نیسان 15, 2021

كۆمه‌ڵناسیی تێگه‌یشتن له‌ تاكه‌كان

دانـا شوانی - هه‌ولێر

 

گیۆرگ زیمڵ یه‌كێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفه‌ هه‌ر دیار و ناوازه‌كانى ئه‌ڵمانیایه‌، بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌یله‌سوفی جێگیر كردووه‌ و گرینگترین كتێبیشی له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌ى پاره‌یه‌ كه‌ بۆته‌ جیی مشتومڕی زۆری تویژه‌ران. له‌ خواره‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ به‌ كورتى له‌سه‌ر چه‌ند دیدێكی ئه‌و بۆ مرۆڤ ڕابوه‌ستین.

لای زیمڵ مرۆڤ هه‌ڵگرى گشتێتییه‌كه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتى ڕووحه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت. چه‌مكی گشتێتی و یه‌كێتى ڕووح گوزارشته‌ له‌ ئاڵۆزی كه‌سایه‌تى مرۆیی و جۆره‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی ئه‌زموون، تێڕوانین، تایبه‌تمه‌ندی، بیروڕا، هه‌ست و سۆز و غه‌ریزه‌كان له‌ مرۆڤدا، كه‌ هه‌ر كامه‌یان ده‌رخه‌رى لایه‌ن و ڕه‌هه‌ند و ویستی جیاوازن له‌ تاكدا و كرده‌ی مرۆڤه‌كانیش هه‌ر له‌ ماناكانى ئه‌م چه‌مكانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ و كه‌سایه‌تى مرۆیی پێكدێنن. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌ دادوه‌رى له‌باره‌ى كه‌سایه‌تى مرۆیی و كرده‌كانی به‌له‌به‌رچاوگرتنى گشتێتییه‌كه‌ى درووست ده‌بێت و ته‌نیا به‌ تێركردنی ویسته‌ مرۆییه‌كانه‌ تاك ده‌توانێ بگاته‌ ئارامیی و هاوسه‌نگی له‌ ژیانی خۆییدا. له‌ دیدی زیمڵ، پێشكه‌وتنى كه‌سایه‌تى مرۆیی به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی له‌ ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانى كه‌سایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌دی دێت. ئه‌م خه‌یاڵه‌ى زیمڵ له‌ به‌رامبه‌ر فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌رى وه‌ك جۆن لۆك ڕاده‌وه‌ستێ كه‌ ته‌واوى كرده‌ مرۆییه‌كان به‌ تێگه‌یشتنى ئه‌قڵانی مرۆڤ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ دیدی زیمڵ، له‌ ئاڵوگۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، مرۆڤه‌كان بوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌ كه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریان و چه‌ند ڕێسایه‌كی گه‌مه‌ى كۆمه‌ڵاه‌یتى ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ئه‌م بوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌ شێوه‌ى كولتوورى خودی ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه‌ هۆی به‌رفراوانكردنی كولتوورى بابه‌تى. هه‌ر چه‌ند له‌ ڕوانگه‌ى زیمڵ كه‌سه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌ زنجیره‌كانى ئه‌م كولتووره‌ خودییه‌ ڕزگار ببن، به‌ڵام ئه‌و له‌ هه‌ڵوێستێكی بێهیوایانه‌ى مرۆڤه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى قه‌فه‌سی ئاسنینی كولتوورى بابه‌تى ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ ئازادی و داهێنان له‌ زۆربه‌ى تاكه‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌ڵامێكی چه‌ندی ویسته‌كانى ده‌داته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌كانى ململانێی تاكه‌كان له‌گه‌ڵ كولتوورى بابه‌تى له‌ دیارده‌ى مۆد دا (Fashion) ده‌رده‌كه‌وێت. مۆد یه‌كێكه‌ له‌ ئاكامه‌كانى فشاره‌ زۆره‌ بونیادییه‌كانه‌ به‌سه‌ره‌ كه‌سایه‌تى تاكه‌كان له‌ جیهانى مۆدێرندا كه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌ جۆرێك له‌ به‌رامبه‌ر بونیاده‌ سه‌روو مرۆییه‌ كولتوورییه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا زاڵن به‌ سه‌ریدا. دیارده‌ى مۆد ڕێك ئه‌توانێت سه‌رگه‌ردانى مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگاى مۆدێرن بخاته‌ ڕوو. مرۆڤه‌كان له‌ شاردا له‌ لایه‌ك نایانه‌وێ یه‌كسه‌ر ته‌سلیمی كولتوور بابه‌تى بن و له‌ لایه‌كی تر تواناى ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى ئه‌و كولتووره‌شییان نییه‌، كه‌واته‌ ڕووده‌كه‌نه‌ ململانێیه‌ك كه‌ مۆد یه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌كانى. تاك له‌ هه‌مان كاتدا به‌هۆی ئه‌و ململانێیانه‌وه‌ ده‌ربه‌ستى ته‌سلیمی كولتوورى گرووپه‌ مۆدگه‌راكان بووه‌. له‌ ڕاستیدا چه‌ند تاكێكی له‌م چه‌شنه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌ ڕێگه‌ى پاككردنه‌وه‌ى شێوه‌ى پرسه‌كه‌، هه‌ستی توڕه‌یی و گرێكانیان تێر بكه‌ن و ویژدانى خۆیان ئاسووده‌ بكه‌ن، له‌م ڕاستییه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بوونه‌وه‌رى لاواز و ته‌سلیمبووی كۆمه‌ڵایه‌تیین كه‌ تواناى ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى ته‌وژه‌مه‌ مه‌زنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان نییه‌.
سه‌رچاوه‌:
1) Oxford sociology dictionary, Gordon marshall.

 

© 2017 Hawler