تشرینی دووەم 15, 2019

چاوه‌ڕێ ده‌كرێت مێسی به‌ توندی سزا بدرێت

دوای ئه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین زنجیره‌یه‌ك لێدوانی توندی له‌ دژی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور دا و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ پاڵه‌وانێتی كۆپا ئه‌مریكا ده‌كرێت و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد جامه‌كه‌ بۆ به‌رازیل ئاماده‌ كرا بوو، ئه‌مه‌ش فیدراسیۆنی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور ناچار ده‌كات سزایه‌كی توندی مێسی به‌هۆی ئه‌م قسانه‌وه‌ بدات.

هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین له‌ كۆپا ئه‌مریكا ده‌كشێته‌وه‌؟
به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی فۆكس سپۆرت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌رژه‌نتین بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ چیتر به‌شداریی له‌ كۆپا ئه‌مریكا نه‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی به‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌ورووپا بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، پێشبینی ده‌كرێت مێسی له‌ به‌شداریكردن له‌ كۆپا ئه‌مریكای 2020 سڕ بكرێت، له‌ ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی ئه‌م سزایه‌، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌رژه‌نتین بڕیاریانداوه‌ به‌ یه‌كجاری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور بكشێنه‌وه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر سزایه‌كی قورسی مێسی بدرێت به‌ فه‌رمی هه‌ڵوێستی خۆیان و كشانه‌وه‌یان له‌ كۆپا ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نن.

یوفا وه‌ڵامی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین ده‌داته‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین ده‌یه‌وێت له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور بكشێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ورووپا بكات، له‌مباره‌یه‌وه‌ یوفا هاته‌ ده‌نگ و به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و بیرۆكه‌ی قبوڵكردنی ئه‌رژه‌نتینی له‌ چالاكییه‌كانی ئه‌ورووپا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.
یوفا به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هیچ داواكارییه‌كی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئارجێنتینا به‌ده‌ست ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ گوایه‌ داوایان له‌ یوفا كرد بێت رێگه‌یان پێبده‌ن له‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ كیشوه‌ری ئه‌ورووپا به‌شداریی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان بكه‌ن.
یوفا له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا نووسیویانه‌: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا داواكارییه‌كی له‌مجۆره‌ش له‌ ئێمه‌ بكات ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باشوور هه‌یه‌ و نامانه‌وێت تێكه‌ڵی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانیان بین، بۆیه‌ وه‌ك یوفا ئاماده‌ین میوانداریی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا بكه‌ین بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كان، وه‌ك میواندار و سه‌یركردنی یارییه‌كان نه‌ك بۆ به‌شداریكردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler