ئەیلول 19, 2019

له‌ سه‌رده‌می مێسی و كریستیانۆ گۆڕانكاری له‌ تۆپی پێی مۆدێرن روویدا

خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی یوفا له‌ وه‌رزی ١٩٩٨-١٩٩٧ ده‌ستی پێكرد و به‌ ته‌نیا رۆناڵدۆی به‌رازیلی ئه‌وكات خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت كه‌ له‌ ئینته‌ر میلان یاری ده‌كرد. دوای ئه‌و یاریزانانی هێڵی ناوه‌ڕاستی وه‌كوو دێڤید بێكهام، فێرناندۆ رێدۆندۆ، شتیفان ئێفنبێرگ، دیكۆ و ستڤن جێراد خه‌ڵاته‌كه‌یان وه‌رگرت كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانیان، واته‌ مانچسته‌ر یۆنایتد. ریاڵ مه‌درید، بایرن میونشن. پۆرتۆ و لیڤه‌رپول بوون به‌ پاڵه‌وان. جان لویجی بۆفۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵی 2003 یانه‌كه‌ی به‌ میلان دۆڕا، بوو به‌ باشترین یاریزانی ساڵی یوفا.

 ئیتر دوای ئه‌م یاریزانه‌، ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌درێت به‌ باشترین یاریزان و گۆڵكار، واته‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیونێل مێسی چه‌ند جارێك ئه‌م خه‌ڵاته‌یان بردوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌ند یاریزانانی وه‌كوو زێدان، رۆناڵدینهۆ، كاكا، دیێگۆ میلیتۆ و فرانك ریبێرێش خه‌ڵاته‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه‌.
خه‌ڵاتی ساڵی رابردووش درا به‌ لۆكا مۆدریچ، ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ ته‌مه‌نێك سه‌قامگیری و دره‌وشانه‌وه‌ی له‌ ریاڵ مه‌درید و گه‌یاندنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا به‌ یاری كۆتایی جامی جیهانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ڤان دایك خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی 2019ـی یوفا بباته‌وه‌، ئه‌ویش یاریزانی به‌رگریكاره‌، ئه‌وه‌ شایسته‌یی ئه‌و ده‌رده‌خات. یۆرگن كلۆپ به‌ باشترین به‌رگریكاری جیهان ناوی برد و رایگه‌یاند، شایسته‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌یه‌. مافی خۆی بوو.
پێشتر یاریزانانی به‌رگریكار ئه‌م خه‌ڵاته‌یان پێ نه‌ده‌درا، فابیۆ كاناڤارۆ له‌ ساڵی 2006 و ماتیاس سامر ته‌نیا یاریزانی هێڵی به‌رگرین كه‌ تۆپی زێڕینیان بردووه‌ته‌وه‌. یاریكردن به‌رگریكاران چێژبه‌خش نییه‌ و ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ر گۆڵ تۆمار بكات، به‌ڵام تۆپی پێی مۆدێرن له‌ گۆڕانكاری دایه‌. ئیتر ره‌نگه‌ یاریزانانی وه‌كوو مێسی و رۆناڵدۆمان له‌ ساڵانی داهاتوودا نه‌بێت كه‌ به‌ته‌نیا ئه‌ستێره‌ن و به‌ته‌نیاش ده‌توانن ئه‌نجام بگۆڕن، هه‌ر بۆیه‌ ئیتر له‌وه‌ به‌دوا ده‌كرێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بین ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ یاریزانانی هێڵی ناوه‌ڕاست و به‌رگری و ته‌نانه‌ت گۆڵپارێزانیش بدرێت.
راهێنه‌رانی وه‌كو كلۆپ و گواردیۆلا جۆره‌ یاریزانێكیان ده‌وێت كه‌ باشترین بن. ئه‌ویش یاریزانێك كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی تیمه‌كه‌یاندا بۆ بردنه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن، نه‌ك بردنه‌وه‌ی تاكه‌ كه‌سی. واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ یارییه‌كاندا چه‌ند جارێك ده‌ركه‌ون و چه‌ند گۆڵێك تۆمار ده‌كه‌ن و هه‌موو شتیش به‌ ناوی خۆیان ده‌بێت. لیڤه‌رپول به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كاری تیمی په‌ره‌ پێداوه‌. یاریزانانی وه‌كو محه‌مه‌د سه‌ڵاح و سادیۆ مانێ كه‌ به‌رده‌وام گۆڵ تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان به‌ پێی به‌رنامه‌ی تیمی دیاریكراو یاری ده‌كه‌ن و شوێنی یاریكردنیان دیاره‌.
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ یانه‌ی ساوتهمپتۆن كه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ڤان دایك به‌ربه‌ستی دروست كرد و لیڤه‌رپول هه‌وڵێ كڕینی به‌رگریكاری دیكه‌ی نه‌دا، زۆر شاره‌زای تۆپی پێ ئه‌م بابه‌ته‌یان پێ سه‌یر بوو.  له‌ روانگه‌ی كڵوپه‌وه‌، نه‌كڕین باشتره‌ له‌ كڕێنی یاریزانی خراپ و هه‌ر بۆیه‌ش متمانه‌ی به‌ یاریزانه‌كانی خۆی كرد. لیڤه‌رپول دوای چه‌ند مانگێك به‌ بڕی 75 ملیۆن پاوند ئه‌م یاریزانه‌ی كڕی و ئێسته‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت باشترێن كڕین و گواستنه‌وه‌ی لیڤه‌رپول بووه‌.
مایكل ئێدواردز كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی لیڤه‌رپوله‌، باشترین یاریزانی بۆ یانه‌كه‌ی كڕیوه‌. ئه‌لیسۆن بێكریش خه‌ڵاتی باشترین گۆڵپارێزی وه‌رگرت. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ لیڤه‌رپول به‌به‌رنامه‌ یاریزان ده‌كڕیت و له‌و 142 ملیۆن پاونده‌ی كه‌ له‌ فرۆشتنی كۆتینیۆ به‌ بارسێلۆنا وه‌ریانگرت، ئه‌م دوو یاریزانه‌ ئاستبه‌رزه‌یان پێ كری.
بارسێلۆنا وه‌به‌رچاو بگرن. 222 ملیۆن یۆری له‌ فرۆشتنی نێیمار به‌ پاریس سان جێرمان به‌ده‌ستهێنا و هیچ سوودێكی لێ نه‌بینی. كۆتینیۆی به‌سه‌ر بایرن میونیخ ساخ كرده‌وه‌ و ئێسته‌ش ڕه‌نگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ نێیمار، عوسمان دیمبلی به‌ پاریس سان جێرمان بفرۆشێت. ئه‌وه‌ بۆ زیره‌كی یانه‌ی لیڤه‌رپول ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت زیره‌كی كلۆپ له‌ كڕینی یاریزانه‌كاندا.
ئێستاش خه‌ڵاته‌كه‌ی ڤان دایك گرنگی زیاتری هه‌یه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه‌ یاریزانانی وه‌كوو مێسی و رۆناڵدۆ وه‌ریانگرتووه‌. ئه‌م خه‌ڵاته‌ پیرۆزی ڤان دایك بێت، پیرۆزی یانه‌ی لیڤه‌رپول و هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا بێت.

 

محەمەد شهەدی- هەولێر

© 2017 Hawler