ئەیلول 19, 2019

كلۆپ: دۆخی دارایی ڕێگر بوو لە گەڕانەوەی كۆتینۆ بۆ لیڤەرپوول

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بۆندێكی سێینە لە نێوان بەرشلۆنە و یوڤێنتوس و پاریس سانت جێرمان
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە، كە سەرەڕای ئەوەی ماوەی جێگۆڕكێی هاوینەی یاریزانان، زۆری نەماوە، بەڵام هەرسێ یانەی بەرشلۆنە و یوڤێنتوس و پاریس سانت جێرمان لە ركەبەریی توندان.
بۆندەكە، لە نێوان یاریزانان نێیمار دا سیلڤا و پاولۆ دیبالایە. كە یەكەمیان دەیەوێ ریزەكانی پاریس سانت جێرمان جێ بهێڵێت و دووەمیشیان ئەگەری چوونی بۆ پاریس سانت جێرمان هەیە، بەرشلۆنەیش نیازی دەستخستنی نێیماری هەیە، هەرسێ یانەیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی قازانجی ماددی و مەعنەوی بكەن، لە هەمان كاتدا یانەی یوڤێنتوس هەوڵ دەدات لویس سوارێز لە بەرشلۆنەوە بباتە ریزەكانییەوە.
رۆژنامەكە، ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە نوێنەرانی یانەی بەرشلۆنە، لەگەڵ فابیۆ باراتیكی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی یوڤێنتوس دواون لە بارەی یاریزانە ئۆروگواییەكەی یانەی بەرشلۆنە.
تا ئێستە یاریزان سوارێز ناوی نەخراوەتە لیستی ئەو یاریزانانەی ریزەكانی بەرشلۆنە جێ دەهێڵن، یان تووشی پێكان بوون، بەڵام یوڤێنتوس دەیەوێ هێرشبەرێكی بەتوانا لە شان كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بكات.

گفتوگۆیەكی تانەئامێزی نێوان خلێفی و بارتۆمیۆ ئاشكرا كرا
كێشەیەكی تازە كەوتە نێوان گفتوگۆكانی نێوان بەرشلۆنە و پاریس سانت جێرمان، لە بارەی گەڕانەوەی نێیمار بۆ ریزی یانە كاتەلۆنییەكە.
رۆژنامەی مۆندۆ، بڵاوی كردووەتەوە، كە پێشتر لە كۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژی تۆپی پێ، كە هەریەك لە جۆسێپ بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە و ئەندریە ئەنیلی سەرۆكی یوڤێنتوس و پیتەر لووێل سەرۆكی جێبەجێكاری یانەی سێڵتیك و ناسر خلێفی سەرۆكی یانەی پاریس سانت جێرمان ئامادە بوون و لەو كاتەی لەسەر كورسییەكان دانیشتوون، خلێفی پێشوازی لە بارتۆمیۆ كردووە و پێی وتووە سڵاو فێڵباز.
رۆژنامە نزیكەكە لە بەرشلۆنەوە، ئەوەی بڵو كردەوە كە هەمووان گوێیان لەو توانجە بووە، كە هۆیەكەی واژۆكردنی بۆند بووە لەگەڵ فرانك دی یۆنگ، كە لەو كاتەدا یانەی پاریس سانت جێرمانیش لە ململانێدا بووە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە هۆڵەندییە.
بەرشلۆنە، لە سێ ساڵی رابردوودا، هەوڵی داوە هەریەك لە یاریزانانی پاریس سانت جێرمان تیاگۆ سیلڤا، ماركینۆس، ڤێراتی، دی ماریۆ و رابیۆ بباتە ریزەكانییەوە، بەڵام هیچ كامیانی بە دەست نەهێناوە، لە كۆی ئەو یاریزانانەدا، تەنیا لە بۆندی رابیۆدا خۆی پاشەكشەی كرد، ئەمە ئاماژەیە، بەوەی لە بۆندی نێیماردا سەركەوتوو نابێت.

كلۆپ: دۆخی دارایی ڕێگر بوو لە گەڕانەوەی كۆتینۆ بۆ لیڤەرپوول
یۆرگن كلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، ئەوەی خستە روو، كە خراپیی ڕەوشی دارایی یانەكەیان، ڕێگر بووە لەوەی بتوانن دووبارەی یاریزانی بەڕازیلی كۆتینۆ ببەنەوە ریزەكانیان.
كلۆپ، پێشتریش ئاماژەی بەوە كردبوو كە ڕەوشی دارایی یانەكەیان بە جۆرێك نییە هەر یاریزانێكیان بووێ و پێویست بێ، بیبەنە ریزەكانیانەوە.
كلۆپ، ئەوەی خستە روو، كە نەیانتوانی تێچووی كڕینی تواناكانی كۆتینۆ دابین بكەن، هەموو ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی ئەودا دەستیان خستبوو، خەرجیان كردووە.
كلۆپ، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە پێداگر بوون لەوەی بیبەنەوە ریزەكانیان، بەڵام بەرشلۆنە ناچاری كردوون بڕەپارەیەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە بدەن.
بۆ زانین، فلیپ كۆتینۆی بەڕازیلی، هەینی رابردوو بە بۆندێكی شێوەكانی لە یانەی بەرشلۆنەوە چووە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، كە بۆ یەك وەرزە و دەتوانن دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، بە بەهای 120 ملیۆن یۆرۆ، بە شێوەی هەمیشەیی ببەنە خاوەنی تواكانی ئەو یاریزانە.
كۆتینۆی 27 ساڵان، پێش 19 مانگ بەرانبەر 147 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی لە یانەی لیڤەرپوولەوە رووی كردە كاتەلۆنیا، بەڵام لیڤەرپوول دواتر بە 67 ملیۆن یۆرۆ بۆندی لەگەڵ ئەلیسۆنی گۆڵپارێزی بەڕازیلی و بە بەهای 75 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینیش بۆندی لەگەڵ ڤان دایك واژۆ كرد، كە ئەو دووانە رۆڵی گەورەیان لە بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنس لیگ بۆ لیڤەرپوول لە وەرزی رابردوو هەبوو، كاتێك لە یاریی كۆتاییدا لە یانەی تۆتنهامی بردەوە، لە پرێمەر لیگیش، بە جیاوازیی خاڵێك لە دوای مان سیتییەوە خانەی دووەمی گرت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler