ئەیلول 19, 2019

بازاڕی ئه‌م وه‌رزه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ كوردستان‌ گه‌رمه

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان زۆربه‌ی یانه‌كانی كوردستان كه‌وتنه‌ خۆئاماده‌كردن، تا له‌م وه‌رزه‌ به‌ده‌ستی به‌تاڵ كۆتایی نه‌هێنن، به‌شێك له‌ یانه‌كان گۆڕانكاری زۆریان كردووه‌، هه‌ندێكیشیان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرترین یاریزانیان به‌ یانه‌كانی دیكه‌ فرۆشتووه‌، هه‌ندێك له‌ یانه‌كانیش بۆ دوو خول خۆیان ئاماكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ جیا له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو گۆڕانكارییه‌كی زۆر له‌ ریزی یانه‌كان روویداوه‌ و هیچ ساڵێكیش هینده‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ كوردستان گه‌رم نه‌بووه‌.

زاخۆ له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌
یانه‌ی زاخۆ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ریزی نایابی عێراقی و به‌شداربوونی له‌ خولی نایابی كوردستان شۆڕشێكی گه‌وره‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بۆ ریزه‌كانی به‌رپا كردووه‌، له‌هه‌موو هێڵه‌كانی ده‌ستی به‌گۆڕانكاری كردووه‌، ته‌نانه‌ت ستافێكی راهێنه‌رانی تازه‌شی دیاری كردووه‌، كه‌ عه‌بدولحه‌فیز ئاربیش راهێنه‌ری لیبی كردۆته‌ راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ و هیشام محه‌مه‌د یاریزانی پێشووی كردۆته‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر، جگه‌ له‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك یاریزانی بۆ ریزه‌كانی گواستۆته‌وه‌ له‌وانه‌( ئاریان ئیبراهیم گۆڵپارێز، زیاد ئه‌حمه‌د، بارزان ئه‌حمه‌د، سیهاد یاسین، حه‌سه‌ن محه‌مه‌د، وه‌لید سه‌لمان، عه‌لی كازم، حاته‌م زێدان، ره‌زا نه‌سروڵڵا، ئه‌حمه‌د سه‌لام، مسته‌فا حه‌نونی هێرشبه‌ر، سه‌یف خالد كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق، محه‌مه‌د جه‌واد، هانی شاكری گۆڵپارێز، محه‌مه‌د شاكر به‌رگریكار، محه‌مه‌د ناسر، به‌رگریكار، زخۆ گرێبه‌ستی زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی خۆی نوێكرده‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ رۆژانه‌ زاخۆ دوو یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئاماده‌كارییه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ خوله‌كان.

دهۆك خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌
یانه‌ی زه‌ردپۆشه‌كانی بادینان، ئه‌مساڵ به‌شیوه‌یه‌كی جیاواز ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كان كردووه‌، كارگێڕی یانه‌كه‌ش بڕیاریانداوه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداری خوله‌كانی عێراقی بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌شیوه‌یه‌كی باش ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری كردووه‌، هه‌م بۆ خولی كوردستانی  بۆ خولی عێراقیش، دیارترین ئه‌و یاریزانانه‌ی هاتوونه‌ته‌ دهۆك ئه‌مانه‌ن(رێباز یونس گۆڵپارێز، ئه‌ركان ئه‌میر به‌رگریكار، ئیڤان خالید ناوه‌ڕاستكار، موئه‌یه‌د عه‌بدولباست، گرێبه‌ستی نوێكرده‌وه‌، موهه‌ند جه‌بار گۆڵپارێز، جاسم حاجی كاپتن گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ كرده‌وه‌، ئه‌له‌ند خالیدی گۆڵپارێزی لاوی یانه‌كه‌ش گریبه‌ستی نوێ كرده‌وه‌)، له‌ ئێستاشدا دهۆك به‌ شێوه‌یه‌كی باش ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كردووه‌، له‌ژیر سه‌رپه‌رشتی ستافێكی نوێی راهێنه‌ران.

سۆران میوانه‌ تازه‌كه‌ی نایاب گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه‌
یانه‌ی سۆران بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداری له‌ خولی نایابی كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت پارێزگاری له‌ پێگه‌كه‌ی بكات و جارێكیتر بۆ ریزی پله‌یه‌ك دانه‌به‌زێت له‌م پێناوه‌ش چه‌ندین گۆڕاناكری كردووه‌، یاریزانی تازه‌ی هێناوه‌ و ئه‌وانه‌شی ده‌زانی سوودی باشیان بۆ یانه‌كه‌ هه‌یه‌ گرێبه‌ستی نوێكردوونه‌ته‌وه‌، (شوان دحۆ گرێبه‌ستی نوێ كرده‌وه‌، هۆشمه‌ند ته‌ها، محه‌مه‌د سادق، ئومێد حوسێن، كۆڤان نه‌زمی، كۆڤان ئه‌سعه‌د، فه‌رهه‌نگ سه‌عدی، ئیدریس حوسێن، كاپتن حه‌مودی وه‌ك راهێنه‌ری گۆڵپارێزان ده‌ستنیشانكراوه‌.

نه‌ورۆز گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی كردووه‌
نه‌ورۆز یه‌كێك له‌ باشترین یانه‌كانی كوردستان، كه‌ وه‌رزی رابردووش تا دواین سات ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایابی كوردستان كرد، بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش بڕیاریانداوه‌ به‌شداری پاڵاوتنه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی عێراقی بكه‌ن، تا له‌و رێگایه‌وه‌ بگه‌نه‌ خولی نایابی عێراقی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند یاریزانیكی باشیان بۆ ریزه‌كانیان گواستۆته‌وه‌ له‌وانه‌هێرشبه‌ری به‌توانانی برایه‌تی (سه‌فین مه‌نسور) دوو یاریزانیش له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ یانه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ كرد ئه‌وانیش(رابه‌ر جه‌لال) (بیلال عه‌لی)، زووتریش نه‌ورۆز متمانه‌ی به‌ راهێنه‌ر پرسیار عه‌بولره‌زاق به‌خشیه‌وه‌ وه‌ك راهێنه‌ر و كامه‌ران عه‌لی وه‌ك یاریده‌ده‌ر و مه‌ریوان محه‌مه‌د راهێنه‌ری گۆلپارێزان، له‌گه‌ڵ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تیپه‌كه‌ی، نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت ده‌ستیان به‌مه‌شق و راهێنان كردووه‌.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی كه‌مترین گۆڕانكاری كردووه‌
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی وه‌رزی رابردوو له‌ خولی نایاب ده‌ستپێكێكی باشی هه‌بوو دواتر تووشی زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ هات بۆیه‌ یاسین مه‌نافیان كرده‌ راهێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ئه‌نجامێكی باشی به‌ده‌ستهینا بۆیه‌ كارگێڕی یانه‌كه‌ متمانه‌یان پێبه‌خشیه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌بش گریبه‌ستی 15 یاریزانیان تازه‌ كردووه‌، كه ئه‌مانه‌ن ( محه‌مه‌د به‌كر، هیوا ره‌حیم، له‌یس جه‌لیل، دژوار كاكه‌برا، پێشڕه‌و شه‌ریف، ته‌ها خه‌ریب، ڕه‌وه‌ند به‌هادین، سیداد ئه‌حمه‌د، هاوڕێ جه‌لال، جوامێر حه‌مه‌ ئه‌مین، رێكان رزگار، حه‌كیم شه‌مسه‌دین، سیڤان عومه‌ر، حه‌مید ره‌حیم، كارزان مسته‌فا) جگه‌ له‌مانه‌ش سه‌عد ره‌بیعی وه‌ك گۆڵپارێز هێناوه‌ته‌ ریزكانی، سالار ئه‌حمه‌د وه‌ك هێرشبه‌ر گرێبه‌ستی كردووه‌، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی رۆژی 25- ئاب یه‌كه‌ی یه‌كه‌ی مه‌شق و راهینانیان بۆ وه‌رزی نوی ئه‌نجامدا.

ئه‌و یانانه‌ی كه‌مترین گۆڕانكاریان كردووه‌
سیروانی نوێ، ده‌ربه‌ندیخان، برایه‌تی، شێروانه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، برایه‌تی، هه‌ندرێن، هه‌ولێری به‌شدار له‌ خولی نایابی كوردستان، كه‌مترین گۆڕانكاری و گواستنه‌وه‌یان هه‌بووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش كشانه‌وه‌ی ئارارات، كه‌ چاودێرانی وه‌رزشی پێیانوایه‌ كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر خوله‌كه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ ئه‌و یاریزانانه‌شی له‌و یانه‌یه‌بوون، روو له‌ یانه‌ی دیكه‌ ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش گواستنه‌وه‌ی زۆرتر له‌م وه‌رزه‌ ده‌بینین، هه‌روه‌ها دابه‌زینی گازی باكوور ز بۆ پله‌ یه‌كه‌كان و به‌شداری نه‌كردنی له‌ خولی پله‌یه‌ك یاریزانه‌كان ده‌ستكراوه‌ترده‌بن بۆ رۆیشتن، وه‌ به‌شداری نه‌كردنی گاره‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ كوردستان ده‌بێت، كه‌ هیچ وه‌رزێك به‌مشێوه‌ گه‌مه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، كه‌ پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووه‌، كه‌مترین گرێبه‌ستی ئه‌نجامداوه‌ ته‌نانه‌ت، یاریزانی سه‌ره‌كیشی لێڕۆشتووه‌، به‌ڵام ئه‌وان پشت به‌ یاریزانه‌لاوه‌كانیان ده‌به‌ستن له‌وانه‌ بژار مه‌هدی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی لالوانی كوردستان و توانا ئه‌میر یاریزانی لاوی به‌هره‌مه‌ند

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler