تشرینی یەکەم 27, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

قەرەنتینە نیشانى دا بنەماڵە چەندە لاوازە

ڕێبێکا ئۆنیۆن

بەشى دووەم

هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە هەست دەکەین ماڵەکانمان بچووکتر و تەنگتر بووەتەوە بۆمان، بە شێوەیەکى ئاشکرا دڵمان بۆ داینگە و باخچەى منداڵان و قوتابخانەکان تەنگ بووە. ئەوانە نیعمەت بوون، بەڵام شتێک کە بە قووڵى نەبوونى هەست پێ دەکەین، لە تەنیشت یەکتر و کۆبوونەوەکانمانە کە حاڵمانى چاک دەکردەوە و بە چوونە لای یەکترى، زۆرێک لە پاڵەپەستۆکانى بنەماڵەمانمان کەمتر دەبووەوە.

یەکێکى دیکە لە ئەندامانى گرووپى منداڵادارى سلەیت دەڵێت: "خوومان بەوەوە گرتبوو کە ڕۆژانە بچینە گەڕان. لە دایگەکان ئیزنمان وەردەگرت و لەگەڵ منداڵەکانمان دواى پیاسەیەکى نیو کاتژمێرى لە نێو حەسارى قوتابخانەکە دەچووینە دەرەوە و لە پارک و پارکینگەکان پایسکیل سوارییان دەکرد و یا لە ڕایان دەگرت و تەواو بزۆزییان دەکرد و یا لە مۆزەخانەکان و زەوییەکانى یارى لەگەڵ بنەماڵەکانى دیکە پێکەوە دانیشین. قاوە بخۆینەوە و پێ بکەنین لە کاتێکدا کە منداڵەکان بۆ خۆیان یاری و عەجوولییان دەکرد". دم بۆ هاوڕێکانم تەنگ بووە، بەڵام شتێ کە زۆرتر دڵم بۆى تەنگ بووە ئاگالێبوونى بەکۆمەڵ بوو لە منداڵەکان. هاوڕێکانم پەیامیان بۆ لێ دەدام و لەبارەى خۆراکییەکانەوە قسەمان دەکرد کە لە ئایندە و پاش ئەم ڕووداوانە بڕیار وایە دووبارە نۆشى گیانیان بکەین. وێناکردنى ئەوەى کە منداڵەکانمان دووبارە ببینەوە کە پێکەوە یارى دەکەن، بەڕاستى کەیف خۆشم دەکەن."
"هەموومان دڵمان بۆ شوێنى دیدارە هەمیشەییەکانمان تەنگ بووە. ئەگەر منداڵتان نییە، بە دڵنیاییەوە ئەمە درک ناکەن، بەڵام منداڵداربوون دەروازەکانى شار بە ڕووتان واڵا دەکات، مەلەوانگە، کتێبخانە، فەزاى بچووکى سەرداپۆشراوى یارى لە دوکان و مۆڵەکان".
ژۆزێف ئادلمێن دەڵێت: "بەڵێ.. پێویستمان بە هاوکارى هەیە، بەڵام هاوکاتیش پێویستمان بە هاوکاریکردنیش هەیە."، ژۆزێف لە تەویتەر نووسیویەتى: "دەتوانم لەگەڵ دوورکەوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکەین، بەڵام ئەوەى کە لەگەڵ منداڵە دووساڵەکەمان بچمە شت کڕین ببووە بەشێک لە بەرنامەى ئاسایی کۆتاییەکانى حەفتەمان. ئەمڕۆ بە پاڕانەوە لێى پرسیم: کەى دووبارە بچینە مارکێت؟ و هەر ئەمە خەریک بوو کەمەرم بشکێنێت." شارە گەورەکان پڕن لە منداڵ، مۆزە و شوێنەکانى یارى هەمووى داخراون، ئێرە لەم شارە چکۆڵەیەى ئێمە خوومان بەوەوە گرتبوو کە بەیانیانى کۆتایی حەوتوو بچینە فرۆشگاى ئاژەڵانى ماڵى و مارکێتى لاوز، شوێنێک کە منداڵەکان دەیانتوانى سوارى یارییەکان بن و سەیرى مریشکەکان بکەن".
"سەرەتا کە کوڕەکەم لەدایک بوو، زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد، کاتێکى زۆرى برد تا توانیم ئەنجوومەنێکى چکۆڵەى باش لەگەڵ تازە دایکەکان دروست بکەین. بەلانى کەمەوە بە پێى بەرنامەى دیاریکراو لە دەورى یەکترى کۆ دەبووینەوە. هەروەها لە کاتى یارییەکاندا، کوڕەکەم دەبردە مەلەوانگە و بەشدارى چالاکییەکانى شارەکەمان دەکرد، دەچووینە پیاسە و لە دانیشتنى کەمکردنەوەى کێشدا بەشداریمان دەکرد، مانە ئەو شتانە بوون کە لەم چەند ساڵەى ڕابردوو هەمانبوو". ئەمە قسەى دایکێک بوو کە وەک زۆرینەى دایکەکان دواى یەک ساڵ لە لەدایکبوونى منداڵەکەى خەریک بوو خۆى ئامادە دەکرد بچێتەوە سەر کارەکەى، هەر ڕێک لەم کاتەدا بوو کە سەروکەلەى کۆڕۆنا پەیدا بوو، ئێستایە کە دەتوانین درک بکەین چەندە شتێکى لەم شێوەیە دەتوانێت ناخۆش بێت کە دەڵێت: "هێشتا کاتێکى زۆر تێنەپەڕیبوو کە توانیم ڕووخسارى مەحروومبوون لە ڕووخسارى مرۆڤەکانەوە ببینم، ئەمەش کاریگەرى گەورەى لەسەر تەندرووستیم و ڕۆحم هەبوو".
"واى هاوڕێیان چەندە دڵمان بۆ باپیر و داپیرەکانمان، مام و خاڵەکانم، پوورەکانمان و منداڵەکانیان تەنگ بووە. یەکێک لە ئەندامانى دیکەى گرووپى منداڵدارى سلەیت، خووى بەوەوە گرتبوو کە یەکشەممەکان بچێتەوە ماڵى دایک و باوکى، ئەو کاتێک تێگەیشت کە جیاوازییەکى زۆر لە نێوان منداڵدارى و کار پێکەوە و منداڵدارى بە تەنیا هەیە، کە چوونە ماڵى دایک و باوکى وەستا بە هۆى خۆپارێزى لە کۆڕۆناوە. ئەو دەنووسێت: "کاتێک کە ئەم ڕاستییە نوێیەم زانى، هەموو شتێک یەکهۆ لەدەست چوو".
هەندێک هەن کە لەگەڵ دایک و باوک و ئەندامانى دیکەى بنەماڵەکانیان دەژین، واپێدەچێت ئەوانە بەختەوەر و بەشانس بن، بەڵام یەکێک لە هاوڕێکانم کە لەگەڵ دایک و باوکە پیرەکەى دەژیت و بڕیار وایە لە ئایندەشدا پێکەوە بژین، پێویستى بە هاوکارییە. ئەو دەڵێت: ژیان لەگەڵ دایک و باوک، ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر کۆڕۆنام بۆ زیاد دەکات. باش نییە کە کەسێکمان تووش بێت، ئاخر ئەگەر دایک وباوکم تووش ببن ئەگەرى مەرگیان پەنجا بە پەنجایە. پێڕاگەیشتنى منداڵەکان، قەرەنتینەى گەورە ساڵان، و چاودێرییان زۆر سەختترە لەوەى کە بیرم لێ دەکردەوە".
بەڵێ پێویستمان بە هاوکارییە و هاوکاتیش دەبێت هاوکارى بکەین.. دایکێک دەڵێت "کاتێک کە کچەکەم چەند حەوتووى بوو، یەکێک لە هاوڕێکانم هات و لەباوەشى کرد و سووڕاندییەوە تا بەڵکو مندجیش بتوانم چەند کاتژمێر بە ئارامى بخەوم ـ لوتف و سۆزێک کە هەرگیز بیرى ناکەم ـ هەر ئەم هاوڕێیەم بە گریانى خستم، کاتێک کە گوتى ئیتر ناتوانم ئەم کارە بۆ هاوڕێیەکى دیکەم بکەم کە منداڵەکەى ١٧ڕۆژە. ئەو لە ئیمەیلێک نووسى: دوێنێ بۆ یەکەم جار ئەم تازە بووەم لە زوومى کامێرا بینى. ناتوانم خواردن بۆ کەسانى تر لێ نێم. تەنانەت ناتوانم بارێک لەسەر شانى دایکێک لە شەقامدا هەڵگرم. مەبەستم چاودێرى منداڵەکەیەتى بۆ چەند کاتژمێرێک. ئەگەر لە تەنیشت منداڵێکەوەن، لە تەنیشت جەستەیەوەن و بۆن و چڵم و ڕشانەوە و نینۆکە چکۆڵەکانى بە دەموچاوتان دەکەوێت و هەستى پێ دەکەن، واتە جەستەکانى دیکە لێتانەوە دوورن."
بنەماڵەى ناوەکى و یەمگرتوو و ئارمانجدار کە لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە جێگەى سەرنج و ڕێکلامیشە، کاتێک گاڵتەجاڕیەتى خۆى نیشان دەدات کە منداڵتان هەبێت و ببینن کە ئەو پڕوپاگندە و ڕێکلامە هیچ ڕاستییەکى تێدا نییە. فانتێزى بنەماڵەى سەربەخۆ ـ بیرۆکەیەک کە دەڵێت ماڵەکەى ئێوە قەڵەمڕەوى تایبەتى خۆتانە ـ زۆر زوو هەڵدەوەشێتەوە، کاتێک کە دەبینن چۆن منداڵەکان لەسەر بنەماى سرووشتییان دونیاى دەوروبەر لە باوەش دەگرن. پرسە گرنگەکە لێرەدایە کە ئێوە وەک دایک و باوک چەندە پێویستتان بە دونیاى دەرەوە هەیە تا خۆیتان بە درێژایی ڕۆژەکە ڕزگای بکەن... دونیایەک لە چاودێرى، هاوڕێ، سەرپەرشتیار و سەرمگەرمکەر. ئەگەر لەگەڵ هەموو ئەمانە هێشتا کەسێک وا دەزانێت تەنیا پێویستمان بە ماڵێکەوە، ئەوا قەرەنتینە ڕێگە چارەسەرەکەیەتى و پێویستە قەرەنتینە بکرێت تا تێبگات!

پەراوێز:
ـ ئەم بابەتە لە نووسینى (ڕێبێکا ئۆنیۆن ـ Rebecca Onion) لە ٢٣ى مارسى ٢٠٢٠ بە ناوونیشانى (The Nuclear Family Is Not Enough) لە ماڵپەڕى (سلەیت ـ slate.com) بڵاو بووەتەوە.
ـ ڕێبێکا نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکى بەریتانییە.
ـ (ئەزموونە بێگەردەکان) و (ماڵێکى چکۆڵە لە سەوزایی) لە کتێبە چاپکراوەکانى ئەون.

© 2017 Hawler