ئەیلول 19, 2019

ناوبژیوانێكی كورد ده‌توانێت له‌ 48 وڵات ناوبژیوانی بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كانی كارتێ بكات

ژمارەی ئەو ناوبژیوانە کوردانەی کە لە یاری کاراتی ناوبژوانی دەکەن و پاڵه‌وانێتییه‌ نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، لە بەرزبوونەوەدایە، یەکێک لەو ناوبژیوانانەیش (مستەفا مەحەمەد گەردی) یە ئەو کە سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی هەولێرە لە یاری کاراتی، لە وڵاتی ئوزباکستان بەشداری خولی ڕاهێنانی کرد و بوو بە ناوبژوانی پلە سێی ئاسیاوی، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێر ئەو ناوبژوانە باس لە گرنگی یاری کاراتی و گۆڕانکارییەکانی ئەو یارییە دەکات و بە گرنگی دەزانێ کە گرنگی زیاتر بەو یارییە تاکیانە بدرێت.

یاریزان و ناوبژوانی لە یاری کاراتی
ناوبژیوانی کورد (مستەفا مەحەمەد گەردی) ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە وەکو یاریزان و ناوبژوانی یاری کاراتی بەردەوامە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٨ دەستی بە یاری کاراتی کردووە، بەشداری چەندین خول لەسەر ئاستی کوردستانی کردووە و قۆناغەکانی ئەو یارییەی تاکو پشتێنی ڕەش بڕیوە، دواتر وەک ناوبژوانی یاری کارتی کاری کردووە و ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە و لە ئستایشدا سەرۆکی لیژنەی ناوبژوانانی هەولێرە، دوو پاڵەوانیەتی دەرەوە و هەروەها پاڵەوانیەتیەکانی کوردستان و عێڕاقی بەڕێوەبردووە.

دەتوانم لە ٤٨ وڵات ناوبژیوانی بکەم
ئەو ناوبژیوانە باسی جیاوازی یاری کاراتی لە ئێستا و ڕابردوودا کرد و گووتی: یاری کاراتی لە ئێستادا لە پێشکەوتندایە، بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەو کاتە دەرفەتی کەمتر لەبەردەم یاریزانان و ناوبژیوانان هەبوو تا بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بکەن، یاریزانان کەمتر دەگەیشتنە ئاستی هەڵبژاردەی عێڕاق، بەڵام ئێستا دۆخە گۆڕاوە و ڕێخۆشکەرن، ئەمە وایکرد کە بتوانم بەشداری بکەم لە خولی ناوبژوانی عێڕاقی، دواتر توانیم ببمە ناوبژوانی ئاسیاوی، ماوەیەک بەر لە ئێستایش لە وڵاتی ئۆزباکستان بەشداری خولیناوبژوانیم کرد توانیم ببەمە ناوبژیوانی پلە سێی ئاسیاوی و وەک ناوبژیوان دەتوانم لە ٤٨ وڵات ناوبژیوانی یاری کاراتی بکەم، ساڵی داهاتوویش بۆ بەرزبونەوەی پلەکەمان بۆ پلە دوو لە وڵاتی هیندستان بەشداری خولی ناوبژوانی ئاسیاوی دەکەین.

پێویستە گرنگی زیاتر بە یارییە تاکیەکان بدرێت
مستەفا گەردی بەپێی ئەو ئەزموونە زۆرەی لە یاری کاراتیدا هەیەتی، بە پێویستی دەزانێت کە بەرپرسان و لیژنەی ئۆڵۆمپی زیاتر گرنگی بە یارییە تاکیەکان بدەن و لەو بارەیەوە گووتی: هیوادارم زیاتر پشتگیری یارییە تاکیەکان بکرێت، چونکە پێم وایە یارییە تاکیەکان هۆکارێکی گرنگن بۆ یاریانی کورد کە بتوانن بەشداری پاڵەوانیە تیە نێودەوڵەتیەکان بکەن ئاڵا و ناوی کورد بەرزبکەنەوە،لە ئایستایشدا کۆمەڵێک یاریزان و ناوبژوانی زۆر باشمان هەیە لە یاری کاراتیدا کە دەکرێت زیاتر گرنگیان پێ بدرێت.




کاراتی پێویستە بە پلان و بەرنامە بەرەو پێش ببردێت
ئەو ناوبژوانە داوای ئەوەشی کرد کە پێویستە بەپلان و بەرنامە یاری کاراتی زیاتر بەرەو پێش ببردرێت، چونکە ئەم یارییەیش ژمارەیەکی زۆر یاریزان لە هەموو ئاستەکانی تەمەن ئەو یارییە دەکەن و هاواداری یاری کاراتیش زۆرە، پاڵپشتی ماددی و نەبوونی شوێنی شایستە و هۆڵی داخراو کێشەکانی یاری کاراتین لە کوردستان، بۆیە پێویستە لەسەر حسابی یاری تۆپی پێ و یارییەکانی تر کاراتی پەراوێز نەخرێ و زیاتر گرنگی پێ بدرێت.

گرنگیەکانی یاری کاراتی
مستەفا گەردی باسی لە سوود و گرنگیەکانی یاری کاراتی کرد و دەڵێت: کاراتی یارییەکی جیهانی و ئۆڵۆمپیە، ساڵانە چەندین پاڵەوانیەتی جیهانی لەو یارییە دەکرێتەوە، هەروها گرنگیەکی زۆری بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە وا دەکات مرۆڤ بە ئەنجامدانی ئەو یارییە بیر و هۆشی فروانتر بێت و جەستەیکی ڕێک و تەندروستی هەبێت.
گوتیشی بەردەوام یاساکانی یاری کاراتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پێش ئەنجامدانی هەر پاڵەوانیەتیەک گۆڕانکارییەکان دەخرێنە ڕوو، بۆیە پێویستە ناوبژوانی ئەو یارییە بەردەوام ئاگادری گۆڕانکارییەکان بێت، بەشداری خولەکانیش بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی گۆڕانکارییەکان خەرجی زۆری دەوێت، کە ئەمە کێشەی بۆ ئێمە وەک ناوبژوانانی کورد دروستکردووە.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler