ئەیلول 21, 2019

چه‌ند یانه‌یه‌ك به‌هێزه‌وه‌ خۆیان بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ئاماده‌ كردووه‌

به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كان پێده‌چێت ململانێی سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا زۆر گه‌رموگوڕتر بێت، ئه‌و راهێنه‌ره‌ی كه‌ یۆڤنتۆسی كرده‌ پاڵه‌وان، ئێسته‌ بۆ ئیتاڵیا گڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیسانیش له‌ بردنه‌وه‌كانی به‌رده‌وام بێت.

مێركاتۆی هاوینه‌ دۆخی گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی له‌ ئیتاڵیا گه‌رمتر كرد، به‌ تایبه‌ت بۆ یانه‌ی یۆڤنتۆس كه‌ دیسانیش وه‌پێش هه‌موویان كه‌وته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان توانیویانه‌ ئارۆن را‌مسی و ئه‌دریان رابیۆ بكڕن و دواتریش ماتیاس دی لیختیان له‌ چینگی بارسێلۆنا ده‌رهێنا و بڕی 75 ملیۆن یۆرۆیان دا به‌ ئایاكس، ئه‌م كڕینه‌ی یاریزانی هۆڵه‌ندی، له‌ كاتێكدا ساڵی رابردوو رۆناڵدۆی كرێبوو، زۆر كاریگه‌رتر بوو.
له‌ هاوینی ئه‌مساڵیش دی لیخت كه‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌، له‌ یاری پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریزانی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌ی بوو، له‌ یاری كۆتایی خولی ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپاش یاری كرد. ئه‌و له‌ هۆڵه‌ندا دووانه‌ی برده‌وه‌. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرا له‌ كۆتاییدا یاری بۆ بارسێلۆنا بكات، یان ریال مه‌درید و بایرن میونشن و پاریس سانجێڕ‌مان، كه‌چی له‌ كۆتاییدا درێسی یانه‌ تورینییه‌كه‌ی پۆشی.

ئه‌ركی ساری: پاڵه‌وانیەتی
به‌ كڕینی دی لیخت، پێ ده‌چێت جیاوازی یانه‌ی یۆڤنتۆس له‌گه‌ڵ ركابه‌ر ناوخۆییه‌كان زیاتر له‌و هه‌شت ساڵه‌ی رابردوو بووه‌ كه‌ به‌رده‌وام لالیگای بردووه‌ته‌وه‌. یانه‌یه‌ك كه‌ وه‌رزی رابردوو به‌ جیاوازی 11 خاڵ بوو به‌ پاڵه‌وان و 21 خاڵیش له‌گه‌ڵ یانه‌ی سێیه‌م جیاوازی هه‌بوو. دیسانیش ته‌نیا و ته‌نیا خۆی بۆ پاڵه‌وانێنی ئاماده‌ كردووه‌ و هیچی تر.
به‌ڵام نابێ باسی ئه‌وه‌یش نه‌كرێت كه‌ هێشتا یۆڤنتۆس هیچ یاریزانێكی نه‌فرۆشتووه‌ و تیپه‌كه‌ی ماوریزیۆ ساری پڕ بووه‌ له‌ ئه‌ستێره‌، ساری چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گوتبووی، ناچار بین چه‌ند ئه‌ستێڕه‌یه‌ك له‌ لیسته‌كه‌مان بفرۆشین و ده‌ستبه‌رداریان ببین.
رامسی و رابیۆ ڕێگه‌ی یانه‌یه‌كیان گرتووه‌ته‌ به‌ر كه‌ له‌ هێڵی ناوه‌ڕاستیدا یاریزانانی وه‌كوو پیانیچ، ئێمرێ جان، بله‌یس ماتوییدی، رۆدریگۆ بێنتاكور و سامی خزێرای هه‌یه‌، پێ ده‌چێت پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان سامی خزێراله‌ یۆڤنتۆس جیا بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش گوتوویه‌تی حه‌ز ده‌كات له‌ یانه‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.
له‌ هێڵی هێڕشبه‌ردا پاوڵۆ دیبالا، گۆنزالۆ هیگواین، ماریۆ ماندزۆكیچ، دۆگلاس كۆستا، فێدریكۆ بێرناردسكی و خوان كوادرادۆ پاڵپشتی رۆناڵدۆیان به‌ده‌سته‌، ساری هه‌وڵی داوه‌ هێڵێكی هێڕشبه‌ری به‌هێزی هه‌بێت، به‌ڵام كه‌سیش نازانێت تا چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ كام یاریزان له‌ یۆڤنتۆس جیا ده‌بێته‌وه‌.
هه‌رچه‌ند یۆڤنتوس له‌ یارییه‌ دۆستانه‌ و ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌م هاوینه‌ ئه‌نجامه‌كانی جێگه‌ی دڵخۆشی هانده‌رانی نه‌بوو، به‌ڵام كێشه‌ی یۆڤنتوس ئه‌و كاته‌ دروست بوو كه‌ ساری نه‌خۆش بوو و یۆڤنتوس رایگه‌یاند كه‌ ناتوانێ له‌ دوو یاری به‌رانبه‌ر به‌ پارما و ناپۆلی لای یاریزانه‌كان بێت.
ئه‌گه‌ر یۆڤنتوس له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزدا خاڵ له‌ده‌ست بدات، بێشك ساری ده‌كه‌وێته‌ ناو كێشه‌وه‌. ئه‌ویش به‌و هۆیه‌ی كه‌ له‌ یانه‌ی ڕكابه‌ره‌وه‌ هاتووه‌ و تا به‌هاری ئه‌مساڵیش له‌ ئه‌ورووپا هیچ خولێكی نه‌بردووه‌ته‌وه‌ و هیچ پاڵه‌وانه‌تێكی گه‌وره‌ی نه‌بوو، ده‌بێته‌ كێشه‌ی نێوان ساری و هانده‌رانی یانه‌ی یۆڤنتوس.

ئینته‌ر میلان: ئامانجی پاڵه‌وانیەتی
ئه‌نتۆنیۆ كۆنتێ گوتوویه‌تی، ئه‌گه‌ر ئینته‌ر چانسی پاڵه‌وانیەتیی نه‌بووایه‌، هیچكات بۆ ئه‌م یانه‌یه‌ نه‌ده‌هات.
ئه‌و كڕیارانه‌ی ویستوویه‌تی، ئه‌نجام دراون. له‌ ئینته‌ر، هه‌ندێ كه‌س له‌و باوه‌ڕه‌دان لۆكاكۆ و ئالێكسیس سانچێز بژارده‌یه‌كی باش نین بۆ پاڵه‌وانێتی، به‌ڵام كۆنتێ له‌و كاته‌وه‌ راهێنه‌ری یۆڤنتوس بوو، حه‌زی ده‌كرد لۆكاكۆ له‌ یانه‌كه‌ی ئه‌ودا یاری بكات. نیكۆلر بارێلا و ستیفانۆ سێنسیش ئاستبه‌رزی بۆ هێڵێ ناوه‌ڕاست دێنن، ڕێك ئه‌و شته‌ی كه‌ یانه‌كه‌ پێویستی پێی هه‌بوو و دیێگۆ گۆدینی ئۆرگواییش كه‌ ده‌بێته‌ ڕێبه‌ری هێڵی به‌رگری، كه‌واته‌ ئینته‌ریش به‌ره‌و پاڵه‌وانێتی هه‌نگاو ده‌نێت.
هه‌رچه‌ند مانه‌وه‌ی ماورۆ ئیكاردی سه‌رئێشه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌یه، پێشتر راگه‌یاندرا ئه‌م یاریزانه‌ جێگه‌ی له‌ ئینته‌ر نابێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشیبنییه‌كان ئینته‌ر میلان به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر پێگه‌ی یانه‌كه‌ی رایگه‌یاند بۆ وه‌رزی داهاتوو ئیكاردی درێسی ژماره‌ 7 ده‌پۆشێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا هیچ یانه‌یه‌ك ئه‌م یاریزیزانه‌ی نه‌وێت، خۆ ئه‌وانیش بێ به‌رانبه‌ر نایده‌ن به‌ هیچ یانه‌یه‌ك و یاریزانێكیش نییه‌ یاری پێ نه‌كرێت و پشتگوێ بخرێت.

ناپولی و ددان تیژكردن له‌ پاڵه‌وانێتی
ناپۆلی ئیكاردی ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م یاریزانه‌ خۆی حه‌زی له‌ یاریكردن بۆ ناپولی نه‌بێت، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ چاوپۆشی له‌ كڕینی بكه‌ن. به‌هه‌رحاڵ ناپولی بۆ بردنه‌وه‌ی سێریا ئه‌ی ركابه‌رێكی جددیتره‌ بۆ یۆڤنتوس تا یانه‌ی ئینته‌ر میلان.
ناپولی كاستاس مانۆلاسی كڕیوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خالیدۆ كولیبالی ده‌بێت له‌ هێڵی به‌رگریدا یاری بكات. به‌م شێوه‌یه‌ پله‌ دووه‌می وه‌رزی رابردوو باشترین دووانه‌ی لالیگای هه‌یه‌. گۆڵچییه‌كه‌شیان ئه‌لێكس مرتی ته‌مه‌ن 22 ساڵانه‌ كه‌ پێشوه‌چوونێكی باشی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. له‌ دوازده‌ وه‌رزی رابردووی لالیگادا، ئه‌م یانه‌یه‌ بووه‌ته‌ پاڵه‌وان كه‌ كه‌مترین گۆڵی لێ كراوه‌.
ناپولی له‌ هێڵی هێرشبه‌ریشدا بژارده‌ی باشی هه‌یه‌. ئیروینگ لۆسانۆ ئێسته‌ یاریزانی ئه‌م یانه‌یه‌. دوایین پاڵه‌وانێتی كارلۆ ئه‌نچلۆتی له‌ لالیگا و به‌ر له‌ دوایین پاڵه‌وانێتی كۆنتێ بووه‌، به‌ڵام باش ده‌زانێ چی بۆ پاڵه‌وانێتی پێویسته‌. ئه‌نچلۆتی وتوویه‌تی، ئیتر پله‌ی دووه‌م گرنگ نییه‌، ئێسته‌ ده‌بێ پاڵه‌وانێتی به‌ده‌ست بێنین.
خۆ ناكرێت ئاتڵانتا بخه‌ینه‌ به‌ختی پاڵه‌وانێتی، به‌ڵام ئه‌وانیش ئاستیان به‌و راده‌یه‌ به‌رزه‌ كه‌ بتوانن یه‌ك له‌ چوار یانه‌كانی سه‌رووی ریزبه‌ند بن. جیان لۆكا مانچینی له‌ یانه‌ی رۆمایه‌، به‌ڵام ئه‌و ته‌نیا یاریزانێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ ئاتالانتا جیا بووه‌ته‌وه‌ و لوئیس موریلیش له‌ هێڵی هێرشبه‌ردا بژارده‌ی باش ده‌داته‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی.


ڕۆما: ئاستێكی باش بۆ بردنه‌وه‌
سه‌یركردنی یارییه‌كانی ڕۆما به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تی پاولۆ فۆنسكا ده‌توانێ چێژبه‌خش بێت. ئه‌و یاریزانان هان ده‌دات بۆ بردنه‌وه‌ هه‌موو شتێ بكه‌ن و له‌ شاختار دۆنتسكیشدا ئاستێكی باشی پێشكه‌ش ده‌كرد. ئائۆ لوپس گۆڵچی یانه‌كه‌یه‌ و ئه‌دین دزیكۆش بڕیاری مانه‌وه‌ی داوه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ ده‌تونن سه‌رنجڕاكێش بن.

سه‌رنجڕاكێشه‌كانی دیكه‌، له‌ جیامپائۆلۆوه‌ بگره‌ تا ڕێبێری
-میلان راهێنه‌رێكی نوێی هه‌یه‌: ماركۆ جیامپائۆلۆ. ئه‌وانیش یارزانی باشیان بۆ پێكهاته‌ گواستووه‌ته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه‌ سه‌یر بێته‌به‌رچاو كه‌ كڕینی دوو یاریزان له‌ ئه‌مپۆلی كه‌ له‌ وه‌رزی ڕابردوودا پله‌ی هه‌ژده‌یه‌م هاتنه‌وه‌ و بۆ خولی دوو دابه‌زین بابه‌تێكی دڵخۆشكه‌ر نه‌بێت. به‌ڵام رادێ كرۆنیچ له‌ وه‌رزی رابردوو له‌ هیڵی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ پێنج گۆڵی تۆمار كرد و حه‌فت پاسی گۆڵیشی دا. ئیسمائیل بن نایه‌ریش له‌ جامی وڵاتانی ئه‌فریقا باشترین یاریزان بوو. لازیۆ وه‌رزێكی ئارامی له‌ كڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا هه‌بووه‌، به‌ڵام كڕینی مانۆئێل لاتزاری ئه‌م یانه‌یه‌ به‌هێزتر ده‌كات.
- تۆرینۆش گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ و له‌ خولی ئه‌ورووپادا تیروپشك یاوه‌ری نه‌بووه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ دۆڕاوه‌، ئه‌گه‌ر وه‌خۆیان نه‌یه‌نه‌وه‌، چاره‌نووسێكی خراپ چاوه‌ڕوانیان ده‌كات.
- به‌ڵام بابه‌تی سه‌رنجڕاكێشیش هه‌یه‌. فرانك ڕیبێری بڕیاره‌ له‌ فیۆرنتینا یاری بكات، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ كوین پرێنس. راجا نایینگولان بۆ كالیاری گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ماریۆ بالۆتێلیش له‌ خولی ئیتاڵیا یاری ده‌كات. كاتێك بۆ یانه‌ی بێرشیا گه‌ڕایه‌وه‌، دایكی له‌ خۆشیان گریا، چونكه‌ له‌م شاره‌ له‌ دایك بووه‌.
- بالۆتێلی هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ی لێی له‌ دایك بووه‌، ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكات و به‌ر له‌ یارییه‌كانی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا له‌ ساڵی 2020 بۆ پیكهاته‌ی ئیتاڵیا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و ده‌بێ سه‌ره‌تا له‌ بێرشیا ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكات، یانه‌یه‌ك كه‌ چه‌ند هێرشبه‌ری به‌توانی هه‌یه‌.

 

محەمەد شهەدی- هەولێر

© 2017 Hawler