ئەیلول 21, 2019

ململانێی ریاڵ و یوڤی لەسەر پۆگبا، بۆ هاوینی دادێ هەڵگیرا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ململانێی ریاڵ و یوڤی لەسەر پۆگبا، بۆ هاوینی دادێ هەڵگیرا
ركەبەری و ململانێی نێوان هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی، لە بارەی دەستخستنی پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتدەوە، بۆ هاوینی دادێ دواخرا.
سایتی لۆ تێن سپۆرتی فەرەنسی، بڵاوی كردەوە، كە یانەی یوڤێنتوس، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، هەوڵی دەستخستنی پۆگبای دا، بەڵام ئەوەی بۆ نەكرا و هاوینی دادێ ئەو هەوڵەی دەست پێ دەكاتەوە، لەو بارەدا گورزێكی گەورە لە ریاڵ مەدرید دەدا، كە نیازی هەمان كاری هەیە.
پۆگبا، ئەستێرەی دیاری فەرەنسی، ئارەزووی خۆی بۆ جێهێشتنی ئۆڵدترافۆرد پیشان دابوو و خواستی چوونیشی بۆ مەدرید نەشاردەوە، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو نەبوو و لە ریزەكانی مان یوودا مایەوە، بەو هۆیەوەی یانەی ریاڵ مەدرید نەیتوانی مەرج و خواستەكانی یانە ئینگلیزییەكە جێبەجێ بكات.
رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، بڵاوی كردبووەوە، كە یانەی یوڤێنتوس بیر لەوە دەكاتەوە هاوینی دادێ پۆگبا بباتە ریزەكانییەوە، كە پێشتر ماوەی 4 ساڵ لە ریزەكانیدا بوو، بەو پێیەی ركەبەری دەكەوێتە نێوان هەردوو یانەی یوڤی و شایانە، بۆ چنگخستنی ئەو یاریزانە، ئەمە لە كاتێكدا دەبێ، مانچستەر یونایتدیش هەوڵی ئەوە دەدا، پۆگبا بهێنێتە بڕوا، كە بۆندەكەی نوێ بكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی، بڵاوی كردووەتەوە، كە مانچستەر یونایتد، پێوەندیی بە مینۆ ڕایۆلای بریكاری پۆگباوە كرد، تا بزانێ پۆگبا تا چەند ئامادەی مانەوەیە لە مان یونایتد، چونكە بەشێكی چاودێران، پێیان وایە پۆگبا خواستی زۆری دەرچوونی لە مان یوونایتد هەیە، بەو هۆیەوەی ماتیۆس، برای ئەو یاریزانە، لە زۆر بۆنە و كاتدا، ئەوەی خستووەتە روو، كە پۆگبا نیازی جێهێشتنی مان یوونایتدی هەیە و دەیەوێ بچێتە ریاڵ مەدرید.

مانچستەر سیتی، بەهرەوەرێكی سڕبی بردە ریزەكانییەوە
یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی، لەگەڵ یاریزانی سڕبی سلۆبۆدان تیدیچ، هێرشبەری یانەی چۆكاریچكی سڕبی، گەییشتە ڕێككەوتن.
رۆژنامەی زە سەن، بڵاوی كردەوە، كە یانەی مان سیتی، لەگەڵ چۆكاریچكی ڕێك كەوتووە، بەرانبەر 2.7 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، كە لە یەنایەری دادێ بچێتە ریزەكانییەوە.
نیناد میرۆسڤلیڤیچ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە سڕبییەكە، وتوویەتی: ئەو یاریزانە لەمێژە لە ژێر چاودێریی مان سیتیدایە، پشكنەرانی ئەو یانەیە دەهاتنە سەیركردنی.
چاوەڕێ دەكرێ، تیدیچ، لەگەڵ تیمی ژێر تەمەن 23 ساڵاندا، بەشداریی یارییەكانی وەرزی دووەم بكات، ئێستەیش لەگەڵ تیمی ژێر تەمەن 21 ساڵانی سڕبیادایە.
ئەو یاریزانە 19 ساڵانە، لە نۆ یاریی ئەم وەرزەی خولی سڕبیادا، 4 گۆڵی تۆمار كردووە.

بارتۆمیۆ: مێسی دەتوانێ جێمان بهێڵێ، بەڵام متمانەمان پێیەتی
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، ئەوەی خستە روو، كە لیۆنێل مێسی لە ساڵی دادێ، دەتوانێ ریزەكانمان جێ بهێڵێ، كە تا ساڵی 2021 بۆندی لەگەڵماندا هەیە، ئەو ئازادیی ئەوەی دەست خستووە، كە داهاتووی خۆی دیاری بكات، بەڵام ئەو هاندەرێكی گەورەی بەرشلۆنەیە و من لەو رووەوە زۆر دڵنیام و هیچ گومانێكم لەسەر ئەوە نییە كە ساڵانێكی زۆر دەمێنێتەوە.
بۆ زانین، لیۆنێل مێسی لە ساڵی 2004ـەوە لە ریزی یەكەمی یانەی بەرشلۆنەدا یاری دەكات و خاوەن دەستكەوتی گەورە و زۆری كەسی و گشتییە. هەرچەندە ناوبەناو دەنگۆی ئەوە دەبیسترێ، كە ریزەكانی بەرشلۆنە جێ دەهێڵێ، بەڵام ئەوە 15ـیەمین ساڵی لەگەڵ یانە كاتەلۆنییەكە بەڕێ كرد.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler