تەمموز 21, 2019

مێسی: ناوبژیوان یارمەتیی بەڕازیلی دا و ستەمەكە ئاشكرا بوو

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ئەستێرەیەكی ریاڵ مەدرید لە پاریس نزیك دەبێتەوە
ئەستێرەی ئیسپانیی یانەی ریاڵ مەدرید لۆكاس فاسكوێز، لە گواستنەوەی بۆ ریزەكانی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی نزیك دەبێتەوە.
دوای ئەوەی یانەی ریاڵ مەدرید، بۆندی لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان ئیدین هازاردی بەلژیكی و لۆكا یوڤیچی سڕبی و رۆدڕێگۆی هێرشبەری لاوی بەڕازیلیدا واژۆ كرد، ئەركی لۆكاس لە شوێنگرتنەوەی خۆی لە پێكهاتەی یانەكەدا سەخت دەبێ، ئەمەیش وا دەكات بیر لەوە بكاتەوە یارگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێ بهێڵێت.
رۆژنامەنووسی متمانەدار فێرناندۆ پۆرگۆس، ئەوەی خستووەتە روو، كە بۆ لۆكاس گرەنتی نییە وەرزی دادێ لە پێكهاتەی سەرەكیدا دەبێ یان نا، ئێستە 35 یاریزان لە ریاڵ مەدریددان و دەبێ 10ـیان یانەكە جێ بهێڵن.
ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە یانەی پاریس، دەیەوێ بۆند لەگەڵ ئەو یاریزانەدا واژۆ بكات و ئەوەیش ئەگەری هاتنەدی هەیە.

ریاڵ مەدرید، بۆندێكی نوێ دەخاتە بەردەم پۆگبا
یانەی ریاڵ مەدرید، دەستبەرداری هەوڵەكانی بۆ دەستخستنی پۆڵ پۆگبای فەرەنسی نابێ، كە زیدانی راهێنەر پێداگر و سوورە لەسەر دەستخستنی ئەو یاریزانە.
ریاڵ مەدرید، ئامادەیە بۆندێكی نوێ پێشكەشی یانەی مانچستەر یونایتد بكات، تا بێنە بڕوا و دەستبەرداری پۆگبا بن، ئەمە هاوكاتی ئەوەیە، كە یانەی شایانە دەیەوێ بەیڵیش لە ریزەكانی دوور بخاتەوە، كە روون بووەتەوە لە دەرەوەی پلانی زیدانە بۆ وەرزی دادێ.
مانچستەر یونایتد، ئارەزووی وایە 120 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی پێ بدرێ، لە بەرانبەر دەستبەرداربوون لە پۆگبا، بەڵام ریاڵ مەدرید لەم هاوینەدا توانای پێدانی ئەو بڕەی نییە.
یانەی شایانە، بە ڕێیەكی دیكە، هەوڵ دەدات ئەو بڕە پارەیە لەسەر خۆی كەم بكاتەوە، ئەوەیش بەو جۆرە دەبێ، چەند یاریزانێك بخاتە نێو چوارچێوەی ئەو بۆندە، بە تایبەت ئەوانەی مانچستەر یونایتد خواستیان لەسەریەتی و زیدانیش نایەوێ لە یانەكەدا بمێننەوە.
مانچستەر یونایتد، پێشوازیی لە بیرۆكەی دەستخستنی بەیڵ نەكردووە، بەیڵ خۆیشی خوازیاری مانەوەیە. ئەمە لە كاتێكدا لە دەرەوەی پلانی زیداندایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی وەرزی رابردوو و تایبەت لە نیوەی دووەمدا بە كەمی بەشداری دەكرد، مان یوو ناخوازێ بیباتە ریزەكانییەوە.

وادەی واژۆكردنی بۆندی گریزمان لەگەڵ بەرشلۆنە راگەیاندرا
دەنگۆی چوونی ئەنتوان گریزمان بۆ یانەی بەرشلۆنە تا دێ لە راستی و فەرمیبوون نزیك دەبێتەوە، بە تایبەت كە خودی یاریزانەكە خواستی خۆی بۆ چوونە بەرشلۆنە دەربڕیبوو.
ئێزگەی كادینا سێری ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە 10ـی ئەم مانگە، وادەی واژۆكردنی فەرمییانەی بۆندی نێوان گریزمان و بەرشلۆنەیە و ناوبراو ناچێتە هیچ یانەیەكی دیكە.
هەردوو لا، لە بارەی هەموو شتێكەوە ڕێك كەوتوون، ئەو كاتەی گریزمان لە ئەمەریكا دەگەڕێتەوە، رۆژی 10ـی ئەم مانگە، بۆندەكە بە شێوەیەكی فەرمی رادەگەیەندرێت.
برۆنۆ ئیلیمانی، مێدیاكاری متمانەپێكراو، ئەوەی خستووەتە روو، كە لەو رۆژەدا ناوبراو بە شێوەی فەرمی دەبێتە یاریزانی بەرشلۆنە و هیچ گومانێكی لەوەدا نییە، چونكە بژاردەی ئەو هەر بەرشلۆنەیە و بە هیچ جۆرێكیش بیری لە پاریس سانت جێرمان نەكردووەتەوە.
چاوەڕێ دەكرێ، بۆندی گریزمان لەگەڵ بەرشلۆنە، بۆ 5 وەرزی بێ و مووچەی ساڵانەی 17 ملیۆن یۆرۆی پێ بدرێت.

كلۆپ داوای یەكەم بۆندی هاوینە بۆ لیڤەرپوول دەكات
راپۆرتە مێدیاییە ئینگلیزییەكان، ئاماژەیان بەوە كردووە، كە راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، یۆرگن كلۆپ، بایەخ بە یاریزانی فەرەنسیی یانەی بەرشلۆنە عوسمان دێمبڵی دەدات و داوای لە یانەكەی كردووە، ئەو یاریزانە بكەنە یەكەمین بۆندی ماوەی گواستنەوەی هاوینە بۆ یانەكەیان.
رۆژنامەی دەیڵی ستاری ئینگیزی بڵاوی كردووەتەوە، كە یۆرگن گلۆپ، خواستی دەستخستنی دێمبڵی هەیە، بە تایبەت كە ناوبراو بەم دواییە رایگەیاندبوو لە یانەی بەرشلۆنە ئاسوودە نییە.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی، بڵاوی كردووەتەوە، كە هەریەك لە یانەكانی لیڤەرپوول و بایرن میونشنیش، بایەخ بە دەستخستنی ئەو یاریزانەی یانەی بەرشلۆنە دەدەن، بەڵام كلۆپ ئەوەی خستووەتە روو، دەیەوێ بە هۆی دێمبڵییەوە، هێڵی پێشەوەی یانەكەی بەهێزتر بكەن و دێمبڵی ببێتە یارمەتیدەرێكی باش هاوشان لەگەڵ سادیۆ مانی و محەممەد سەڵاح، بەڵام بایرن میونشن دەیەوێت بەو یاریزانە، شوێنی ئارین رۆبن و فرانك ریبێری بگرێتەوە، كە ئەم هاوینە ریزەكانی یانەكەیان جێ هێشتووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا، بەرشلۆنە جارێ نیازی نییە واز لە دێمبڵی بهێنێت، هەروەك یاریزانەكە خۆیشی دەیەوێ لە كامپ نۆ بمێنێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بە باشی لە بەرشلۆنە جێگیر و ئاسوودە نەبووە.

مێسی: ناوبژیوان یارمەتیی بەڕازیلی دا و ستەمەكە ئاشكرا بوو
دوای ئەوەی لە یاریی نیوەی كۆتایی كۆپا ئەمەریكادا، هەڵبژاردەی بەڕازیل بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە ئەرژەنتینی بردەوە، لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی ئەرژەنتین، پێی وابوو ناوبژیوان ستەمی لێ كردوون و یارمەتیی بەڕازیل دراوە لەوەی سەركەوتن تۆمار بكات.
دوای یارییەكە، مێسی وتی: ئێمە تووڕەین، چونكە یارییەكی باشمان كرد و كۆششی زۆرمان كرد، بەڵام بە دۆڕاندن بۆ ئێمە كۆتایی هات، ئەوان گۆڵی دووەمیان فاوڵێكەوە تۆمار كرد كە لە بەرژەوەندیی ئێمە بوو و ناوبژیوان نەیژمارد، بە گشتی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیی بەڕازیلدا بوو، پاساو بۆ ئەو جۆرە بڕیارانە نییە و دەبێ شرۆڤەی بۆ بكرێ، هیوادارین یەكیەتیی تۆپی پێێ ئەمەریكا شتێك بكات.
كۆتینۆ لە پاریس سانت جێرمان نزیك دەبێتەوە
یاریزانی بەڕازیلی فلیپ كۆتینۆ، لە یانەی پاریس سانت جێرمان نزیك دەبێتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر رایگەیاندبوو، چارەنووسی خۆی بۆ وەرزی دادێ نازانێت، كە ئایا لە بەرشلۆنە دەمێنێتەوە، یان دەچێتە یانەیەكی دیكەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاوی كردووەتەوە، كە كۆتینۆ لەگەڵ لیۆناردۆدا گەییشتووەتە ڕێككەوتن، ئەوەیش دوای گفتوگۆ و دانوستانی ئەم دواییە.
راپۆرتی سپۆر، باسی ئەوەی كردووە، كە مووچەی یاریزانمەكە دیاری كراوە و نزیكەی نیوەی ئەوەیە كە نێیمار لە یانەكە وەریگرتووە، كە 12 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە.
بۆ بیرهێنانەوە، بەرشلۆنە لە یەنایەری 2018ـدا لە لیڤەرپوولەوە بە بۆندێك كە بەهاكەی گەییشتە 120 ملیۆن یۆرۆ، چووە بەرشلۆنە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler