کانونی یەکەم 12, 2018

سەرهەنگ موحسین، چاوەڕێی گەڕانەوەی دیار ڕەحمان بۆ مەشقەكان دەكات

بەشی وەرزشیی رۆژنامەی هەولێر، هەوڵ دەدات بەشێك لە ئەكاونت و پەیجەكانی فەیسبووك، كە تایبەتن بە وەرزش و بابەت و پرسی وەرزشیی ناوخۆیی و دەرەكی تێدا دەورووژێنرێت و جێمتمانەن و خاوەن و ڕیڤەبەرانی كەسانی دیارن، بكات بە سەرچاوەی بابەتی مێدیایی و رۆژانە بە پێی پێویست و گرینگیی بابەتەكە، دێنە ژێر چەتری گۆشەی "لەفەیسبووك"ـەوە.
دوای نەخۆشكەوتنی دیار ڕەحمان، بەشێكی زۆری وەرزشدۆستان و نزیكانی وەرزش و مێدیاكاران و یاریزانان، هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئەو یاریزانە ناسراوە دەربڕی.
لەو چوارچێوەیەدا، گۆڵپارێزی نێودەوڵەتیی كورد "سەرهەنگ موحسین" لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، هاوسۆزی و هەستی خۆی بۆ دیار ڕەحمانی هاوڕێی دەربڕیوە.
سەرهەنگ موحسین، نووسیویەتی: ھاوڕێی لەمێژینەم دیار ڕەحمان، پێویست ناكا پێت بڵێم بە هێز بە چۆك دامەدە، لەمنداڵییەوە لە نەبوونی و قاتوقڕی و پاقڵاوەفرۆشتن بەسینییەوە، تا ئەمڕۆی خاوەن مێژوویەكی پڕشنگداری وەرزشیت تۆ دەناسم كە چ خۆڕاگرێكی. ئێستەیش وەك پێشوو بەھێز و پشوودرێژی.

لە بەشێكی دیكەی، نووسینە هەستبارییەكەیدا، سەرهەنگ موحسین، دەڵێ: دڵخۆش بووم كاتێك پێوەندیم پێوە كردی تا دڵنەواییت بكەم، كەچی تۆ سەرباری ڕەوشی خۆت و "نەخۆشییە دەگمەنەكەت" وانەی شوكرانەبژێریت لەھەموو دۆخێكدا پێدام و لەگەڵ وتنی ھەر وشەیەك سوپاسی خودات دەكرد.
سەرهەنگ، درێژە بە نووسینەكەی دەدات و ئاماژە بەوە دەكات: دەیشزانم باری ماددیت وەك ئەوە نییە كە كەوتبوویە بەر چاو و زاری ئەم و ئەو، بۆیە لەخودا دەپاڕێمەوە كۆمەكیت بكات و شیفات بدا تا بەزوویی بگەڕێیتەوە ناومان.
لە بارەی یاریدەكردنی دیار ڕەحمانەوە، هاوڕێیەكەی، بۆی دەنووسێت: وەك ئاگاداریشم لێرە و لەوێ بڕیارە خەڵكانێك دەستی یارمەتیت بۆ درێژ بكەن و یانەی ھەولێریش ھەڵوێستی نواندووە، بەگەرمی دەستخۆشییان لێ دەكەم و پێیان دەڵێم ھەرگیز ئەو ھەڵوێستەتان لەبیر ناكەین. نموونەیان زۆر بێ.

دوا ڕستەی، سەرهەنگ بۆ دیارە: "برام چاوەڕێی چاك بوونەوە و ھاتنە مەشقتم."

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler