ئەیلول 19, 2019

كچه‌ كوردێك پله‌ی دووه‌می له‌ پاڵه‌وانێتی شه‌رته‌نجی عێراق به‌ده‌ستهێنا

پاڵه‌وانێتی شه‌تره‌نجی عێراقی بۆ لاوان و تازه‌پێگه‌یشتووان، كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، شه‌تره‌نجزانانی كوردستان ئاست و ئه‌نجامێكی باشایان به‌ده‌ستهێنا، كچه‌ كوردێك توانی له‌سه‌ر ئاستی هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستبێنێت.

كچه‌ شه‌تره‌نجزان لانه‌ هاوار خه‌لیل، له‌ یانه‌ی شه‌تره‌نجی خانزاد، توانی له كێبڕكێكانی ته‌مه‌ن 16 ساڵان له‌سه‌ر ئاستی عێراق پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستبێنێت، دوای ململانێییه‌كی به‌هێزی نێوان یاریزانه‌كان، كه‌ ژماره‌یان 65 یاریزان بوو له كوڕان و كچان پیكهاتبوون، كچه‌ كوردێكی دانیشتووی شاری هه‌ولێر پله‌ی دووه‌می له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ لانه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق ئه‌م ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ستبێنێت.
پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بۆ ئاسته‌كانی دیكه‌ش به‌ڕێوه‌چوو، بۆ ته‌مه‌نی 18 ساڵان یاریزان ئه‌حمه‌د جه‌زا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، بۆ ئاستی ته‌مه‌ن 20 ساڵان موعه‌زه‌ز زاهیر پله‌ی یه‌كه‌می برده‌وه‌، ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ رۆژی 18ـی ئاب ده‌ستیپێكرد تا 20ـی ئاب به‌رده‌وام بوو، له هه‌ولێر گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانێتی شه‌رته‌نج له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌ ماوه‌یه‌دا به‌ڕیوه‌چوو، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی یاریزانانی كورد تێدا به‌شداریان كرد، دیارترین ئه‌نجام لانه‌ هاوار بوو، كه‌ پله‌ی دووه‌می برده‌وه‌، پێشووتریش لانه‌ له‌چه‌ند پاڵه‌وانێتییه‌كی دیكه‌ی جیهانی و ناوخۆی به‌شداری كردووه‌، ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناوه‌.

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler