ئەیلول 19, 2019

بەرشلۆنە، وادەیەكی تازەی بۆ دەستخستنی نێیمار دیاری كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕیبیچ، لە میلانۆ زۆر ئاسوودە دەبێ
ئەستێرەی كرواتی ئەنتی ریبیچ، یاریزانی یانەی فرانكفۆرتی ئەڵمانی، دووپاتی كردەوە، كە زۆر ئاسوودە و دڵخۆشە بە نزیكبوونەوە لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان، بەرانبەر رۆییشتنی یاریزان ئەندریە سیلڤا بۆ یانە ئەڵمانییەكەی خۆی.
ئێستە ریبیچ گەییشتووەتە شاری میلانۆ، بۆ تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی چوونی بۆ میلان، كە بۆندەكەی بە شێوەی كاتی و خواستنە، لەگەڵ بژاردەی بۆندی هەمیشەیی بە 25 ملیۆن یۆرۆ.
سایتی فوتبۆڵ ئیتاڵی، بڵاوی كردووەتەوە، كە ڕیبیچ، دوای گەییشتنی بە میلانۆ، وتوویەتی: زۆر ئاسوودەم كە لە میلانۆم، بژی و سەركەوێ میلان.
سایتەكە روونی كردووەتەوە، كە ئەو یاریزانە 25 ساڵانە، بە خولی ئیتاڵی نامۆ نییە و پێشتر لە نێوان ساڵانی 2013 و 2018ـدا لە ریزی یانەی فیۆرێنتینیادا یاری كردووە و ئەزموونی یاریكردنی لە خولی ئیتاڵیا زۆرە.
یانەی میلان، سەرەتا دەیویست بۆند لەگەڵ ئەنخێل كۆریای یاریزانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریددا واژۆ بكات، بەڵام لەوەدا شكستی خوارد و رووی لەو یاریزانە كرواتییە كرد.
فریدی بۆبیچ، بەڕیوەبەری وەرزشیی یانەی فرانكفۆرت، وتوویەتی كە لەگەڵ یانەی میلاندا گەییشتوونەتە ڕێككەوتن و بەو جۆرە بڕوات، ئەندریە سیلڤا دەبێتە یاریزانی ئینتراخت فرانكفۆرت و ریبیچیش دەبێتە میلانی.
ناڤاس پشكنینیشی تەواو كرد و بووە پاریسی
كیلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید، پشكنینی پزیشكی لە یانەی پاریس سانت جێرمان تێپەڕاند و بووە گۆڵپارێزی ئەو یانەیە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، روونی كردووەتەوە، كە یاریی ڤیا ریاڵ، كۆتایاریی ناڤاس بوو لەگەڵ ریاڵ مەدرید، بەو جۆرە ئەو گۆڵپارێزە كۆستاریكییە دەبێتە یاریزانی یانەی پی ئێس جی فەرەنسی.
چەند ساتێكی كەم پێش داخستنی دەرگەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان، ئەو بۆندە سەر خرا. بەو جۆرە، گۆڵپارێزی فەرەنسی ئەلفۆنس ئەریۆلا، بە شێوەی خواستن دەچێتە ریاڵ مەدرید بۆ وەرزێك.
بەو جۆرە، دوای بە دەستهێنانی چەند ناسناوێك، كە خۆی لە خولی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا و چامپینۆس لیگ و جامی سوپەری ئەورووپا و مۆندیالی یانەكان، ئەو گۆڵپارێزە كاروانی پیشەگەریی لەگەڵ یانەی شایانەی مەدرید كۆتایی پێ هات.
رۆییشتنی ناڤاس، چاوەڕێكراو بوو، بە تایبەت پێشتر لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ماڵئاوایی لە یاریزانانی هاویانەی و هاندەران كردبوو.

بەرشلۆنە، وادەیەكی تازەی بۆ دەستخستنی نێیمار دیاری كرد
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی، لە بەرگی ژمارەی دوێنێ دووشەممەدا، نووسیبووی كە نێیمار لە ساڵی 2020ـدا دەبرێتە ریزەكانی یانەی بەرشلۆنەوە، كە مەبەست لێی ماوەی گواستنەوەی زستانە، یان هاوینەی داهاتووە.
رۆژنامەكە، دووپاتی كردووەتەوە، كە ئێستە نێیمار ناتوانێ درێسی بەرشلۆنە بپۆشێ، بەڵكوو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، یان لە هاوینی دادێ ئەو كارە ئەنجام دەدرێ.
رۆژنامەكە، ئەوەیشی خستووەتە روو، كە چیرۆكی نێیمار و بەرشلۆنە كۆتایی پێ نەهاتووە.
ئەو هەواڵەی سپۆرت، دوای ئەوە دێ، كە نێیمار، ماڵبات و نزیكانی ئاگەدار كردووەتەوە، كە ئەم وەرزە لە پاریس سانت جێرمان دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی یانەی پی ئێس جی، هەموو بۆند و ئۆفەرەكانی یانەی بەرشلۆنەی رەت كردەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler