تشرینی یەکەم 21, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

خۆ گه‌وره‌بینینه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ واقیع دژه‌ و وێك نایه‌ته‌وه‌، و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان وێرانه‌

له‌باره‌ی كه‌سانی خۆگه‌وره‌بین وترا له‌م وتاره‌ تێگه‌یشتنێكی زۆر خێرایه‌ بۆ جۆره‌ كه‌سانه‌، به‌ڵام به‌گشتی له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ په‌یوه‌ندییه‌ رۆژانه‌ییه‌كانمان كه‌ به‌ریان ده‌كه‌وین ده‌یانناسینه‌وه‌، له‌راستیدا له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی و كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی كه‌سانی نارسیست یه‌كجار زۆرن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه ناتوانن به‌هۆی به‌ربه‌سته‌ ئابووری و سیاسییه‌كان ده‌ستان به‌ كۆمه‌ڵێ شت ڕا بگات، به‌ ناچاری كۆمه‌ڵێ وه‌هم و خه‌یاڵ بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن و له‌ مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌شیان هه‌ر به‌و جۆره‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن كه‌ خۆیان خه‌یاڵی پێوه‌ ده‌كه‌ن.

خۆگه‌وره‌بینی یان نارسیسزم جۆرێكه‌ له‌ شڵه‌ژان و تێكچوون كه‌ به‌ هه‌ستێكی قووڵه‌وه‌ بایه‌خ به‌ خۆت ده‌ده‌یت یان وێناكردنێكی هاوشێوه‌ت به‌رامبه‌ر خۆت هه‌یه‌. خۆگه‌وره‌بینه‌كان خۆیان به‌ مرۆڤی تایبه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵی ره‌فتار بكرێت. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌هه‌رگیز ره‌خنه‌ قبوڵ ناكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌لێگرتنیشدا زۆر تووڕه‌ ده‌بن و ره‌خنه‌گر به‌ كه‌سێكی نه‌زان و گه‌مژه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها خۆیان به‌ كه‌سی به‌هێز و به‌ناوبانگ و زانا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ خه‌ڵكی تر په‌یڕه‌وی له‌ روانگه‌ و بۆچوونه‌كانی ئه‌و بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ خۆ گه‌وره‌بینینه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ واقیع دژه‌ و وێك نایه‌ته‌وه‌، و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان وێرانه‌ و په‌یوه‌ندیی رۆژانه‌ و پیشه‌ییان رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت ئه‌ویش به‌هۆی ره‌فتاره‌كانیانه‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌ست و خه‌یاڵ و هوشیارییان به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ نییه‌. له‌ سایكۆلۆژیا و سایكۆلۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تیشدا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سانی نارسیست چه‌ند ئه‌دگارێكی هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌ ژیانی رۆژانه‌ به‌ریان بكه‌وین.
یه‌كه‌م: تاكه‌كان هه‌ستی خۆبه‌گه‌وره‌بینیان پیشئه‌ستووره‌ به‌ گرنگبوونی خۆیان، واته‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وت و توانا كه‌سییه‌كانیان زێده‌گۆ و موباله‌غه‌ ده‌كه‌ن و راستییه‌كه‌ ده‌شارنه‌وه‌ و واقیعه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌رده‌خه‌ن.
دووه‌م: تاكه‌كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ سه‌ركه‌وتن، ده‌سه‌ڵات و جوانی و خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر خۆی ده‌كات.
سێیه‌م: پێیوایه‌ ئه‌و كه‌سێكی ده‌گمه‌ن و تایبه‌ت و ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكی تایبه‌ت ده‌توانن له‌ ئه‌و تێبگه‌ن یان له‌گه‌ڵ دابنیشن و ده‌مه‌ته‌قێ بكه‌ن.
چواره‌م: هه‌ستی خۆ باڵاتربوون یان خۆ به‌شایسته‌زانتریان هه‌یه‌، واته‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی نالۆژیكییان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ستی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان.
پێنجه‌م: له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاك كه‌سی نارسیست وه‌به‌رهێنه‌، واته‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی خۆی ئاماده‌یه‌ به‌هره‌ و توانای كه‌سانی ده‌وروبه‌ری تێك و پێ بشكێنێت.
شه‌شه‌م: هه‌ستی یه‌كانگیری له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری نییه‌، به‌مانایه‌كی تر هیچ تێگه‌یشتنێك بۆ هه‌ست و ویستی كه‌سانی ده‌وروبه‌ر ی نییه‌ و ته‌نیا هه‌ست به‌ گرفته‌كانی خۆی ده‌كات.
حه‌وته‌م: هه‌میشه‌ پێیوایه‌ كه‌سانی ده‌وروبه‌ری ئیره‌یی پێ ده‌به‌ن و ده‌یانه‌وێ شوێنی ئه‌و بگرنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ره‌فتاره‌كانی زۆر خۆخوزانه‌ و خۆویستانه‌یه‌ و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ره‌چاو ده‌كات.
لێره‌ به‌داوه‌ ده‌كرێ جۆره‌كانی كه‌سانی نارسیست ده‌ستنیشان بكه‌ین و به‌سه‌ر چه‌ند گرووپێكه‌وه‌ پۆلینبه‌ندییان بكه‌ین:
گرووپی یه‌كه‌م: نارسیستی نوخبه‌گه‌را یان روناكبیرانه‌یه‌: ئه‌م كه‌سانه‌ هه‌ست به‌ شانازی و ده‌سه‌ڵاتی زۆر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ پێگه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆیان بۆ كه‌سانی ده‌وروبه‌ریان بخه‌نه‌ ڕوو، هه‌روه‌ها كه‌سانی سه‌رقاڵن چونكه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پله‌ی خۆیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌.
گرووپی دووه‌م: نارسیستی خۆشه‌ویستییانه‌: ئه‌م كه‌سانه‌ ئاژاوه‌گێڕن و به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ دنیای واقعی دوور بكه‌ونه‌وه‌. ئه‌م چه‌شنه‌ كه‌سانه‌ زۆر حه‌زیان له‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ساده‌ و ساكارن تووشی وه‌سوه‌سه‌ و ڕاڕایی بكه‌ن به‌ جۆرێك یاریان پێ بكه‌ن كه‌ له‌ چاوی ئه‌وانیتر واهه‌ست بكرێت یارمه‌تیان ده‌درێت و په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌.
گرووپی سـێیه‌م: نارسیستی نائاكارییانه‌: ئه‌م جۆره‌یان كه‌سانی بێ ویژدان و فریوده‌ر و خۆپه‌سندن. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی ئاشكرا ده‌بێت كه‌ به‌هۆی ئه‌نجامدانی ره‌فتارێكی نایاساییه‌وه‌ گوناهبارن، تێڕوانینێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان هه‌یه‌ و به‌چه‌شنێك كارده‌كه‌ن كه‌ ده‌بێ قوربانییه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی روویداوه‌ سه‌رزه‌نشت و لۆمه‌ بكرێت.
گرووپی چواره‌م: نارسیستی قه‌ره‌بووخواز: ئه‌مه‌ گرووپانه‌ زۆر نه‌رێیانه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ هه‌سته‌كانی خۆیان له‌ رێگه‌ی خۆلۆمه‌كردنه‌ه‌وه‌ بخه‌نه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان باڵاتر پیشان بده‌ن.
گرووپی پێنجه‌م: نارسیسته‌ گه‌وره‌تره‌كان: هه‌ندێ كات كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تاكه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی درۆزنانه‌ هه‌ست به‌ متمانه‌ به‌رامبه‌ر خۆیان بكه‌ن، واته‌ ده‌بنه‌ قوربانی پیاهه‌ڵدان و به‌هابه‌خشینی له‌راده‌به‌ده‌ری ئـه‌وانیتر . هه‌ر بۆیه‌ هێدی هێدی باوه‌ڕ به‌ خۆی دێنێ كه‌ ئه‌و كه‌سێكی گرنگ و جوانترین و باشترینه‌، له‌ كاتێكدا ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م رستانه‌شی پێگوتووه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕوای به‌م بۆچوون و پیاهه‌ڵدانانه‌ نه‌بێت. ئه‌م كه‌سان وا هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌سانی باڵان و به‌رگه‌ی ره‌خنه‌ ناگرن. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ره‌خنه‌یان لێ بگرێت له‌وانه‌یه‌ په‌رچه‌كردارێكی توندوتیژانه‌ بنوێنێت، چونكه‌ به‌ها و رێز بۆ قسه‌ی به‌رامبه‌ره‌كانیان دانانێن و ته‌نیا بیر و بایه‌خ به‌ پرسه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و كه‌سییه‌كانیان تووشی به‌ربه‌ست و كشه‌ ده‌بنه‌وه‌ و هێدی هێدی له‌لایه‌ن كه‌سانی تر دورده‌خرێنه‌وه‌.

© 2017 Hawler