ئەیلول 19, 2019

یانه‌ی هه‌ولێر به‌سه‌ركه‌وتوویی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسیاوی تێپه‌ڕاند

یانه‌ی هه‌ولێر به‌باشترین شێوه‌ رێكاره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی لێژنه‌ی رێپێدانی ئاسیاوی تێپه‌ڕاند، كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ئاسیاش به‌ ئاستێكی باش قبوڵكرا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی بنه‌ماكانی یاریگای دروست و پێوه‌ره‌كانی یاریگایه‌كی لێهاتوو.
رۆژی شه‌مه‌ی رابردوو لێژنه‌ی رێپێدانی ئاسیاوی سه‌ردانی یاریگای فڕه‌نسۆ هه‌ریری تایبه‌ت به‌ یانه‌ی هه‌ولێری كرد، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن و بینینی شوێنه‌ تایبه‌تیه‌كانی یاریگاكه‌، كه‌ ئایا بۆ وه‌رزی 2019- 2020 ئاماده‌یه‌ یاخود نا، هه‌ولێر دۆسییه‌كی (1000) په‌ڕی ئاماده‌كردبوو سه‌باره‌ت به‌ یانه‌ی هه‌ولێر و شوێنی یاریگاكه‌، دوای هه‌لسه‌نگاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن لێژنه‌كه‌ یاریگای فڕه‌نسۆ هه‌ریری تایبه‌ت به‌ هه‌ولێر به‌یه‌كێك له‌ باشترین یاریگاكانی ئاسیا ده‌ستنیشانكراو به‌ پله‌یه‌كی باش په‌سند كرا.
لیژنه‌كه‌ له‌ یاریگاكان پشكنین بۆ شوێنی خۆگۆڕینی یاریزانان و ناوبژیوانان ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش گرینگی به‌ چیمه‌نی یاریگا و شوێنی دانیشتی یاریزانه‌ یه‌ده‌گه‌كان ده‌دات، هه‌روه‌ها لێكۆلینه‌وه‌ له‌ جێگای هانده‌ران و دووری و نزیكیان له‌ یاریزانانه‌وه‌ ده‌كات، ته‌نانه‌ت پشكنین بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و وه‌ستانی ئۆتۆمبێڵ هاتووچۆی یانه‌كان ده‌كات، ئه‌مانه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان ده‌بێت هه‌موو یاریگایه‌ك هه‌یبێت، به‌تایبه‌تی گرینگی به‌سه‌لامه‌تی یاریزانان ده‌دات.
هه‌ولێر له‌ یه‌كه‌م گه‌ڕی خولی نایابی عێراقی، كه‌ رۆژی 18 – سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵ له‌ یاریگای خۆی دژی نه‌فت ئه‌نجامی ده‌دات، له‌ ئێستاشدا به‌رابه‌رایه‌تی ئه‌كره‌م سه‌لمان ده‌ستی به‌ راهێنانه‌كانی كردووه‌، پشت به‌یاریزانی ناوخۆی چه‌ند یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ستووه‌.
 

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler