ئەیلول 19, 2020

لە هەولێر گرووپێكی نمایشی ئۆتۆمبێل دادەمەزرێت

بە مەبەستی دەرخستنی توانا و بەهرەكانیان گرووپێك كە پێكهاتووە لە چەند گەنجێك لە نێو پایتەختی كوردستان دا، هەفتانە لە دەرەوەی شار و لە شوێنە گشتیەكاندا نمایشی جۆراوجۆر بە ئۆتۆمبێلی مۆدێرن دەكەن، ئەو گرووپە ناوی نراوە (sport king)، سەرپەرشتیاری گرووپەكەش گەنجێكە ناوی (ڕێباز سابیر)ـە و دانیشتووی هەولێرە، لە بارەی چۆنیەتی دامەزراندنی گروپەكەیەوە ڕاشكاوانە دەڵێت: من هەمیشە ویستوومە كارێك بكەم جیاواز بێ لە گەنجانی دیكە و هونەری شوفێریش حەزێكی تایبەتە لە نێو گەنجاندا، هەر بۆیە ئێمە لەگەڵ گرووپەكەمان هەفتانە لە دەرەوەی شار و سنووری هەولێردا چەند نمایشێكی تایبەت دەكەین، كە بووەتە جێی سەرنجی خەڵكی و ڕۆژانەش حەز و ئارەزووی گەنجان لە زیادبوونە و پێوەندی بە گرووپەكەی ئێمەوە دەكەن.
لە بارەی جۆری ئۆتۆمبێلەكانیش ناوبراو گوتی: بەشێك لە ئۆتۆمبێلەكان مۆدێرنن و ئەوانەی دیكەش كۆنن، بەڵام لە لایەن شوفێرانەوە بە جۆرێك جوانكارییان بۆ كراوە كە لە ئۆتۆمبێلەكانی فۆرمولا و ڕالی دەچن، بەشێوەیەك كە هێندە جوان دێنە بەرچاو حەزی خەڵكانی دیكە بۆ ئەو بوارە زیاتر دەكەن، لە ڕابردووشدا ئێمە توانیومانە چەند نمایشێك ئەنجام بدەین، كە پڕ بووە لە جوانی و داهێنان لە بواری شوفێری دا، ئەگەر بواریشمان پێ بدەن، ئێمە بە فەرمی گرووپەكەمان لە لایەن حكوومەتەوە دەناسێنین و ڕۆژانە كاری نوێ پێشكەش دەكەین

 

شیڤان شێرزاد- هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler