تشرینی دووەم 15, 2019

3ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زێرەڤانی دەستیان لەکارکێشایەوە

هەریەک لە (ناڵە سوپەر، چریسک مزوری، عەبدوڵڵا جەلال) ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی زێڕەڤانی دەستیان لەکارکێشایەوە، بەگوتەی ئەو سێ ئەندامەی یانەی زێرەڤانی، یانەکە شەفافانە کارناکات و ناڕونی لە ئیش و کارەکان بەدی دەکڕێت، ئەمەیش هۆکاری سەرەکی بووە کە ئەوان بڕیاری ئەوە بدەن کە دەست لە پۆستی ئەندامیەتی یانەی زێرەڤانی هەڵبگرن، لە بارەی وازهێنانیشیان ڕونکردنەوەیەکیان بۆ ڕای گشتی شەقامی وەرزشی بڵاو کردەوە.

ڕوونکردنەوەکەی ئەو سێ ئەندامە
ئێمە سێ ئەندامی کارای دەستەی کارگێڕیی یانەی زێرەڤانی، کە نزیکەی سێ ساڵە لەکارکردن لە یانەکە وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بەردەوامین و شانازی بەهەموو ئەو کارانەوە دەکەین کە بۆ یانەکەمان و یاریزانان و راهێنەرانی یانەکەمان کردووە، دەمانەوێ بۆ هەموو لایەکی روون بکەینەوە کە لەم ساتە بەداوەوە، هیچ پەیوەندەییەکمان بە کارگێڕیی یانەکەوە نییە و دەستلەکاردەکێشینەوە.
لێرەدا دەمانەوێ بۆ هەموو لایەکی روون بکەینەوە، بەتایبەت وەرزشدۆستانی کوردستان و شاری دهۆک بەتایبەتی و یاریزانانی هەموو تیمە جیاوازەکانی یانەکە، کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەمان بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەویستی ئێمەوە هەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە وەرزشوانان و ناوی گەورەی یانەی زێرەڤانی.
ئێمە لەبەرئەوەی تێبینی زۆرمان لەسەر شێوازی کارکردن لە یانەکەدا هەیە و پێمانوایە ناوەرزشییە و ناڕوونی لە شێوازی کارکردنی دەستەی کارگێڕیدا هەیە و شەفافیەت نییە، چەندینجار داوای پێکهێنانی لێژنەمان کرد بۆ دەرخستنی راستییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان، بەڵام ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەداواکەی ئێمە بۆ دەرخستنی راستییەکان رازی نەبوون و ئەمڕۆ لە دوا کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیدا هەموو شتەکان گەیشتنە بنبەست.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لە هیچ هەنگاوێکی ناوەرزشییانەی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەرپرسیار نین و ناتوانین چیدی لە ئاست کەمتەرخەمی و نایەکسانی نا شەفافیەتدا بێدەنگ بین، بۆیە دەستلەکاردەکێشینەوە.
دووپاتیشی دەکەینەوە بۆ خزمەتی وەرزش لە کوردستان و ناوی یانەی زێرەڤانی هەمیشە ئامادەی قوربانیدانین بێ ماندووبوون.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler