ئەم پەڕەیە چاپ بکە

کارکردنی ئافرەت دەروازەیەکە بۆ بوون بە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ

ئامانج لە ئابووری سەربەخۆی تاک چیە؟ پەرەپێدانە بە تواناكانی تاك، لە بواری ئابووری لە هەردوو ڕەگەزدا کە ئەمەش لەڕێگای هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی کار دێتە ئاراوە. کارکردن ڕێچکەی سەربەخۆیی تاکە کە دەبێتە ڕێگایەک بۆ بە‌هێزبوون و گەشەسەندنی لایەنی هزری، دەروونی، جەستەیی، كۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعریفی، هەڵسوكەوت و كەسایەتیەکی بەهێز . تۆکمەکردنی ئابووری کەسی تواناکانی تاک فراوانتر و بەهێزتر دەکات لە هەمبەر گیروگرفت و بەربەستەکانی ژیان. لە دوای پەروەردە ئابووری بە بەردی بناغەی پێشكەوتنی وڵاتان دادەنرێت، چونکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر گەشەكردنی لایەنی ئابووری ووڵات و تاک.

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە بوون کە ئایا ئافرەتان چۆن دەتوانن ئابوورییەکی سەربەخۆیان هەبێت و سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن تواناو لێهاتووی کەسی بەکار بهێنن.
کە چاوێک بە کۆمەڵگاکانی ئێستادا بخشێنین دەبینین، هەوڵی ئەوەیان داوە کە بەربەستەکان تا ڕادەیەکی زۆر تێکبشکێنن و بەردەوام دەرفەتی نوێ بۆ گەشەکردنی تاکەکان بڕەخسێنن. بە تایبەت گەشەکردنیان لە ڕووی ئابووری و دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان و ڕاگەیاندنی هەلی کاری جیاواز . كاتێك بەناو بازاڕی شارەکاندا گوزەر دەكەین، ئەوە تێبینی دەكرێت كە ژمارەیەكی زۆر و بەرچاو لە ئافرەتان بە پیشەی جیاوازەوە سەرقاڵن،بەشێکیان جگە لەوەی کە خۆیان بوونەتە خاوەنکار و ئابووری سەربەخۆی خۆیان هەیە، دەرفەت و هەلی تریان ڕەخساندووە بۆ ئافرەتانی تر، بۆ ئەوەی کار بکەن و سوود مەند بن.
بۆ ئەم مەبەستە هەوڵمانداوە لە نزیکەوە چەند ئافرەتێکی خاوەن کار بدوێنین کە بەشێوەیەكی ورد لە رەوشی بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین كە لەبواری كەرتی تایبەتدا لە هەفتە بازاڕ و دوکانی جلوبەرگ و قوماش و کەمەلیات کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ .
ڕێزان ئیسماعیل، لە هەفتە بازارێکی قەزای حاجیاوا کار دەکات و دەڵێت:
كاركردنی ئافرەتان لە بوارە جیاجیاكانی ژیان و بەتایبەتی لەناو سوپەرماركێتەكاندا و هەفتە بازاڕەکاندا شتێكی زۆر پێویستە، چونكە بەشێكی زۆری كڕیارەكان ئافرەتن و باشترە كە فرۆشیارەكەش ئافرەتبێت، بەتایبەتی زۆر پێداویستی هەیە كەتایبەتە بە پێداویستی و کەلوپەلی ئافرەتان وەك جلوبەرگی ئافرەتان و كەرەستەكانی جوانكاری ئافرەتان، هەندێك شت كەتایبەتن بە ئافرەتان ئه‌وان باشتر لەیەكتری تێدەگەن و دەتوانن باشتر مامەڵە لەگەڵ یەكتردا بكەن تاوەكو بتوانرێت كارەكە بۆ ئافرەتە كڕیارەكە ئاسان بكرێت.
(سۆزان محمد رەسول - بێریڤان محمد رەسول) دووخوشکن سۆزان کە خاوەنی دوکانی جلوبەرگی ئافرەتانە و بێریڤان لە دوکانێکی قوماش کار دەکات و دەڵێن :
كاركردنی خۆمان بەپێویست دەزانین، چونكە لە ئێستادا هەردووکمان خاوەن داهاتێكی سەربەخۆی خۆمانین هاریكاری باوك و دایكمان دەكەین، چونكە باوكمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە و توانای كاركردنی نەماوە، بەڕای ناوبراوان كاركردنی ئەوان لەبواری كەرتی تایبەتدا تاراددەیەك توانیویانە خزمەتێك بەخێزانەكەیان پێشكەش بكەن، وە پێیانوایە کە ئافرەتان سەرکەوتووترن. لەبه‌رئەوەی ئافرەتان بەشێوەیەكی گشتی زیاتر ئارام و هێمنترن و بەشێوەیەكی جوانتر كارەكانیان دەكەن و رێز لە كڕیارەكان دەگرن، بەمەش كڕیاران زۆرتر خواستیان لەسەر ئەوەیە ڕوو بكەنە ئەو جێگایانەی كەئافرەتان كاری تێدا دەکەن.
(لاڤە حاجی ابراهیم )خاوەن دوکانی جوانکاری ئافرەتانە لە ڕانیە:
كاركردنی ئافرەتان لەم شوێنانەدا زۆربە پێویست دەزانێ و ده‌ڵێت: هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت دەرفەتی دەستکەوتنی قازانج بۆ خۆی بڕەخسێنێت بە بێگوێدانە ئەو بەربەست و نارەحەتیانەی دێنە بەردەمی، گرنگ ئەوەیە خودی خۆت ئەو ئامانجە بپێکی کە لەپلانتدا هەیە . وە ئەو ئافرەتانەی كەلەم شوێنانەدا كار دەكەن دەتوانن هاریكاری خێزانەكانیان بكەن، چونكە وەك خۆتان دەزانن لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا ژیان سەختبووە و ئافرەتان پێویستیان بەوە هەیە داهاتێكیان هەبێت تاوەكو بتوانن هاریكاری خێزانەكانیانی پێبكەن و پاشەكەوتێكیشیان بۆ خۆیان هەبێت و ئابووری خۆیان دەستەبەر بکەن .
له‌ كۆتاییدا ده‌توانین ئاماژە بە وە بکەین، کە ئەو گەشەسەندن و ئازادییەی کە ئێستا ئافرەتان،ئازادی بەو واتا جوانەی کە دەتوانن سەربەخۆبن لە کارکردن و بڕیاردان و گەشەدان بە توانا هزری مه‌عریفی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە پرسی ئافرەتی وەک پرسێکی گرنگ داناوە و کاری لەسەر کردووە.
ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئافرەتان وە کەمکردنەوەی هزری پیاوسالاریی کارکردن لەسەر زیاتر ناساندنی پرسی ئافرەت دەرخستنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئافرەت دەبنەوە.

 

رێژین قاسم - ڕاپه‌ڕین