ئەیلول 21, 2019

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕامۆس ڕێنوێنیی زیدان دەكات، كە پشت بە بەیڵ و ڕۆدڕێگز ببەستێت
سێرجیۆ رامۆسی ئەستێرە و كاپتنی یانەی ریاڵ مەدرید، ڕێنوێنیی زینەدین زیدانی راهێنەری یانەكەی دەكات، كە لە ماوەكانی داهاتوودا پشت بە هەریەك لە یاریزانان گاریس بەیڵ و جیمس ڕۆدڕێگز ببەستێت.
رۆژنامەی لێ تێن سپۆرتی فەرەنسی، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە لە یۆلیۆوە دۆخی بەیڵ و جیمس گۆڕاوە، لە كاتێكدا هیچ كام لەو یاریزانە كۆڵۆمبی و وێڵزییە لە پلانی زیداندا نەبوون بۆ وەرزی تازەی تۆپی پێ.
هەردوو یاریزان، لە گەڕی دووەمی لا لیگاوە بەشدارییان پێ كرا، رامۆس ئەوەی پێ گرینگە و داوا دەكات زیاتر بەشدارییان پێ بكرێ و پشتیان پێ ببەسترێت، چونكە لە دیدی ئەوەوە، ئەو جووت یاریزانە، لە ریزی باشترینەكانی جیهاندان.  ڕامۆس، پێی وایە ئەگەر ركەبەری هەبێ، وا دەكات هەمووان ڕێچكەیەكی ڕاست بگرنە بەر.

ئەو گوتەیەی سەڵاح بە دەیڤید لویزی گوت، ئاشكرا بوو
بەرگریكاری یانەی ئارسناڵ، دەیڤید لویز، پشتپەردەی گوتەكانی ئەستێرەی میسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئاشكرا كرد، دوای بردنەوەی لیڤەرپوول بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ، لە  گەڕی سێیەمی پرێمەر لیگدا.
رۆژنامەی میڕەڕی بریتانێ، گوتەكانی دەیڤید لویزی گواستووەتەوە، كە ناوبراو پێی وایە هەرچەندە لیڤەرپوول لە ساڵانی رابردوودا ئاستێكی سەرنجڕاكێشی پێشكەش كردووە، بەڵام ئەگەر ئەوان زووتر گۆڵیان بكردایە، ڕەوشەكە دەگۆڕا و جیاواز دەبوو.
لە بارەی گۆڵی دووەمی لیڤەرپوولەوە، كە لە ئاكامی لێدانی سزاوە هات، ناوبراو ئەوەی بە سزا نەزانی و وتی تەنانەت دوای یارییەكە لەگەڵ محەممەد سەڵاح دوام و ئەو پێی وتم هەستم بەوە نەكرد كە دەستت بەرم كەوتبێ و بەو هۆیەوە نەكەوتووە. ناوبراو، ورەی بەر نەداوە و دەڵێ ئێمە شەش خاڵمان هەیە و دەبێ بۆ یارییەكانی داهاتوو، بە تایبەت تۆتنهام خۆیان ئامادە بكەن، بە جۆرێك كارێك بكەن، لە یارییەكاندا هێرشەكان لە پشتەوە دروست بكەن و لە قووڵاییەوە بچنە نێو گۆڵی تیپی بەرانبەر، پێی وایە توانای ئەو كارەیشیان هەیە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler