کانونی یەکەم 09, 2019

باله‌ی كچانی كۆیه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانیان به‌رده‌وامن

خولی باله‌ی كچانی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خوله‌كه‌ به‌شێوه‌ی دوو كۆمه‌ڵه‌ ده‌بێت، كه‌ 16 تیپ تێیدا به‌شدارن، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك سێ تیپ سه‌رده‌كه‌وێت، قۆناخی كۆتاییش له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چیت، پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووش كچانی كۆیه‌ن، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ خۆیان ئاماده‌ كردووه‌.
تیپی باله‌ی كچانی كۆیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌من، كه‌ یارییه‌كانی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی تیپه‌كه‌ بریار یوحه‌نای راهێنه‌ری باله‌ی كچانی كۆیه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: ماوه‌ی دوو مانگه‌ ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كاری كردووه‌، هه‌وڵمان داوه‌ گرفته‌كان تێپه‌ڕێنین و لایه‌نی جه‌سته‌ی ده‌روونی یاریزانه‌كان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ ناسناوه‌كه‌ بكه‌ین، كه‌ وه‌رزی رابردوو به‌ده‌ستمان هێنا.
 بریار وتیشی: كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه‌ دیار نه‌بوونی كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كانه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی تیپ و رێكخستنی یاریزانه‌كانه‌و ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان ده‌ده‌ین له‌ سه‌ره‌تادا بۆ قۆناخی كۆتایی سه‌ركه‌وین.
تیپی باله‌ی كچانی كۆیه‌، له‌ 1996 دامه‌زراوه‌ سێ نازناوی خولی كوردستانی بردۆته‌وه‌، جارێكیش له‌سه‌ر ئاستی عێراق پله‌ی سێیه‌می بردۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ش ببێته‌ پاڵه‌وانی كوردستان.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler