کانونی یەکەم 05, 2019

هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یارییه‌ چاره‌نووسساز و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ی ده‌كات

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ قۆناخی 32ـی پاڵه‌وانێتی نۆروه‌ی كه‌پ له‌ كاتژمێر 11:15 خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی رووبه‌ڕووی تیپی ئاسترۆی نه‌رویجی ده‌بێته‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی کوردستان له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان هاوشانی تیپه‌كانی (درۆباك فرۆگن، هاسڵ لۆرن و به‌یرۆم) یاری كرد و 3 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كیان له‌دژی ئه‌و 3 تیپه‌ نه‌رویجییه‌ تۆمار كرد و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ و به‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته‌ قۆناخی 32ـی نۆروه‌ی كه‌پ، لاوانی كوردستان له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان 20 گۆڵیان تۆمار كرد و هێشتا رێگه‌یان نه‌داوه‌ ته‌نیا بۆ جارێكیش تۆڕه‌كه‌ی بهه‌ژێت.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له‌ دوایین یاری خۆیان له‌ نۆروه‌ی كه‌پ، به‌ 11 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستیان به‌ تیپی به‌یرۆمی نه‌رویجی هێنا، هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڵۆ فایه‌ق، دانا موسته‌فا و محه‌مه‌د هاوار سه‌ركردایه‌تی بردنه‌وه‌كه‌یان كرد و رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ تۆماركردنی گۆڵه‌كان بینی.
هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان پێنجه‌مجاره‌ به‌شداریی له‌ پاڵه‌وانێتی نۆروه‌ی كه‌پ ده‌كات، پێشتر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ 2012 به‌شداریی كرد و له‌ قۆناخی 32 ماڵئاوایی كرد، دواتر له‌ 2013 پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا، پاشان له‌ 2014 به‌ راهێنه‌رایه‌تی سه‌میر بابۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان پله‌ی دووه‌میان برده‌وه‌، پاشان له‌ 2015 به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویج نازناوه‌كه‌یان برده‌وه‌،
له‌ مانگی ئابی ئه‌مساڵیش هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان دیسان له‌ وڵاتی نۆرویژ به ‌به‌شداریی زیاتر له‌ 70 هه‌ڵبژارده‌ی وڵاتان به‌شداریی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ كردووه‌.
شاندی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 23 یاریزان و ستافێكی تایبه‌ت له‌ راهێنه‌ران.
ستافی هونه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ پێكهاتوون له‌ (ئه‌رسه‌لان جه‌لال ـ راهێنه‌ر)، (شڤان حاجی ـ یاریده‌ده‌ر)، (كاوه‌ ئیبراهیم راهێنه‌ری گۆڵپارێزان).
یاریزانه‌كانیش پێكهاتون له‌: گۆڵپارێز: (راوێژ عه‌تا عه‌لی و ئه‌حمه‌د رێبوار سه‌عید).
به‌رگریكاران: (شه‌عبان خه‌لیل، ئه‌زهه‌ر فه‌تاح، محه‌مه‌د جه‌وهه‌ر، محه‌مه‌د دلاوه‌ر، جگه‌رخوێن ته‌ها، بینه‌ر جه‌لال، عه‌بدوڵڵا سالم، به‌هه‌ست هاوڕێ، بژار مه‌هدی، عه‌لی سه‌رحان).
ناوه‌راستكاران: ‌(ئاری ئه‌نوه‌ر، توانا ئه‌میر، ئاكۆ عوزێر، یه‌حیا جه‌بار، حه‌مید حاجی، محه‌مه‌د رێبوار، ئه‌حمه‌د حاجی، هه‌ڵۆ فایه‌ق.
 هێرشبه‌ران: (محه‌مه‌د هاوار، ئه‌یسه‌ر قاسم و دانا مسته‌فا).

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler