تشرینی یەکەم 17, 2019

كریستیانۆ رۆناڵدۆ: تۆپی زێرین، تاكەفاكتەری سەركەوتنمە بەسەر مێسیدا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ: تۆپی زێرین، تاكەفاكتەری سەركەوتنمە بەسەر مێسیدا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە لێدوانێكدا، گرینگیی تۆپی زێرینی لە یەكلاكردنەوەی ململانێ و ڕكەبەریی باشترین یاریزان لە نێوان خۆی و مێسی، خستە روو.
هێرشبەرە پورتوگالییەكەی یانەی یوڤێنتوس، ئەوەی دووپات كردەوە، كە پێویستی بەوەیە ژمارەیەكی زۆری تۆپی زێڕین بباتەوە، تا بەسەر گۆڵكەر و ئەستێرەی بەرشلۆنە و ئەرژەنتینی لیۆنێل مێسیدا سەربكەوێت، لە كێبەركێی باشترین یاریزاندا لە جیهان.
ئەو گوتانەی رۆناڵدۆ، لە كاتێكدایە كە رۆناڵدۆ خاوەن هەمان ژمارەی مێسییە لە رووی تۆپی زێڕینەوە.
كریستیانۆ، بۆ ئای تیڤی، رایگەیاندووە: دەستكەوتێك كە دەمكاتە ژمارە یەك، بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕینە، دەمەوێت ببمە ئەوەی زۆرترین جار لە مێژوودا ئەو خەڵاتە ببەمەوە،پێیشم وایە ئەمە بە دەست دەهێنم.
وتیشی: پێشتریش وتوومە، مێسی یاریزانێكی ناوازەیە و مێژووی تۆپی پێیە، بەڵام پێم وایە ئەگەر من خەڵاتی شەشەم، یان حەوتەم و هەشتەمی تۆپی زێڕین ببەمەوە، لەو بڵندتر دەبم. بێ هیچ گومانێك، مێسی سەرسەختترین ڕكەبەری منە، من خۆشم بە ژمارە یەكی مێژووی تۆپی پێ دەزانم، هەندێ كەسیش كە كەسی تر بە باشتر دەبینن و من لە پلەی دووەم دادەنێن، جێی بایەخم نییە.

ریاڵ مەدرید، لە بارەی ئمباپێوە لەگەڵ پاریس گەییشتە بڕیاری كۆتایی
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، بۆندی یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان "كیلیان ئمباپێ"ـی یەكلا كردەوە، كە لە سەرەتای وەرزی دادێوە درێسی یانەی بلانكۆس دەپۆشێت.
بە پێی بەرنامەی چێرنجیتۆی ئیسپانی، ریاڵ مەدرید، ڕازی بووە كە مووچەی ساڵانەی 35 ملیۆن یۆرۆ بدات بەو یاریزانە 20 ساڵانە، لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆی دیكە وەك زێدەپارەی گرێدراو بە ناسناو و دەستكەوتەكان، كە گرینگترینیان چامپیۆنس لیگە.
بەهای بۆندەكەیشی دەگاتە 225 ملیۆن یۆرۆ، كە 50 ملیۆن یۆرۆی دیكەیش گۆڕانی بەسەردا دێ و كۆی گشتی 275 ملیۆن یۆرۆیە، بەو جۆرە دەبێتە بەهادارترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان و لەسەر نێیماردا سەر دەكەوێ، كە بەرانبەر 222 ملیۆن یۆرۆ، لە ساڵی 2017ـدا لە یانەی بەرشلۆنەوە ڕێی یانەی پاریس سان جێرمانی گرتە بەر.
راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژەیان بەوە كردووە، كە بەرشلۆنەیش خواستی وابوو، نێیمار پاشگوێ بخات و بۆند لەگەڵ ئمباپێدا واژۆ بكات، تا جێی مێسیی بۆ بگرێتەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، ئمباپێ، ئەوكاتەی لەگەڵ مۆناكۆ ئاستی هەڵكشا، لە 2017ـدا نزیك بوو لەوەی پێوەندیی بە یانەی ریاڵ مەدریدەوە بكات، بەڵام پێوەندیكردن بە یانەی پاریس سان جێرمانی پێ باشتر بوو.

پێشهاتی ئەرێنی لە پێكانەكەی ئەلبادا بینرا
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، ئاشكرایان كرد، كە پێشهاتی ئەرێنی لە پێكانەكەی جۆردی ئەلبادا بینراوە، كە لە نیوەی یەكەمی یاریی نێوان یانەكەی و بوڕوسیا دۆرتمۆند، لە گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكان رووبەرووی یەك بوونەوە، تووشی هات.
رۆژنامەی ئاس، بڵاوی كردەوە، كە پشكنینی سەرەتای بۆ كردەوە، كە هیچ پچڕان و پێكانێكی ماوەدرێژی تووش نەهاتووە، بۆیە گەڕانەوەی بۆ یاریگەكان دواناكەوێت.
بە پێی پشكنینەكان، ئەو یاریزانە لە ماوەی نێوان 10 رۆژ تا دوو هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێت، بەو پێیە كاتێك یانەكەی رووبەرووی گرانادا و ڤیا ریاڵ دەبێتەوە، یاری ناكات، ئەگەری هەیە بۆ یاریی بەرشلۆنە بەرانبەر خیتافیش نەتوانێ بەشدار بێ، بەڵام بۆ یاریی یانەكەی بەرانبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنس لیگ، بەرهەڤ دەبێت.

© 2017 Hawler