تەمموز 21, 2019

كۆپا ئەمەریكا كۆتایی هات، هەموو شتێك بۆ بەڕازیل بوو

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
لە كۆهەواڵی ئەمڕۆدا، سەرنج دەخەینە سەر پاڵەوانیەتیی كۆپا ئەمەریكا، كە یارییەكانی لە وڵاتی بەڕازیل بەڕێوە چوو و هەر خۆیشی بووە پاڵەوانی دەستكەوتە گشتی و تایبەتیییەكان، لەو پاڵەوانیەتییەدا لێدوانێكی مێسی كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، كاتێك رایگەیاند گەندەڵیی زۆر هەیە و هەموو شتێك لە بەرژەوەندیی بەڕازیل كراوە و جامەكەیشی بۆ ئامادە كراوە.







كۆپا ئەمەریكا كۆتایی هات، هەموو شتێك بۆ بەڕازیل بوو
یارییەكانی جامی كۆپا ئەمەریكا، كە لە بەڕازیل بەڕێوە دەچوو، كۆتاییان هات و كۆتاییەكەیشی هەمووی بۆ بەڕازیل پێكەنین و شادی بوو، بوونە پاڵەوان و گۆڵكەر و باشترین یاریزان و گۆڵپارێز، هەر لە ریزی تیمی بەڕازیلدا بوو. ئەوە نۆیەمین جار بوو كە بەڕازیل ئەو جامە لە ئامێز بگرێ.

یاریی كۆتایی
یاریی كۆتایی كۆپا ئەمەریكا، لە نێوان بەڕازیل و پیرۆدا بوو، هەرچەندە لە یاریی قۆناغی كۆمەڵەكان بەڕازیل بە ئەنجامی 5 گۆڵ لەو تیپەی بردبووەوە، بەڵام ڕەوشی یاریی كۆتایی بە جۆرێك بوو، بەڕازیل یارییەكەی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بردەوە، لەو یارییەیشدا گابریێل خیسۆسی هێرشبەری سامبا، بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.

هەموو شتێك بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل
دوای یەكلاكردنەوەی ناسناوی پاڵەوانیەتییەكە، كە ناسناوێكی گشتی بوو، بەڕازیل دەستی بە درووینەوەی دەستكەوت و ناسناوە تایبەتییەكان كرد، بە جۆرێك باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكە و خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز و باشترین گۆڵكەر و یاریی پاكیش، هەر بۆ تیمی هەڵگری 5 ئەستێرە بوو
ئەلیسۆن پیكەڕ، گۆڵپارێزی بەڕازیل، وەك باشرین گۆڵپارێزی كۆپا ئەمەریكا هاتە دەستنیشانكرد، كە بە درێژایی پاڵەوانیەتییەكە تەنێ گۆڵێكی لێ تۆمار كرا، ئەویش لە رێی لێدانی سزاوە بوو.
دانی ئاڵڤێشی ئەستێرەی درەوشاوەیش، خەڵاتی باشترین یاریزانی كۆپا ئەمەریكای بۆ خۆی مسۆگەر كرد، كە بە دیدی زۆربەی زۆری چاودێر و تەماشاڤانانی وەرزشی، لەو پاڵەوانیەتییەدا ئاستێكی بەرز و شایان بە پێداهەڵدانی پێشكەش كرد. هەروەها ئێڤەرتۆن سۆسا سوارێسی یاریزانی بەڕازیلیش، توانی سێ گۆڵ تۆمار بكات و ببێتە گۆڵكەری پاڵەوانیەتییەكە.
بەدەر لەوە، خەڵاتی یاریی پاكیش، بۆ تیمی تۆپی پێی بەڕازیل بوو.

ئاڵڤێش و تیاگۆ و ماركینیۆس، وەڵامی مێسییان دایەوە
هەردوو یاریزانی بەرگریی بەڕازیلی، دانی ئاڵڤێش و تیاگۆ سیلڤا، وەڵامی ئەو لێدوانەی مێسییان دایەوە، كە گوتبووی هەموو شتێك بۆ بەڕازیل كراوە و جامەكەیشی بۆ ئامادە كراوە.
ئاڵڤێش، بۆ كەناڵی تی وای سی ئەرژەنتینی، لە دوای بردنەوەی جامەكە، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە ڕۆژێكی زۆر ناوازە و خۆشە بۆ ئەوان و سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی چێژ و خۆشی لەو رۆژە وەربگرن و ناكرێ بڵێن هاوڕان لەسەر ئەوەی مێسی وتی.
ناوبراو وتی: بە سەختی كارمان بۆ دەستخستنی ئەم ناسناوە كرد، باری تووڕەیی و ناڕازیبوونی مێسی تێ دەگەین، بەڵام لەگەڵیدا نیم كە دەڵێ ئەم ناسناوە فرۆشراوە، ئێمە زۆر كۆشاین بۆ بردنەوەی ئەم ناسناوە.
لای خۆیەوە، تیاگۆ سیلڤا وەڵامی مێسی دایەوە و رایگەیاند دەیەوێ خۆی لە بەرپرسیاریەتی شكست رزگار بكات.
تیاگۆ، ئەوەی خستووەتە روو، كە یاریزانێك كاتێك شكست دەخوا، دەیەوێ لە بەرپرسیاریەتییەكەی كەم بكاتەوە و بیخاتە سەر شانی ئەوانی تر، ئەویش بە نیەتی خراپ وای نەگوت، وشەكانی لە دەم دەرچوون.
سیلڤا تانەی وەشان و وتی كاتێك بەرشلۆنە بە یارمەتیی ناوبژیوان 6-1 لە پاریسی بردەوە، هیچ یاریزانێكی پاریس سانت جێرمان نەهات بڵێ ئەمە دیارییە بۆ بەرشلۆنە.
لە بارەی هەمان پرس، بەرگریكاری هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی پی ئێس جی، ماركینیۆس، بۆ گۆڤاری گڵۆبۆی بەڕازیلی، ئەوەی خستە روو، كە "لێدوانەكەی مێسی، كارێكە جێی داخە و ڕووخێنەرە، لەسەر مێسی پێویستە فێر بێ چۆن دۆڕاندن قبووڵ بكات. ئێمە لە یاریی مۆندیال بەرانبەر بەلژیكا دۆڕاین و زانیمان كە چۆن دۆڕانەكە قبووڵ بكەین و بێینە دەرەوە. ناوبراو وتیشی: مێسی سوودی زۆری لە هەڵەی ناوبژیوانان وەرگرتووە، لەگەڵ بەرشلۆنە و ئەرژەنتینیش، بەڵام ئەو كاتانە نەماندەبینی باسی گەندەڵی بكات.

ریچارلیسۆن، یەكێك لە باشترین یاریزانە یەدەگەكان
دوای بردنەوەی نۆیەمین ناسناوی كۆپا ئەمەریكا، یاریزانێكی یەدەگی بەڕازیل، وەك یەكێك لە باشترین یەدەگەكان دەركەوت، كە لە یاریی كۆتاییشدا گۆڵی تۆمار كرد.
تۆڕی ئۆبتا، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە ریچارلیسۆن، بووە پێنجەمین یاریزان لە مێژووی كۆپا ئەمەریكا، كە وەك یاریزانی یەدەگ لە یاریی كۆتاییدا چووبێتە ناو یاریگە و گۆڵیشی تۆمار كردبێت. پێش ئەو یاریزانە، هەریەك لە یاریزانان: پابلۆ بینجۆشای ئۆروگوایی و زی رۆبێرتۆی بەڕازیلی و سیزار دیلگادۆ و دانی ئاڵڤێشی بەڕازیلیش بە هەمان قۆناغدا گوزەریان كردبوو.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler