ئەم پەڕەیە چاپ بکە

كـاریـگەری سۆشیاڵ مـیدیا لـەسـەر زیاد بوونی تــوندوتیژی خـێزانی چــیـە ؟

گەر پێناسەیەک بۆ سۆشیال میدیا بکەین دەڵێین كورترین تۆڕێكی پێكەوە گرێدراوە هەر زانیاری و پەیامێك یاخود هەواڵێک کە روودەدات و دەردەبڕدرێت لە كەمترین ماوەدا دەگاتە جیهان بەتایبەتی لەم سەردەمەی تیڤی و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان. سۆشیاڵ میدیا لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەكی کەمتر واتە بە شێوەیەکی بەر تەسكتر بەكاردەهات، بەڵام لەم چەند ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاو بۆتەوە كە بە تەواوی خەڵكی خستۆتە ژێر كۆنترۆڵ و ڕکێفی خۆیەوە .

مەبەستەکانی بەکار‌هێنانی سۆشیاڵ میدیا جیاوازن بۆ دوو لایەن دابەشبووە، هەم لایەنی باش و خراپیشی هەیە، جۆری بەكارهێنانەکان دەکەوێتەوە سەر ئاستی ڕۆشنبیری بەكارهێنەر ئەگەر بێتو بەشێوەیەكی باش بەكاربهێنرێت بێگومان كۆمەڵگه‌ بەرەو ئاقارێكی باش و ڕێکوپێک و ئامانجدار دەڕوات پێشكەوتن و پەرەسەندن بە خۆیەوە دەبینێ.
بەڵام ئەگەر ئاراستەی بەکار‌هێنان بۆ مەبەست و لایەنی خراپ بێت،ئەوا كۆمەڵگە توشی دارمان و لێکترازان دەبێت و كۆمەڵگایەكی مەترسیدار و بێ ئامانج و بێ بەرهەم دێتە ئاراوە، چونكە بنچینەی پیشكەوتنی هەموو كۆمەڵگایەك چینی گەنج و ڕۆشنبیرە ئەگەر هاتوو گەنجەكانمان ئاراستەی بیرکردنەوەکانیان نێگەتیڤ بێت و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بۆمەبەست و مەرامی خراپ بەکاربهێنن لە ئەنجامدا كۆمەڵگە توشی دارمان دەبێت .بەمەش كاریگەری دەرونی و تەندروستی کلتووری و پەروەردەیی خراپ لەسەر بەكار هێنەرو خێزانیش دەبێت. هەروەها كێشە وگرفتی کۆمەڵایەتی و لێكترازانی خێزانی دێتە ئاراوە .زۆربەی کات توندوتیژی خێزانی لێدەکەوێتەوە کە یەكێكە لەو دیاردە مەترسیدارانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگه‌ دەبێتەوە بەتایبەتی کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو.
توێژەری دەروونی شاجوان عبداللە، تێروانینی خۆی سەبارەت بە مەترسی خراپ بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و خراپ بەكارهێنانی دەخاتە ڕوو و دەڵێت:
سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكە لەهۆكارەكانی بونی توندوتیژی خێزانی، سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكی ترە بۆ دروستكردنی گیانی شەڕەنگێزی لە تاك و ناو خێزان. ئەمەش بەهۆی نەبونی سانسۆر لەسەر سۆشیاڵ میدیا بە زەقی لە هەرێمە هەژار نشینەكان دەردەكەوێت، چونكە نەبوونی كار بۆ گەنجان وا دەكات كاتی بەتاڵیان زۆربێت کە ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی گەنج كاتەكانی خۆی بە شتێك پڕ بكاتەوە.
تاكی كوردیش هەمیشە هەوڵی لاساییكردنەوەی داوە بۆیە پەنا دەباتە بەر سۆشیاڵ میدیا بۆ پڕكردنەوەی كاتەكانی و خراپ بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا جا لە

ڕێگەی ئەكاونتی ساختەوە بێت یان ئەکاونتی شەخشی دواتربۆ هەڕەشەكردن لە خەڵك بەکاری دەهێنن . بەتایبەتی نەبوونی چاودێری لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەگەڵ قۆناغەكانی تەمەن لەلایەن خێزان و لایەنی پەیوەندیدار هۆکارێکە بۆ خراپ بەکارهێنان .پێویستە حوكمەت كار بكات بۆ فەراهەم كردنی هەلی كار بۆ گەنجان بۆ ئەوەی گەنج سه‌رقاڵ بێت ئەوەندە كاتی بەتاڵی بۆ نەمێنیتەوە.
مامۆستا نیگار حمد علی ماستەر لە یاسای نێوده‌وڵه‌تی و پسپۆر لەبواری ئافرەتان و چالاكوانی کۆمەڵگای مەدەنی بەم شێوەیە لەسەر بابەتەكە سەرنجی خۆی خستەڕوو:
سەرەتا سوشیاڵ میدیا دوو ڕووی چاک و خراپی هەیە وەک سەرجەم کایە و کەناڵەکانی تر .. دەکەوێتە سەر عەقڵ و پەروەردەی تاک ڕۆشنبیری خێزانی و ئاستی تێگەشتن و ئاسۆی فکری کە ئەمڕۆ تەواوی خێزان بە گەورە و بچوک بێ بەرنامە سەرقاڵی (ئایپاد و مۆبایل و لاپتۆپن) بێگوێدان بە داهاتووی منداڵ و تەندروستی تاک .
دیاردەیەکی زۆر باو چاوکزی مناڵان بەگشتی و چاویلکە لەتەمەنێکی زۆر بچوک ؟! دواکەوتنی لە خوێندن و كۆشش نەکردن، نەخەوتن تاکو بەرەبەیان، گوێڕایەڵی نەکردنی مناڵ بەرامبەر دایک و باوک و خێزان، ئەمانە و چەندین خاڵی لاوازی خێزانەکان بەگشتی، هۆکارەکەی خراپ بەکارهێنان و بێ بەرنامەی سوشیاڵ میدیایە.
سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت و خێزان لە دۆزینەوەی ڕێگه‌ چارەسەر پێویستی بە دانانی پلانی درێژخایەن و تۆکمەیی هەیە،تاکو جارێکی تر ئەم نه‌وه‌ بخەینەوە سەر ڕێگە ڕاستەکە و ماندووبونی دەوێت هەر لە ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگه‌ش بەرپرسن لە جێبەجێکردنی پلان وخەمخۆری جیلی تازە و ڕزگارکردنیان لەم قەیرانە.
پارێزەر هــەورین خضر اسماعیل، بەم شێوەیە لەسەر بابەتەكە بۆمان دوا:
داهێنانێکی وەک سۆشیاڵ میدیا و میدیا ئەلکترۆنییەکان، زیانیان زیاترە وەک لە سوود گەیاندن بە کۆمەڵگە، بەتایبەت کاتێک سیستمی سەرمایەداری هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە دەدات. بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە ڕۆژانە ئاگاداری وردەکاری ژیانی زۆرینەی خەڵکی دەبێت و شتێک نامێنێت بە ناوی تایبەتمەندی تاکە کەسی، تەنها ڕووی باشی خەڵکیت بۆ دەردەکەوێت، چونکە هیچ کەسێک ئامادە نییە ڕووییەکی دیکەی خۆی پیشان بدات، وەک نەخۆشیەکی دەروونی کە تاک تووشی دڵه‌راوكێ و دوو دڵی دەبێت، بە بەراورد کردنی ژیانی کەسانی چواردەوری لەگەڵ خۆیدا. هەروەها نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی تێکەڵی، هەواڵ پرسین و هاتوچۆکردن و گواستنەوەی بۆ نامەیەکی ئەلکترۆنی یاخود پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەکێکی دیکەی لە کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
دەکرێ بڵێین کە پێشھاتنی سۆشیاڵ میدیاش توندوتیژی ھەر ھەبووە، بەڵام بەو ڕادەیەی ئێستا نەبووە بێگومان یەکێک لە ھۆکارەکانی زۆربوونی ئەو توندوتیژیە بەکارھێنانی بەرفراونی سۆشیاڵ میدیایه‌. کاتێک ھەموو کەسێک بتوانێ بەئاسانی و بێ سانسۆر سۆشیال میدیا بەکار بھێنێت، ئەمەش وا دەکات کە بەھەر جۆرێک بیەوێت بەکاری دێنێت، بۆ نمونە یەکێک لە زۆرترین جۆرەکانی توندوتیژی و تاوانەکانی کە دەکرێت لە ئێستادا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لە( جنێو و ته‌شهیر و ھەڵبەستنی تۆمەتی نادروست و نەشیاو بۆ کەسی بەرامبەر).
ئێمە یاسایەکمان هەیە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە،بەڵام ئێمە پێویستمان بە یاسایەک هەیە سۆشیاڵ میدیا ڕێکبخاتەوە، چونکە لە ئێستادا بە ڕەهایی لە بەردەم تاکەکانی کۆمەڵگادایە بە بێ هیچ سانسۆرێک.
ھۆکارەکان زۆرن کە وایکردووە خەڵکی زیاتر بەشێوەیەکی خراپ سۆشیاڵ میدیا بەکار بێنن، بەڵام یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکان پەیوەندی ھەیە بە پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە. پێویستە کار بکرێت لەسەر ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و کاری جددی بکرێت لەسەر ئەم بابەتە بۆئەوەی بتوانین نەوەیەکی تەندروست دروست بکەین، چونکە زۆربەی کەناڵ و سایت و پەیجە کوردییەکان کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ وگەنجان وایانکردووە مندڵان ڕێز لە دابونەرێتی کۆمەڵگه‌ نەگرن و جێبەجێی نەکەن، پەروەردەیەکی ڕاست و دروست وەرنەگرن کەواتە لێرەدا زەرەرمەندی یەکەم لە کۆمەڵگاکەماندا منداڵە.
سەرەڕای لایەنە باشەکانی تەکنەلۆجیا و سودەکانی بەڵام بێگومان ھەندێ کاریگەری خراپیشی ھەیە ئەگەر بێت و بەشێوەیەکی خراپ بەکاربھێنرێت، بۆ نمونە کاریگەری خراپی ھەیە لەسەر بیرەوەری(زاکیرەی) منداڵ بۆ ماوەیەکی درێژ .
ھۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگه‌ و ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کۆمەڵگه‌، نەبوونی سانسۆر لەسەر بەکارھێنانی پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا ھۆکارێکە بۆ خراپ بەکارھێنانی سۆشیال میدیا وەکو ئاشکرایە نه‌وه‌ی نوێ لەگەڵ فەراهەمبوونی ئەو هەموو پێشكەوتنە زانستی و سەردەمیانەی بۆی رەخساوە، بەڵام عەقڵیەت و بیركردنەوەی مرۆڤێكی سەردەمی نوێ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە نموونە تەمەن ٢٥ ساڵ بەراورد بە مرۆڤێكی ١٨ ساڵی،ساڵانی پێشووتر نییه و زۆر لە ئاستێكی نزمتردایە.
(د .ق .م ) یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بۆته‌ قوربانی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە توشی كێشە بووە بەم جۆرە باسی چیرۆكی خۆی ده‌كات كه‌ لەڕێگەی تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوە كەسێكی ناسیووە و دواتر ئەو كەسە هەڕەشەی لێ كردوە، كە وێنەی شەخسی بڵاو دەكاتەوە و لەبەرامبەر ئەوەی هەرچی ویست بۆی نەكات،ئەمەش كاریگەری خراپی دەرونی خستۆتەر سەر ئەم ئافرەتەو توشی حالەتێكی دەرونی خراپی كردوە هەم ترسی لەدەست دانی ئابڕوو و گیانی كە چەندین جار هەوڵی خۆ كوشتنی داوە بۆ ئەوەی لەم كێشەیە ڕزگاری بێت . بەڵێ ئەمەش چیرۆكی ئافرەتێك بوو لەو هەزارەها ئافرەتانەی تر كە لە ڕێگەی خراپ بەكار هینانی سۆشیاڵ میدیاوە توشی كێشە بوونەتەوە كە چەندان ئافرەت بونەتە قوربانی.

 

رووداو عه‌باس- ڕانیه‌