ئەیلول 19, 2019

ئه‌ستێره‌یه‌كی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستان كۆچی دوای كرد

رێبه‌ر چه‌تۆ، یاریزانی پێشووی یانه‌كانی كوردستان به‌هۆی سووتانی جه‌سته‌ی رۆژی پێنچشه‌مه‌ی رابردوو كۆچی دوای كرد، بۆ یه‌كجاری ماڵئاوای له‌ هاوڕێ و دۆستانی كرد.

رێبه‌ری جوانه‌مه‌رگ پێشووتر یاریی بۆ یانه‌كانی هه‌ولێر برایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و یانه‌ی ئاڵا كردووه‌، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ باشه‌كانی شاری هه‌ولێر بووه‌، هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی ته‌قینی بوتڵی غاز و سوتانی به‌شێكی جه‌سته‌ی دواتریش مانه‌وه‌ی بۆ چه‌ند رۆژێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ رۆژی 28ـی ئاب، ماڵئاوایی له‌ دۆست و هاوڕێیانی كرد، كۆچی ئه‌م یاریزانه‌ سۆشیاڵ میدیای هه‌ژاند و له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان وه‌رزشوانان هاوخه‌می خۆیان بۆ مه‌رگی رێبه‌ر چه‌تۆ ده‌ربڕی.
 رێبه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی توانی له‌ 2014 خولی پله‌یه‌كی كوردستان ببنه‌وه‌ و جارێكیتر سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت بگه‌ڕێنه‌وه‌ نایابی كوردستان.
رێبه‌ر له‌ دایك بووی 1989، سه‌رتای یارییكردنی له‌ 2005 ‌بووه‌، پاشان له‌ ریزی لاوانی هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌، به‌هۆی ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی بۆ ریزی تیپی كوردستانی سه‌رده‌خرێت، به‌ڵام پێكان به‌رۆكی به‌رنادات و ساڵێك له‌ یاریگاكان دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، دوای چاكببونه‌وه‌ی ده‌چێته‌ یانه‌ی پێشكه‌وتن دواتر بۆ بروسك و ئینجا رووده‌كاته‌ یانه‌ی ئاڵا و له‌ 2013 ده‌بنه‌ پاڵه‌وانی خولی پله‌یه‌كی كوردستان بۆ وه‌رزی 2014 روو له‌ برایه‌تی ده‌كات له‌وێش ده‌بێته‌ پاڵه‌وان و برایه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نایاب.
وه‌فارداری رێبه‌ر بۆ یانه‌ی هه‌ولێر، له‌ یه‌كێك له‌ دیمانه‌كانی ده‌ڵێت: من كوڕی ئه‌و یانه‌یه‌م و له‌وێ پێگه‌شتم  ماوه‌یه‌ك كاپتنی تیپی لاوان بوومه‌ بۆیه‌ ئاماده‌م رۆژێك بێت به‌خۆڕای یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر بكه‌م، ئه‌و وه‌ك خۆشه‌و‌یستییه‌ك بۆ یانه‌ی دایك هه‌ستی خۆی ده‌ربڕیوه‌.
رێبه‌ر، له‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵی ماڵئاوای كردوو دونیای جێهێشت، خاوه‌نی خێزانه‌ و دوو مناڵی هه‌یه‌، له‌م دوایانه‌ وازی له‌ یاریی كردن هێنابوو، كۆلێژی كارگیڕی و ئابوری ته‌واو كردبوو، له‌ ده‌زگای بارزانی نه‌مر كاری ده‌كرد.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler