تشرینی یەکەم 20, 2019

یانه‌ی زاخۆ شۆڕشی نوێكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كه‌ی ده‌ست پێكردووه‌

یانه‌ی زاخۆ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خولی نایابی عێراق، له‌ ئێستادا خه‌ریكی خۆ ریكخستنه‌وه‌ی تیپه‌كه‌یه‌تی و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یاریزانی نوێ ئه‌نجام ده‌دات، چه‌ند یاریزانێكی له‌ یانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێر اق بۆ ریزه‌كانی گواستووەته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی جارێكی تر بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان دانه‌به‌زێت.
زاخوا دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوینه‌ توانی له‌ پاڵاوتنه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی عێراقی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نایاب، ئێستا به‌دوای به‌هێزكردن ونوێكردنه‌وه‌ی پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌یه‌تی، تا ئێستاش هه‌شت یاریزانی بۆ ریزه‌كانی گواستۆته‌وه‌، یاریزانه‌كان ئه‌مانه‌ن، ( ره‌زا نه‌سرۆڵڵا) ، كه‌ پێشووتر یاریزانی ئه‌مانه‌ی به‌غدا و ته‌له‌به‌ بووه‌، وه‌ له‌ر یزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراقیش یاریی كردووه‌، (ئه‌حمه‌د سه‌لامی)،( مسته‌فا حه‌نون) یاریزانی هێرشبه‌ر، (سه‌یف خالید شیان) یاریزانی لاوانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، كه‌ یاریی بۆ زه‌ورا و ته‌له‌به‌ و نه‌فتی ناوه‌ڕاست كردووه‌، (محه‌مه‌د جه‌واد) له‌ یانه‌ی دیفاع مه‌ده‌نی، گۆڵپارێز(هانی شاكر)، گۆڵپارێزێكی دیكه‌شی گواستۆته‌وه‌ به‌ناوی (محه‌مه‌د شاكر)، كه‌ له‌ یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غدا یاریی ده‌كرد، هه‌وروه‌ها یاریزان (محه‌مه‌د نازر).
یانه‌ی زاخۆ ته‌نها به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌شت یاریزانه‌ نه‌وستاوه‌، ئێستاش هه‌وڵده‌دات، سێ یاریزانی پیشه‌گه‌ر بهێنێته‌ ریزه‌كانی، جگه‌ له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ راهێنه‌رێكی لیبی له‌ گفتوگۆ دایه‌، تا راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی پێبسپێرێت، هه‌موو ئامانجی زاخۆیه‌كان بۆ وه‌رزی داهاتوو ئه‌وه‌یه‌، جارێكیتر بۆ یزی پله‌ یه‌كه‌كان دانه‌به‌زنه‌وه‌.
زاخۆ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1987 دامه‌زراوه‌، له‌ 2003، بۆ یه‌كه‌مجار بۆریزی نایابی عێراقی سه‌ركه‌وت، به‌ڵام ئه‌مه‌ سێیه‌م جارییه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نایاب، واتا نه‌یتوانیوه‌ به‌به‌رده‌وامی له‌ ریزی نایابی عێراقی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵامئه‌مساڵ  دوای ئه‌وه‌ی له‌ قۆناخی پاڵاوتنه‌كان له‌ ركابه‌رییه‌كی توند توانی به‌سه‌ر یانه‌ی سناعه‌ی به‌غدا سه‌ربكه‌وێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ نایابی عێراقی، ئێستا نایه‌وێت هه‌مان سیناریۆی به‌سه‌ردا دووباره‌بێته‌وه‌ جارێكیتر دابه‌زێته‌وه‌، زاخۆ هاوشانی هه‌ولێر وه‌ك دوو یانه‌ی نوێنه‌ری كوردستان، ركابه‌ری وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراقی ده‌كه‌ن.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler