تشرینی یەکەم 17, 2019

ڤان دایك: پێشكەوتنەكانی ئێستەمان نابنە پێوەری بردنەوەی ناسناوەكە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

هۆكاری نەگواستنەوەی دیبالا بۆ ئینتەر میلان
راپۆرتی مێدیا ئیتاڵییەكان، ئاماژەی بە هۆكاری شكستی گواستنەوەی پاولۆ دیبالا لە یوڤێنتوسەوە بۆ ئینتەر میلان كردووە.
لە هاوینی رابردوو، ناوی دیبالا وابەستەی گواستنەوە بۆ یانەی مانچستەر یونایتد، یان بۆندێكی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئینتەر میلان كرا، بەڵام سەرنەكەوت و ئیكاردی دواجار بە شێوەی خواستن چووە پاریس و دیبالایش مایەوە.
سایتی كاڵچیۆ مێركاتۆ، بڵاوی كردووەتەوە، كە دیبالا نەیویستووە یوڤێنتوس جێ بهێڵێت، هەرچەندە لە سەرەتای وەرزەوە لە دەرەوەی پلان و بەرنامەی راهێنەر ماوریسیۆ سارییەوە بوو.
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە ئینتەر میلان زۆر لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ دیبالا نزیك بوو، بەڵام لە كۆتاییدا گفتوگۆكان وەستان و ئیكاردی چووە پاریس سانت جێرمان و دیبالا لە ریزەكانی یوڤیدا مایەوە.
دیبالا، دواجار بە تواناكانی خۆی، توانی ساری بهێنێتە بڕوا و یاریی پێ بكا، گۆڵی بردنەوەی یوڤیشی لە ئینتەر تۆمار كرد، كە یارییەكەیان 2-1 گۆڵ بردەوە.

بنزیما بۆندەكەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید نوێ دەكاتەوە
هێرشبەری فەرەنسی كەریم بنزیما، ئێستە ئاستی لە یانەی ریاڵ مەدرید بەرز بووەتەوە، بۆیە بۆندەكەی نوێ دەكرێتەوە.
سایتی لۆ تێن سپۆرتی فەرەنسی، بڵاوی كردەوە، كە دوای ئەوەی لەم وەرزەدا كەریم بنزیما لە ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، مێرینگی بۆندەكەی تا ساڵی 2022 نوێ دەكاتەوە.
رۆژنامەنووس ئیدواردۆ ئیندا، لە بەرنامەی چیرینجیتۆدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە بە كردار بنزیما بۆندەكەی لەگەڵ ریاڵ مەدریددا نوێ كردووەتەوە، كە بۆ ساڵێكە و بەو جۆرە تا یۆنیۆی 2022 لە ریزەكانی ئەو یانەیەدا دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی پارە و پادداشتی زێدە، گفتوگۆ و دانوستانی دیكە لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەیدا دەكات، كە ئێستە ساڵانە لە نێوان 9 بۆ 11 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

ئارنۆڵد، پەسنی لیۆنێل مێسی دا و باشترین راهێنەریشی دیاری كرد
ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئەلێكسەندەر ئارنۆڵد، پەسنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرژەنتینی دا.
ئارنۆڵد، ئەوەی خستە روو، كە لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهانە لە ئێستەدا، هەروەها باشترین یاریزانە كە رووبەرووی بووبێتەوە.
ئارنۆڵد، ئەوەی خستە روو، كە مێسی لە ئێستەدا باشترینی جیهانە، چونكە كاری سەرئاسا دەكا لە تۆپی پێدا، ئەو یاریزانێكی تەواو و بێ كەموكورتییە، شتی وا لە تۆپی پێدا دەكا كە شرۆڤە هەڵناگرێت، باشترین یاریزان كە بەرانبەری یاریم كردبێ، ئەوە، یاریكردن بەرانبەر ئەو، زۆر ئەستەم و ئاڵۆزە.
هەروەها لە بارەی باشترین راهێنەرەوە، ئەوەی خستە روو كە یۆرگن كڵۆپ باشترین راهێنەرە، كە ئەویشی فێری زۆر شت كردووە، فێری ئەوەت دەكات چۆن ببیتە یاریزانێكی پیشەگەر.
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولدا، ئارەزوو و تەمای ئەوەیە ناسناوی گەورەتر بباتەوە.
بۆ زانین، ئاڕنۆڵد، یاریزانێكی گرینگی پێكهاتەی یانەی لیڤەرپوولە، كە وەرزی رابردوو بوونە دووەمی پرێمەر لیگ و چامپیۆنس لیگیشان بردەوە، خۆشحاڵیشی دەربڕی كە سەرەتای لەو یانەیە، ئەو ناسناوەی بردووەتەوە.

ڤان دایك: پێشكەوتنەكانی ئێستەمان نابنە پێوەری بردنەوەی ناسناوەكە
ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول ڤێرجێل ڤان دایك، ئەوەی خستە روو كە ئەم وەرزە ڕكەبەریكردن لەسەر ناسناوی پرێمەر لیگ، زۆر ئەستەم و گرانە، بەو پێیەی گەڕبەگەڕ ركەبەرییەكان زیاتر دەبن.
هەرچەندە سەرەتایەكی باشیان لە پرێمەر لیگ هەیە، بەڵام ڤان دایك پێی وایە ركەبەرییەكە درێژە و زۆری ماوە و ئەم پێشكەوتنەی ئێستە پێوەر نییە.
وتیشی: ڕكەبەرییەكان بە تێپەڕبوونی گەڕەكان، زیاتر دەبن، لە ئینگتەرا گووشاری یارییەكان لە هەر خولێكی دیكە زیاترە لەگەڵ تێپەڕبوونی گەڕەكان و كاتی خولەكە، بۆیە ئێستە ناتوانین لە بارەی بەربژێرەكانی بە پاڵەوانبوونی خولەكەوە بدوێین.
بۆ زانین ڤێرجیل ڤان دایك، یەكێك لە گرینگترین یاریزانانی یانەی لیڤەرپوولە و لەگەڵ یانەكەیدا ناسناوی چامپیۆنس لیگی بردووەتەوە و دووەم باشترینی زەبێستی ئەمساڵ بوو.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler