تشرینی دووەم 15, 2019

سبەی گەڕی پێش کۆتایی خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان بەڕێوە دەچێت

خولی نایابی تازەپێگەیشتوانی کوردستان لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و سبەی بە ئەنجامدانی شەش یاری یارییەکانی گەڕی پێش کۆتایی بەڕێوەدەچێت و چەند یارییەکی گرنگ و چارەنووسساز ئەنجام دەدرێن، زاخۆ و دهۆک یاریی لوتکە دەکەن، هەولێری پێشەنگی یانەکانیش دواین یاری خۆی لەگەڵ ئارارات ئەنجام دەدات، ڕەنگە سبەی بە ئەگەرێكی زۆر پاڵەوانی خولەکە ئاشکرا ببێت.

دوو گەڕی یارییەکان ماوە
خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٣ یانە بەڕێوەدەچێت کە یارییەکانی بەشیوازی خول و بە یەک قۆناخ بەڕێوەدەچێت، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکەیش بەجۆرێکە هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات و یارییەکیش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەکات لە هەر گەڕێکیش یەک یانە چاوەڕوان دەبێت و یاری ناکات.
تاکو ئێستا یازدە گەڕی یارییەکان بەڕێوەچووە و یانەی هەولێر کە یارییەکی زیاتر ئەنجامداوە بە ٢٣ خاڵ پێشەنگی یانەکانی گرتووە، یانەکانی زاخۆ و دهۆک و پێشمەرگەی سلێمانیش ٢١ خاڵیان هەیە لە پلەکانی دووەم تا چوارەم دێن ژمارەی خاڵەکانیان لە یەکەوە نزیکە و ڕکەبەری بوون بە پاڵەوان دەکەن.
لە دواین دوو گەڕدا کۆتایی بە خولەکە دێت و ناسنامەی پاڵەوانی خولەکە ئاشکرادەبێت، ئەو دوو یانەیەی کە دادەبەزن بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان بە دیار دەکەوێت، سبەی یارییەکانی گەڕی پێش کۆتایی بەڕێوەدەچن و تیایدا یانەی هەولێری پێشەنگی یانەکان لە دواین یاری خۆیدا ڕووبەڕوی ئارارات دەبێتەوە، هەولێر بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان پێویستی بەوە هەیە سەرکەوتن بەدست بهێنێت و زاخۆ و دهۆک یەکسان بن و پێشمەرگەی سلێمانیش بەهەمان شێوە یەکسان بێت، ئەوکاتە بێ ئاوڕدانەوە لە یارییەکانی دواین هەفتەدا هەولێر دەبێتە پاڵەوان، بەڵام بردنەوەی زاخۆ یان دهۆک یان پێشمەرگەی سلێمانی ناسنامەی پاڵەوان بۆ دواین گەڕ دوادەخات.
خشتەی یارییەکانی گەڕی دوازدەیەم:
ئارارت – هەولێر (یاریگەی ئارارات)
زانکۆی جیهان – برایەتی (یاریگەی زانکۆی جیهان)
ڕزگاری – پێشمەرگەی هەولێر (یاریگەی ڕزگاری)
سیروانی نوێ – جیهان(یاریگەی سیروانی نوێ)
زاخۆ – دهۆک (یاریگەی زاخۆ)
پێشمەرگەی سلێمانی – شێروانە (یاریگەی پێشمەرگەی سلێمانی)
یانەی گارە چاوەڕوانە
ڕیزبەندی یانەکان تاکو یارییەکانی گەڕی یازدەیەم:
١- هەولێر ٢٣ خاڵ
٢- زاخۆ ٢١ خاڵ
٣- دهۆک ٢١ خاڵ
٤- پێشمەرگەی سلێمانی ٢١ خاڵ
٥- پێشمەرگەی هەولێر ٢٠ خاڵ
٦- برایەتی ١٤ خاڵ
٧- ئارارات ١١ خاڵ
٨- سیروانی نوێ ١٠ خاڵ
٩- ڕزگاری ١٠ خاڵ
١٠- زانکۆی جیهان ٩ خاڵ
١١- دەربەندیخان ٩ خاڵ
١٢- ئاشتی ٧ خاڵ
١٣- جیهان ٥ خاڵ
بۆ زانین ئەم وەرزە خولی نایابی تازەپێگەیشتوان بەبەشداری ١٣ یانە بەڕێوەدەچێت و یانەکانیش بە شێوازی خول و بە یەک قۆناخ یاری دەکەن، بەجۆرێک هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەکیش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش دادەبەزن بۆ ڕیزی خولی تازەپێگەیشتوانی یانە پلە یەکەکان.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler