ئەیلول 19, 2019

له‌ ناوه‌راستی مانگی داهاتوو شه‌مه‌نده‌فه‌ری وه‌رزی نوێی خوله‌كان ده‌كه‌وێته‌ ڕێ

له‌ هۆتێل كوارتزی شاری هه‌ولێر ئێواره‌ی دوێنێ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان‌ تیروپشكی خولی نایاب، پله‌یه‌ك، لاوان و فووتساڵی بۆ وه‌رزی 2019 ـ 2020 راكێشا.

دوای ئه‌وه‌ی فیدڕاسیۆن كاتی به‌ڕێوه‌چونی خوله‌كانی دیاریی كرد، كه‌ رۆژی 17 - 10 یه‌كه‌م گه‌ڕی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ رۆژی 18 – 10 گه‌ڕی یه‌كه‌می یارییه‌كانی لاوانی نایاب به‌ڕێوه‌ده‌چێت،‌ رۆژی 20-11، یاریی پله‌یه‌كه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، 6-12 فووتساڵی كچان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دوێنێ شه‌ممه‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری یانه‌كان تیروپشكی یارییه‌كان ئه‌نجامدران.
بۆ ئه‌م وه‌رزه‌، سیروانی نوێ، جارێكیتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ریزی یانه‌ نایابه‌كانی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سۆران بۆ یه‌كه‌مجار یاریی له‌ ریزی یانه‌ نایابه‌كانی كوردستان ده‌كات، كه‌ وه‌رزی رابردوو به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ پله‌یه‌كه‌كان بۆ نایاب سه‌ركه‌وتن.
وه‌رزی رابردوو پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بۆ جاری دووه‌م له‌ مێژووی خۆیدا نازناوی خولی نایابی كوردستانی برده‌وه‌، نه‌ورۆزیش پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا، لاوانی هه‌ولێریش پله‌ی یه‌كه‌می خولی نایابی لاوانی كوردستانیان برده‌وه‌، كچانی سیروانی نویش بوونه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی فوتساڵی كوردستان. له‌ ئێستاشدا یانه‌كان ورده‌ ورده‌ ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی نوێ كردووه‌، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ململانێیه‌كی گه‌رمی یانه‌كان له‌سه‌ر نازناوه‌كان بكرێت.
جارێكیتر گرفت به‌رۆكی یانه‌كانی شاری كه‌ركوكی گرتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌تا هه‌ردوو یانه‌ی كه‌ركووك و گازی باكوور به‌شداری خولی پله‌یه‌كه‌كانی كوردستان ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قه‌یرانی دارای و بوونی گرفتی سیاسی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ لایه‌ن نوێنه‌ری یانه‌كان پێشنیار بۆ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان خرایه‌ڕوو.
یه‌كێك له‌ گرفته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان كشانه‌وه‌ی یانه‌ی ئاراراته‌ له‌ خوله‌كه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاریاندا به‌شداری خوله‌كان نه‌كه‌ن به‌هۆی كیشه‌ و نه‌بوونی پاره‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر خولی نایابی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كان هه‌موو گه‌ڕێك تیپێك پشوو وه‌رده‌گرێت كاریگه‌ری خراپ‌ به‌سه‌ر تیپه‌كانی پێشه‌وه‌ جێدێڵێت، بۆ ئه‌وانه‌شی له‌ ریزبه‌ندی خواره‌وه‌ن سوودی
 هه‌یه‌، چونكه‌ جارێكیتر خۆیان رێكدێخنه‌وه‌.
 كشانه‌وه‌ی ئارارات، كه‌ یه‌كیكه‌ له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كان كاریگه‌ری به‌سه‌ر هێزی خوله‌كه‌وه‌ ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش چاودێرانی وه‌رزشی به‌ ئاماژه‌یه‌كی خراپی ده‌بینن، چونكه‌ نه‌بوونی سیسته‌مێك وایكردووه‌ له‌ هه‌ر وه‌رزێك دوو یانه‌ یا سێ یانه‌ یا یانه‌یه‌م به‌شداری خوله‌كان نه‌كات.
یارییه‌كانی گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی نایابی كوردستان
 17 – 10 به‌ڕێوه‌ده‌چێت به‌مشێوه‌یه، كه‌ 13 یانه‌ تێدا به‌شدارن‌.
سیروانی نوێ × زێره‌ڤانی
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ×  شێروانه‌
سۆران × نه‌ورۆز
هه‌ندرێن× برایه‌تی
ده‌ربه‌ندیخان × دهۆك
هه‌ولێر × پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی
زاخۆ- چاوه‌ڕوانه‌
یارییه‌كانی گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان
14 یانه‌ به‌شدارن، چوار یانه‌ بۆ ریزی پله‌ دووه‌كان داده‌به‌زن.
چه‌مچه‌ماڵ × شه‌قڵاوه‌
هه‌ڵۆ× ئاڵتون كۆپری
ئاسۆ × ئاشتی
خاك × سۆلاف
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید × سه‌یدسادق
خانه‌قین × كۆیه‌
رزگاری × ئاكرێ
گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی نایابی فووتساڵی كچان
دوكان × زانكۆی جیهان
چۆمان × هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید
ئافره‌تانی هه‌ولێر × ئافرۆدێت
زێره‌ڤانی × سیروانی نوێ
گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی نایابی لاوانی كوردستان
سیروانی نوێ × هه‌ندرێن
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی × هه‌ولێر
كۆیه‌ × زێره‌ڤانی
شێروانه‌ × سیروانی شاره‌زور
زاخۆ × ئاڵا
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر × نه‌ورۆز

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler