ئەم پەڕەیە چاپ بکە

هەڵمەتی هۆشیاریی نیشتمانی منداڵەکانتان زوو بخەوێنن

خەو هاوشانی خۆراک ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە ژیانی منداڵدا، مێشك و جەستەی منداڵ بارگاوی دەكاتەوە و چالاكی و ژیانێكی تازەی پێ دەبەخشێت، ئەو منداڵانەی خەویان رێکوپێک و تەواوە زۆر جار جیاوازتر و باشتر گەشە دەكەن لەوانەی كە بە پێچەوانەوە خەویان کەم و ناتەواوە.

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

 

ئەمە وتەی دكتۆر محەمەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە، ئەو ئێستا سەرقاڵی هەڵمەتێكی هۆشیار ییە تا بە دایك و باوكان ڕابگەیەنێت، پێویستە منداڵ سەر لە ئێوارە زوو بخەوێندرێت و بە هیچ شێوەیەك و بە هیچ پاساوێك خەوەكەی دوا نەکەوێت، بەتایبەت بۆ دوای كاتژمێر نۆی شەو، چونكە زووخەوتن زۆرترین سوود بە گەشەی منداڵ بە تایبەت (باڵا، مێشك، چاو و هەموو لایەنێکی تری ژیانی منداڵ) دەگەیەنێت.
د. محەمەد حەسەن دەشڵێت: "ئەو دیاردەیەی كە ئێستا سەری هەڵداوە بە شێوەیەكی گشتی منداڵ درەنگ دەخەوێت، ئامانجمانە لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە ئەو ڕێگەیە ڕاست بكەینەوە، منداڵان بخەینەوە سەر ئەو ڕێگە ڕاستەیەی كە بەشێوازی زانستی بخەوێت، هەروەها شێوازی زانستی بۆ گەشەكردنی تەندروستی منداڵ، چونكە مانەوەی منداڵ بەوشێوەیەی كە ئێستە هەیە بۆ گەشەی كاریگەری زۆر خراپی دەبێت، كاریگەرییەكانیش زۆرن، وەك گەشەی باڵای، كێش، گەشەی مێشك، هەروەها كاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر بەرگری منداڵ و بەرگری لاوازدەكات، جگە لەوانەش دەبێتە هۆی تێكچوونی كێش و باری دەروونی".
د. محمەد سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە ئاماژەی بەوەیشدا: "پەیامی ئێمە ئەوەیە كە مەرج نییە لەو هەڵمەتە هەمووكەسێك بەشدار بێت لە كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینارەكان، گرنگ ئەوەیە پەیامەكە بگاتە هەموو دایک و باوكان و ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن، بە شێوەیەك وا بكەن كە منداڵەكانیان كە نەوەی دواڕۆژن زوو بخەوێندرێن، پێویستە ئەوەی راستەقینەیە ئەوەیان فێر بكەن و پێیان بڵێین كە ئەم درەنگ خەوتنەیان لە داهاتوودا كاریگەرییەکی خراپی دەبێت بۆ تەندروستیان".

چۆنی زوو بخەوێنین؟
1. پابەندبوون بە کاتێکی دیاریکراوی شەوان بۆ نموونە هەموو شەوێک 9ی شەو.
2. دابینکردنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ منداڵەکە.
3. ڕۆژانە وەرزش بۆ منداڵ گرنگە؛ هەفتانە چوار ڕۆژ تا وای لێ بکات شەو زوو بخەوێت.
٤. شیو زوو بخورێت؛ شەوان چا و قاوە و شلەمەنی کەم بخوا.
٥. منداڵ بە برسیەتی نەخەوێنرێ.
٦.چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن سەیری هیچ شاشەیەک نەکات چونکە هۆرمۆنی خەوتن کەم دەکاتەوە.
7. خوێندنەوە بۆ منداڵ وەک چیرۆک یان شتی تر گرنگە، وەرزشی مێشکە و یارمەتیەکی باشی منداڵ دەدات بۆ خەوتن.
8. بە درێژای ساڵ منداڵ دەبێ زوو بخەوێ نەک تەنیا کاتی قوتابخانە.
9. لەسەرخۆ و ئارام بن لەگەڵ منداڵ و سۆز و خۆشەویستیان بۆ دەرببڕن، لە باوەشیان بکەن و دڵنەوایییان بکەن و بەهیچ جۆرێک لێیان تووڕە مەبن.
10. هەوڵ بدەن ژووری تایبەت بۆ منداڵ دابین بکەن و زۆر لەگەڵ منداڵ مەمێنەوە پێش نووستنی.
11. دەبێ ژووری خەوتنی منداڵ بە حەزی خۆی بێ؛ تاریک بێ یان ڕووناکیەکی کزی تێدا بێت.
12. بە ڕۆژدا منداڵ کەم بخەوێت بۆ ئەوەی شەوان ئارام بچێتە ناو جێگا و بخەوێ.
ئەگەر شەوان لە دوای كاتژمێر ١١ بە كووچە و كوڵانی شاردا گوزەر بكەیت واهەست دەكەیت تازە سەرلەئێوارەیە و منداڵان سەرقاڵی گەمە و یاریكردنن؛ تەنانەت لە شوێنەكانی منداڵان و مۆڵەكانیش هیچ یاسایەك نییە كە یارییەكان لە كاتژمێرێكی دیاریكراودا بە ڕووی منداڵاندا دابخات.
سەعد موحسین، خاوەنی سێ منداڵە؛ دەڵێت ڕۆژگارەكە وای لێ هاتووە ئێستە منداڵەكان دایك و باوكیان دەخەوێنن و دەڵێن ئێو بخەون ئێمە دواتر دەرگا دادەخەین و گڵۆپەكان دەكوژێنینەوە.
دایكی لیا، ئەویش نیگەرانە لەدەست درەنگخەوتنی منداڵەكانیان؛ دەشڵیت ڕۆژگارەكە وای لێ هاتووە كە لە دوای كاتژمێر ١٢ بیر لەخەو بكەینەوە چونكە میوانداری شەوان وایە میوانەكان تا دوای كاتژمێر یانزەیش ناڕۆنەوە؛ منداڵیش میوان شك ببات بە هیچ شێوەیەك ناخەوێت بە تایبەت ئەگەر میوانەكە منداڵیان هەبێت ئەوا منداڵان سەرقاڵی گەمەكردن دەبن و ناخەون.
لە كۆتاییدا دكتۆر محمەد حەسەن گوتیشی: بەداخەوە ئێستە وای لێ هاتووە كە زۆرجار لە باتی ئەوەی دایک و باوک هاندەر بن منداڵەكانیان زوو بخەوێنن بە پێچەوانەوە منداڵەكانیان بە شێوەیەک لە شێوەكان فەرامۆش دەكەن كە خۆی منداڵەكە درەنگ بخەوێت، لەهەمانكاتیشدا دایک و باوک خۆیان درەنگ دەخەون، هەروەها ئامێرێكی ئەلیكترۆنییش دەداتە دەست منداڵەكەیەوە، كە ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە منداڵ نەخەوێت.