوانیەتیەکانی پایسکیلسواری و بوودجەی تایبەتی بۆ دابینکراوە و ساڵانە ئەم پاڵەوانیەتیە بەردەوام دەکەینەوە و گرنگیەیکی زۆری هەیە و پاڵەوانەکانی بەشداری پاڵەوانیەتی عەرەبی دەکەن.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler