کانونی یەکەم 09, 2019

‌ئەمڕۆ هه‌ولێر رووبه‌ڕووی زه‌وڕا ده‌بێته‌وه‌

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، له‌ شاری به‌غدا له‌ یاریگەی زه‌وڕا ستادیۆم هه‌ولێر ده‌بێته‌ مێوانی نه‌وره‌سه‌كانی به‌غدا، كە یارییەكە لە (6)ی ئێواره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌م یارییه‌‌ بۆ هه‌ولێر گرینگه‌، چونكه‌ بردنه‌وه‌ی چه‌ند خانه‌یه‌ك له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌ ده‌یهێنێته‌ پێشه‌وه‌، بۆ زه‌وراش یاریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌.
هه‌ولێر دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی باش گه‌ڕی رابردوو له‌ شاری نه‌جه‌ف به‌ نه‌فتی ناوه‌ڕاست دۆڕا، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ زه‌وڕا گۆڕانكاری له‌ پێگه‌ی خۆی له‌ ریزبه‌ندییه‌كه‌ بكات،چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیباته‌وه‌ نه‌یاره‌كانیشی بدۆڕێنن ئه‌وا ده‌گاته‌ خانه‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌، كێشه‌ی هه‌ولێر له‌م یارییه‌ ئاماده‌نه‌بوونی نیاز محه‌مه‌دی دڵی به‌رگریه‌تی، كه‌ به‌هۆی كارتی سوور ناتوانێت به‌شدار بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌ شوێنی ئه‌و هه‌ردی سیامه‌ند، كه‌ پێكانی هه‌بوو بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌بێت.
زورا، شوێنی خۆی له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر كردووه‌، دۆڕان و بردنه‌وه‌ هه‌ر له‌ پێگكه‌ی ده‌یهێڵێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی یاریی چون له‌ قۆناخی یه‌كه‌م له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌، كاتێك (4-0) به‌ هه‌ولێر دۆڕا، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ بۆ نه‌وره‌سه‌كانی به‌غدا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌.
هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامدانی 37 یاریی 12بردنه‌وه‌ و 11 یه‌كسان و 14 دۆڕانی هه‌یه‌، 34 گۆڵی كردووه‌ 26 گۆڵی لێكراوه‌، خاوه‌نی 47 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
زه‌ورا، له‌ 37 یاریی 17 بردنه‌وه‌ و 13 یه‌كسان و 7 دۆڕانی هه‌یه‌، 57 گۆڵی كردووه‌ و 40 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ 64 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
له‌ كۆی ده‌ یاریی رابردووی نێوان هه‌ولێر و زه‌ورا، زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵاپێنچ یارییان بردۆته‌وه‌، زه‌ورا دوو یاریی بردۆته‌وه‌، له‌ سێ یارییشدا یه‌كسان بوونه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler