ئەم پەڕەیە چاپ بکە

کێ لە نەبوونی ژێرخانێکی وەرزشیی بەهێز لە کوردستان بەرپرسە؟

ژێرخانی وەرزشی لە هەر وڵاتێکدا بە بناغەی پێشکەوتنی وەرزش دادەندرێت، هۆکارێکی گرینگی پێشکەوتنی وەرزشە، لە کوردستان ئەوەی کە لەماوەی ڕابردوودا بووەتە جێگەی نیگەرانی شەقامی وەرزشی و وەرزشوانان، نەبوونی ژێرخانێکی وەرزشی بەهێزە تابتوانرێت کەرتی وەرزشی لە هەموو یارییەکاندا بەشێوەیەکی باش بەرەوپێش بەرێت، نەبوونی یاریگەی نێودەوڵەتی و شاری وەرزشیش کەم و کورتیەکی تری وەرزشن، دەربارەی ئەو پرسە رۆژنامەی هەولێر بۆچوونی چەند ڕۆژنامەنووسێکی وەرزشی وەرگرتووە و لەو بارەیەوە بەو جۆرە قسەیان کردووە.

یاریگەکانی کوردستان ستاندارد و نێودەوڵەتی نین
لە دەستپێكدا (بڕیار عەباس) ڕۆژنامەنووسی وەرزشی شاری سلێمانی دەربارەی پرسی نەبوونی ژێرخانی وەرزشی و نەبوونی یاریگەیەکی نێودەوڵەتی لە کوردستان گوتی: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی یەكەمی دورستنەكردنی یاریگەی نێودەوڵەتییە، ئەو یاریگەیانەی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە تەنیا بە ناو نێودەوڵەتین و مۆدێرن نین، ناتوانرێت یارییە نێودەوڵەتییەكانی تێدا بەرێوەبچێت.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێش دەستپێكردنی پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا بە چەند رۆژێك كاری نۆژەنكردنەوە بۆ چەند بەشێكی یاریگەی فرانسۆ هەریری كرا، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو یاریگەیانە ستاندارد نین و شیاو نین بۆ بەڕێوەچوونی یارییە نێودەڵەتیەکان.
ساڵی 2012 كاتێك حكومەت بڕی 20 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگاكان تەرخانکرد ئەو بڕە پارە زۆرە بە هەدەردراو هیچ یاریگە و هۆڵێکی وەرزشیش نۆژەن نەکرایەوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە بەشێکی دیکەی کەمتەرخەمی نەبوونی ژێڕخانێکی بەهێزی بۆ لیژنەی ئۆلمپیی كوردستان گەڕاندەوە و پێی وایە کە ئەوان تەنیا لە خەمی ئیمتیازاتی تاکەکەسی ئەندامەکانی خۆیانن و نەیانتوانیوە هیچ بۆ وەزشی ئەم وڵاتە بکەن.
تا ئێستا نەیتوانیوە هەماهەنگیەکی باش لەگەڵ حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بكات، بۆ ئەوەی بیر لە دروستكردنی یاریگەی نێودەوڵەتی بكەنەوە و كار بۆ ئەو بابەتە بکەن.
وەرزشكارانی كوردستانیش بەشێكی ئەو كەمتەرخەمییەیان بەردەكەوێت، چونكە هیچ فشارێكیان نەكرد بۆ ئەوەی حكومەت بە دروستكردنی یاریگای نێودەوڵەتی ناچار بكەن.

هاندەران و وەرزشوانانیش بەرپرسن
(ئاری عەبدوڵڵا)ـی رۆژنامەنووسی وەرزشی، لەسەر هەمان پرس قسەی کرد، بە بۆچوونی ئەو بە پلەی یەکەم بەرپرسانی حکومی و وەرزشی بەرپرسن لە نەبوونی ژێرخانی وەرزشی لە کوردستان و لەو بارەیەوە گووتی: بەرپرسانی حکومی و وەرزشی نەیانتوانی وەک پێویست سوود لەو پەیواندییە بەهێزە وەربگرن کە دوای ئازادکردنی عێراق لە ٢٠٠٣، لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی عێراق دروست بوو، بەجۆرێک کە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و سەرجەم یەکێتیە وەرزشییەکانی ئەم وڵاتە بۆ هەڵسانەوە و ژیانەوەی وەرزشی عێراق، خاک و ژێرخان و کەرەستەی هەرێمی کوردستانیان بەکارهێنا.
تا ئەمرۆیش هەڵبژاردەکانی عێراق یاریگەی یانەی هەولێر بەکاردەهێنن بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان، کە ئەوکات و ئێستایش دەرفەت هەبوو لە رێگەی بودجەی عێراقەوە، ژێرخانی وەرزشی کوردستان بەهێزبکرێت، هەروەکو چۆن لە شارەکانی بەغداد، بەسڕا، نەجەف و کەربەلا و چەند شارێکی دیکەش ژێرخانی وەرزشی بەرەوپێش براوە، بەڵام بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەیان نەبوو ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە.
ئاری عەبدوڵڵا وەزشوانان و یاریزان و ڕاگەیاندنەکانیشی بەکەمتەرخەم ناو دەبات و پێی وایە کە نەیانتوانیوە هیچ فشارێک دروست بکەن، تا وەرزشی کوردستان لەو دۆخە چەق بەستووە ڕزگار بکەن و لەو بارەیەوە گوتی: حکومەت و لایەنی پەیوەندیداری وەرزشی، چەند کەمتەرخەمن لە خراپی ژێرخانی وەرزشی کوردستان، هاندەران و هەوادارانی وەرزشیش بەم ئاستە و زیاتریش خەتابارن، چونکە ئەوان ئامادەن بە گەرمای هاوین و ساردی و سەرماو سۆڵەی زستان بێنە یاریگەکان و لە کاتی یارییەکان ئامادەبن، کەچی ئامادەنین گروپێکی ناڕەزایی لە نێو خۆیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی فشار لەسەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دروست بکەن تا یاریگەی باشتر و شیاوتریان بۆ دروستبکات.
هەروەها یاریزانەکانیش بەدەر نین لە هۆکاری خراپی ژێرخانی وەرزشی هەرێمی کوردستان، چونکە ئامادەن لە هەموو جۆرە یاریگەیەکی نەشیاو و چیمەنی خراپ یاری بکەن و دووچاری جۆرەها پێکانی سەخت بن و جلوبەرگیان لە قوڕ و لیتەداماڵن.
لە کاتێکدا یاریگەی باش و چیمەنی شیاو مەرجی سەرەکی پارێزگاریکردنی سەلامەتی یاریزانانە و مافێکی سەرەتایی یاریزانە، لە یاریگەیەکی شیاو یاری ئەنجامبدات. راگەیاندکارانی وەرزشی بە پشکی شێر کەمتەرخەمن لەم دۆخە، چونکە زۆربەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی ئامادەن لەسەر حسابی دەسکەوتێکی کەمی ماددی و بێ نرخ، کەموکوڕی و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی وەرزشی بشارنەوە و بۆ رای گشتی ئاشکرای نەکەن.

بەرپرسە وەرزشییەکان لەو دۆخە بەرپرسن
یەکێک لەو ڕۆژنامە نووسانەی کە زۆر نیگەرانە لە دۆخی وەرزشی کوردستان و بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕێت (هەردی حەسەنە) ئەو ڕۆژنامەنووسە گەرمیانیە لەسەر پرسی نەبوونی یاریگەی نێودەوڵەتی لە کوردستان و خراپی ژێرخانی وەرزشی گوتی: ئەگەر بپرسین کێ لە خراپی ژێرخانی وەرزشی کوردستان بەرپرسیارە، پرسیارێکە وەڵامەکەی زۆر بەئاسان چنگی هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە دەکەوێت، ئەگەر کەمێک شارەزای بواری وەرزش بێ، گومانی تێدا نییە لە وێرانکردنی وەرزشی کوردستان تەنها بەرپرسە وەرزشیەکان لێی بەرپرسن، چونکە ئەوەی ژێرخانی وەرزشی ئەم وڵاتەی گەیاند بەم دۆخە هەر ئەوانن ئەوان دەبێ ناویان لێ بندرێ ئەندازیاری وێرانکاری وەرزشی کوردستان و پێویستیشە ئەمانە لیکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ و لەسەر ئەم وێرانکارییە بدرێنە دادگا.
دەربارەی ئەوەی کە بۆ کوردستان نەیتوانیوە ژێرخانی وەرزشی هەبێت هەردی دەڵێت: ئەوانەی وەرزشی کوردستان بەڕێوە دەبەن بەپێی جێگەو بەرپرسیاریەتیەکەیان کەسی شیاو نین لە شوێنی شیاو ئەوان تاکە شتێک کە بڕوایان پێی نەبێ ژێرخانی وەرزشی کوردستانە، هەرگیز خەمی داهاتوی وەرزشی کوردستانیان نیە، تەنها خەمی مانەوەیانە لەسەر کورسیەکانیان، لەڕابردوودا لە بواری وەرزشدا پارە تەرخان کرا، بەڵام گرفتەکە ئەوە بوو کەس نەی دەزانی ئەم هەموو پارەیە بۆ کوێ دەچێ، بەداخەوە هۆکارێکی تر نەبونی جێگەیەکە بۆ لێ پرسینەوە لەم پەرپرسە وەرزشیانە کەزۆرینەی زۆریان لەسەر پشتی وەرزش بوون بەملیاردێر ئەمانە زنجیرێکی پێکەوە گرێدراون لە زاخۆوە تاخانەقین دەسیان لە وێرانکردنی وەرزشی کوردستانا هەیە.

پێویستە گورانکاری لە بەرێوەبردنی وەرزش بکرێت
ڕۆژنامە نووسانی وەرزشی دهۆکیش لەسەر هەمان پرس بۆچوونی خۆیان هەیە، لەمبارەیەوە (زنار زوبێر) ڕۆژنامەڤانی وەرزشی دەڵێت: بەرپرسانی حکومی لە بەرێوەبەرایەتی وەرزشی بەپرسی یەکەمن لە نە بوونی یاریگا و هۆڵی وەرزشی پێشکەوتوو، هەروەها دەستەی کارگێری یانەکان کەمتەرخەمن لە کەموکوری یاریگەی وەرزشی، چونکە لە کاتی هه بوونی پارەیەکی زۆر تەنها فکریان لە گریبەست و هێنانی یاریزانی عەرەب و گریبەستی خەیاڵی دەکردەوە و هیچ کاتێک بیریان لە ژێرخانی وەرزشی نەدەکردەوە.
حوکمەت پارەیەکی زەبەلاحی لە وەرزشی خەرج کرد، بەڵام ئەو پارەیە وەکو پێویست و بەپێ پلان و دوور لە چاودێری دارایی خەرجدەکرا.
ڕۆژنامەنووسەکەی دهۆک گوتیشی بەرپرسانی وەرزشی و حکومی هەرێمی کوردستان هیج کاتێک نەهاتن چاو لە وەرزشی عێڕاق بکەن و خەمێک لە وەرزشی ئەم هەرێمە بخۆن، هیچیان بۆ ژێرخانی وەرزشی کوردستان نەکرد، بەڵکو لەماوەی رابڕدوودا بە بیانووی قەیرانی دارایی خۆیان لە کەموکورتیەکانی دەشاردەوە.
بۆ باشبوونی دۆخی وەرزشی کوردستانیش پێویستە گورانکاری لە بەرێوەبردنی وەرزش بکرێت تاکو بتواندرێت ژێرخانێکی وەرزشی باشمان هەبێت.

وەرزش بە سیستم نەکراوە
ڕۆژنامە نووسی لاو (دانا لەتیف) لەسەر پرسی نەبوونی ژێرخانی وەرزشی بۆچوونی جیاوازی هەیە و دەڵێت: وەرزش لە کوردستان بەهەموو یارییە جیاوازەکانەوە لە ئاستێکی لاوازدایە، ئەمەیش بۆ چەند هوکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان نەبوونی سەربەخۆیی کوردستانە و هەڵبژاردەیەی تایبەتە بە کوردستان لەسەرجەم یارییە جیاوازەکان، تاوەکوو بتوانن رکابەری بکەن لەسەر ئاستی کیشوەر و هەڵبژاردە جیهانییەکان، بەدەر لەوەیش تاکوو ئێستا لە کوردستان وەرزش بە سیستەم نەکراوە و بەبێ بەرنامە ساڵانە خولەکان تێپەر دەبێ.
هەندێک جار لە چەند ساڵێک خولێک دەکرێتەوە، ئەمانەیش نەبوونی پلانێکی ستراتیجی حکومەتە، بۆ کەرتی وەرزشی بۆیە بەرپرسیاری یەکەم لەم پرسە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە زۆر بێ بەرنامە دەروانێتە وەرزش و تا ئێستا هەوڵی نەداوە ژێرخانێکی بەهێزی ئابوری بو یەکێتیە وەرزشیەکان و یانە وەرزشییەکان دروست بکات، تاکوو ساڵانە بە پەیڕە و پڕۆگرامێک کاروچالاکیەکان بەڕێوە بچن.
ئەو ڕۆژنامە نووسە بەشێک لە یانەکانیش بە کەمتەرخەم دەزانی کە لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە سوود لەو هەموو بودجە زۆرانە وەربگرن کە لە بەردەستیان بووە و دەڵێت: هەندێک لە یانەکانیش بە دور نین لەم دوخە خراپەی ژێرخانی ئابوری، چونکە چەندین یانە لە ساڵانی پێشوودا توانایەکی ماددی باشیان هەبوو نەیانتوانی بە شێوەیەکی تەندروست ئەو لایەنە داراییە بەکار بهێننن و ژێرخانێکی بەهێز دروست بکەن.
گوتیشی کەسانی سەربازی و حزبی دەستیان بەسەر یانە یەکێتیە وەرزشییەکان داگرتووە، لەهەمانکاتدا دابەشکردنی پوستە وەرزشیەکان بەسەر دوو زۆنی حزبیدا وای کردوە کوردستان نەتوانێت ببێتە خاوەن ژێرخانێکی بەهێزی وەرزشی.
هێشتا درەنگ نەبووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە گرنگی لەم پرسە بروانێ و هەوڵ بدات وەرزش بکات بە پرسێکی گرنگ و بەجدی ئاوری لێبداتەوە و هەوڵ بدات چەند یاریگایەکی نێودەوڵەتی لە یارییە جوراوجورەکان دروست بکات.

خراپی ژێرخانی وەرزشی رێژەییە
ڕۆژنامە نووس (هیوا مەلا قادر) لەسەر ئەو پرسە قسەی کرد و گووتی: بێگومان حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە لە نەبوونی ژێرخانی وەرزشی لە کوردستان، بەڵام پێم وایە لە هەر شارێکی کوردستان خراپی ژێرخانی وەرزشی رێژەییە، واتا لە هەموو شارەکان وەکو یەک نیە، بۆ نموونە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە ڕەنگە لە هەولێر باشتر بن، ئەمەیش بۆ بەرپرسانی پارێزگەی شارەکان دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی خۆجێیان بەدەستە.
دەسەڵاتدارانی شارەکان لە نەبوونی پرۆژەی وەرزشی و نۆژەنکردنەوەی یاریگە و هۆڵە وەرزشیەکان بەرپرسی یەکەمن، کە هێندەی خەمی بەرژەوەندی خۆیانە هێندە خەمی پێشکەوتنی وەرزشیان نیە، نەتواندراوە لە هەموو شارەکان یاریگەیەکی وەرزشیمان هەبێت و هەموو شارەکانی عێڕاق پێشمان کەوتن.
نمونەیەک لەسەر شاری هەولێر پارێزگای ئەوشارە لە جیاتی دانانی ئەو هەموو بڕە پارە بۆ یانەی هەولێر و واژووکردنی گرێبەستی زەبەلاح دەکرا، ئەو پارەیە بۆ سەرجەم وەرزشەکان خەرجبکرێت و ژێرخانێکی وەرزشی بۆ دروست بکات، ئەمە وایکردووە لە ئێستادا هەولێر خراپترین شاری کوردستان بێت لە ڕووی پڕۆژەی وەرزشی.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر