ئایار 23, 2018

ڕیاڵ مەدرید و ئامارێكی ڕووخێنەر بۆ نێیمار و پاریسییەكان

یانەی ڕیال مەدرید بەردەوام سەلماندوویەتی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا گۆڕانكاری گەورە و سەركەوتنی گەورەی دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیایش هەوڵی بەدەستهێنانی پشكەی ئەو خولە بدات.
ڕیاڵ مەدرید لە لالیگا چانسی پاڵەوانیەتیی نییە، هەرچەند هاندەرانی ئەو یانەیە بە هیواوە دەژین و لە جامی شای ئیسپانیاش ماڵئاوایی پێ كرا. تاكە هیوا و ئومێدی ئەو یانەیە بۆ ئەوەی لە وەرزێكی پڕ لە شكست دەربازی بێت، خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایە، كە ئەویش دەبێ لەگەڵ حەزیایەكی وەكوو یانەی پاریس سانت جێرمان بەرەوڕوو بێتەوە، كە ناتوانێ دەربازبوون لەو قۆناغە كارێكی ئاسان بێت.
ڕیاڵ و ئاستێكی سەرسووڕهێنەر
زۆر هاندەری تۆپی پێ لەسەر ئەو باوەڕەن بەهۆی ئەوەی كە بارودۆخی پی ئێس جی باشترە، ئەو تیمە لە دوو یاریدا لە ڕیاڵ دەباتەوە و بۆ قۆناغی سەرووتر سەردەكەوێ، بەڵام ڕیال مەدریدیش ئەوەی سەلماندووە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا ئاستێكی باشتر و بوێرانەتر پێشكەش دەكات، واتە ئاستێكی سەرسووڕهێنەر.
دوایین شكستی یانەی ڕیال مەدرید لەسەر یاریگای خۆی لە خولی یانەی پاڵەوانەكانی ئەورووپا بۆ وەرزی 15-2014 دەگەڕێتەوە كە ڕیاڵ لە یاریی گەڕانەوەی بە ئەنجامی 3-4 بە یانەی شالكە دۆڕا. لەوە بەدواوە ئەو یانەیە 17 یاری لە ناو سانتیاگۆ بێرنابیئۆ كردووە، 14ی بردۆتەوە و سێ یاریشی یەكسان كردووە، 47 گۆڵی تۆمار كردووە و تەنیا 11 گۆڵی خواردووە.

زۆر یانە بە دەست ڕاوەشاندن گەڕاونەتەوە
 یانەكانی وەكوو بایرن میونشن، ئەتلتیكۆ مەدردی و تەنانەت پاریس سان جێرمانیش لەو ماوەیەدا دەروەستی ڕیاڵ مەدرید نەهاتوون و لە بێرنابیۆ بە دۆراوی جانتایان بەشان داداوە و بۆ شاری خۆیان گەڕاونەتەوە. بە پێی ئەو ئامارە، ڕیاڵ مەدرید دەتوانێ لە فاكتەری سانتیاگۆ بێرنابیۆ كەڵك وەربگرێ و لەیاریی بەرانبەر بە پی ئێس جی براوە بێت، هەرچەند یانە پاریسییەكە بە هەبوونی چەند یاریزانی ئاستبەرزی وەكوو نێیمار، كاڤانی، ئیمباپێ و دی ماریا سەرئێشەن بۆ هەر یانەیەك و چاوەڕوانی هەر ئەنجامێك دەكرێت لەو یارییەدا.
ئەمشەو چاوەڕوانی یارییەكی ئاستبەرز و گران بۆ هەر دوو یانەكانی ڕیاڵ مەدرید و پاریس سانت جێرمان دەكرێت و بەر لە یارییەكە زەینەدین زێدان لە لێدوانی لەگەڵ ڕادیۆ RTL باسی یارییەكەی كردووە و بە یارییەكی تا بڵێی ئەستەمی ناوبردووە و ئەوەیشی وتووە ڕیاڵ مەدریدێكی دیكە بەرانبەر بە یانە پاریسییەكە دەبینن.

ڕاگرتنی پاریسییەكان ئەستەمە
زیدان ڕای لەسەر یانەی بەرانبەر و چەند یاریزانێكی خۆی و راهێنەری تیمی بەرانبەریش، بەم شێوەیە دەربڕیوە.
لە بارەی پی ئێس جی: دەبێ لە ڕووی فیزیكی و هۆش و هزرەوە لە ئاستێكی باشدا بین و بەرانبەر بە یانەیەك كە لەم وەرزەدا باشترین ئاستی پێشكەش كردووە، ئامانجمان هەبێ. پاریس سان جێرمان، یاریزانەكانی بە گشتی باشن، بەڵام هاندەرانی ئێمە دەتوانن هاریكاری گەرەی ئێمە بن.
لە بارەی ئیمباپێ: یاریزانانی وەكوو كیلیان ئێمباپێ بەرەو قۆناغی باشتربوون و ئەستێرەبوون هەنگاو دەنێنەوە. ئەو ئێستە زۆر گەنجە، بەڵام پاریس سان جێرمان تیمێكی گەورەیە و ڕاگرتنی كارێكی ئاسان نییە، دەبێ هەموو تەركیزمان لەسەر ئەو یارییە بێت و ڕێگەی سەركەوتنیان لێ ببڕین.

مرۆڤەكان بە هیواوە دەژین
لە بارەی بێنزێما: ئەویش وەكوو یاریزانەكانی دیكەمان ئامانجی هەیە و بۆ ئەو یارییە بە باشی خۆی ئامادەكردووە. بۆ ئەویش وەكوو باقی یاریزانەكان و ئێمە و هاندەران، ئەو یارییە گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە. لەوە دڵنیام ئەمشەو هاوكارییەكی باشی یانەكەمان دەكات بۆ بردنەوە و بە تەواوەتی تێی ڕادەبینم.
لەسەر ئۆنای ئێمرێ (ڕاهێنەری یانەی پاریس سانت جێرمان): ڕاهێنەربوون كارێكی گرانە، بەڵام ئێمرێ ئەنجامی باشی هەبووە و یانەیەكی گەورەی دروست كردووە. هەموو ئەو ڕاهێنەرانەی تیمی گەورەیان وەرگرتووە، بێ ڕەخنەش نین، بەڵام من ڕێزی تایبەتی بۆ خۆی و تیمەكەی دادەنێم.
لە بارەی داهاتوو: ئەم پێكهاتەیەم زۆر خۆش دەوێت و هەموو هەوڵی خۆم دەدەم لێرە بمێنمەوە. ڕاستە ئەم وەرزە بارودۆخ بە دڵی ئێمە و هاندەران نییە، بەڵام من بەرپرسیاری هەموو شتێكم. ئەم وەرزە لەگەڵ وەرزی پار زۆر جیاوازە، دەبێ ئەوە وەبەرچاو بگرین، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ وا ڕاهاتووە دەبێ تا دوایین چركەساتەكان هیوای هەبێ

 

محەمەد شەهدی- هەولێر .

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.