ئەیلول 19, 2019

بەرشلۆنە لە بارەی پێكانی سوارێزەوە ڕوونكردنەوەی دا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لێدوانی بەرپرسانی بایرن میونشن لە بارەی فلیپ كۆتینۆوە
كارڵ هاینز رۆمینیگە، سەرۆكی جێبەجێكاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دوای یارییەكەیان بەرانبەر هێرتا بەرلین، ئەوەی خستە روو كە لە بارەی فلیپ كۆتینۆوە گەییشتوونەتە ڕێككەوتن.
ناوبراو، بۆ پێگەی فەرمیی یانەكەی، ئەوەی خستووەتە روو، كە ماوەیەكی زۆرە دەیانەوێت بۆند لەگەڵ كۆتینۆدا واژۆ بكەن، تا دواجار بەو ئامانجە گەییشتن و لەگەڵ یانەكە و یاریزانەكەدا لەو رووەوە گەییشتوونەتە ڕێككەوتن.
حەسەن ساڵح حەمیدزیش، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بایرن میونشن، ئەوەی خستە روو، كە هەندێ وردەكاریی بچووكیش هەن، بەڵام ئاسوودەن بە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ كۆتینۆ.
هاوكات، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی میونشن نیكۆ كۆڤاچ، وتی: پێم وایە ئەم بۆندە تەنیا بۆ یەك یانە گرینگ نییە و بۆ هەموو یانەكانی خولی ئەڵمانیا و هەموو ئەڵمانیا گرینگە، ئەو یاریزانێكە دەتوانێ زۆر شتی زیاد بخاتە سەر تۆپی پێی ئەڵمانیا.
بۆندی كۆتینۆ، بە شێوەی خواستنە بۆ ماوە وەرزێك، لەگەڵ ئەگەری كڕینی یەكجاری، مووچەی كۆتینۆ بۆ ئەو ساڵەی لە یانەكە دەمێنێتەوە، 12 ملیۆن یۆرۆ دەبێ.
بەم زووانە پشكنینە پزیشكییەكان و هەندێ ڕێوشوێنەكانی تریش دەگیرێنە بەر و وەك یاریزانی یانەی بایرن میونش دەستبەكار دەبێ.

بەرشلۆنە لە بارەی پێكانی سوارێزەوە ڕوونكردنەوەی دا
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، روونكردنەوەی فەرمی لە بارەی پێكانی یاریزانی ئۆروگوایی یانەكەیان لویس سوارێز بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە لە ماسوولكەكانیدا تووشی پێكان هاتووە.
ناوبراو لە یاریی دەستپێكی لا لیگادا و لە رووبەرووبوونەوەی نێوان بەرشلۆنە و ئەتلەتیك بلباودا تووشی پێكان هات و بەو هۆیەوە لە خولەكی 37ـدا بە ناچاری یاریگەی جێ هێشت و یاریزانی بەڕازیلی رافینیا ئەلكانترا شوێنی گرتەوە.
یانەكە خستییە روو، كە پشكنینی زیاتریشی بۆ دەكرێ، بۆ دیاریكردنی ڕادەی پێكانەكەی و ماوەی دووركەوتنەوەی لە یاریكردن.
یانەی بەرشلۆنە، لە یەكەم یاریدا، وێڕای هەواڵی نیگەرانكەری پێكانی سوارێز، تووشی یەكەم شكستیش بوو لە خولەكە، كە یاریی دەستپێك بوو، بەو هۆیەوە رووبەرووی رەخنەی بەشێكی هەوادارن و نەیارانی بووەوە.

مانچستەر سیتی، لە بارەی سانییەوە بڕیارێكی دا
راپۆرتە مێدیاییەكانی بریتانیا، بڵاویان كردەوە، كە یانەی مانچستەر سیتی هێشتا دەیەوێت بۆندی یاریزانی یانەكە لیرۆی سانی ئەڵمانی نوێ بكاتەوە.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و لیڤەرپوول، لە پاڵەوانیەتیی قەڵغانی خێرخوازی، سانی تووشی پێكانێكی سەخت و پچڕانی بەستەری خاچەئێسكی هات.
رۆژنامەی میترۆی بریتانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە یانەی مانچستەر سیتی، سەرەڕای ئەو پێكانەی سانی، بەڵام بڕیاری داوە بۆندەكەی نوێ بكاتەوە، ئەمەیش لە پێناو متمانەدانەوە بە یاریزانەكە، لە سۆنگەی باوەڕی زۆریشەوە بە تواناكان و لێوەشاوەیی ئەو یاریزانە.
رۆژنامەكە، دووپاتی كردووەتەوە، كە مان سیتی لەگەڵ نوێكردنەوەی بۆندی سانی، موچەكەی بۆ 65 هەزار جونەیهی ئیستەرلینی لە هەفتەیەكدا بەرز دەكاتەوە.
ناوبراویش هیچ كاتێك ئارەزووی خۆی بۆ رۆییشتنی لە ریزەكانی سیتیزن دەرنەبڕیوە، بەڵام كارگێڕیی یانەكە، گومانیان لە نیاز و مەبەستی بریكاری ئەو یاریزانە هەیە.
یانەكە، سانی ئاگەدار كردووەتەوە، كە ئۆفەری دەخاتە بەردەست، بە درێژایی ماوەی خۆئامادەكردنەوە و چاكبوونەوە، ئەمەیش وەك پاڵپشتییەكە بۆ یاریزانەكە.
پێشتر پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانە ئینگلیزییەكە، ئەوەی خستە روو، كە ئەو یاریزانە ئەڵمانییە ماوەی 7 مانگ لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.
یانەی بایرن میونشنیش نیازی واژۆكردنی بۆندی لەگەڵ سانیدا هەبوو، بەڵام پێكانەكەی سانی، یانە ئەڵمانییەكەی لەو نیازە پەشیمان كردەوە و بۆندی لەگەڵ ئیڤان پیرسیچی كرواتی یاریزانی یانەی ئینتەر میلان بە شێوەی خواستن كرد.
سانی، وەرزی رابردوو توانیبووی 16 گۆڵ تۆمار بكا و 18 گۆڵی دیكەیش دروست بكا، لە كۆی بەشداریكردنی لە 47 یاریی یانەكە لە هەموو پاڵەوانیەتییەكاندا.
ناوبراو، كە تەمەنی 23 ساڵانە، لە هاوینی 2016ـەوە یانەی شاڵكەی وڵاتەكەی خۆی جێ هێشت و رووی لە ئینگلتەرا و یانەی مان سیتی كرد، كە بەهای بۆندەكەی 50 ملیۆن یۆرۆ بوو، ماوەكەیشی تا یۆنیۆی 2021ـە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler