تشرینی یەکەم 27, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

تێگوشین و قەزاوەتی پێشوەختە

 


(٩)
تێگوشین و قەزاوەتی پێشوەختە! ئەو وشەیەتان چەند بە لاوە ئاشنایە؟ یان وابزانم وا باشترە کە بڵێم زیاتر چە جۆرە هەستێکتان دەداتێ؟ تووڕەیی؟ ڕق؟ دڵەڕاوکێ یانیش ترس؟
ترس لە چی؟ لەو شتانەی کە جاری وا هەیە بە خۆیشمان بیرمان لێ نەکردووەتەوە بەڵام دەوراوپشتەکەمان دەیبینن و دەیڵێنەوە؛ ئەوجا ئێمەی مرۆڤ چەندە پێمان دەکرێ لە روانگەی خەڵکەوە بڕوانین و رەچاوی جیهانبینیەکەی ئەوان بکەین؟
ئەی مەگەر ژیان بە خۆی مەودای نێوان چاوهەڵهێنان بە دنیا و چاوقوچانەوە و لێبوونەوە لە دنیا نیە؟ بەڵام لەوانەیشە مەودای دەسپێکی داوەریکردنێکی بێبڕانەوە بێت.
کە لەگەڵ یەکەم گریانی لەدایکبووندا خوڵک و مگێزمان لێ هەڵدەسەنگێنن و لێل یەکەم چاوگێڕانی ساوا نەوزادەکەدا بۆ وێکچوونی لەگەڵ نەوەی کۆندا دەگەڕێن، تێدەگەین کە پێمان خستووەتە دنیایەکەوە کە بەشی ئێمەی پێوەیە بەڵام بەشەکەمان هەر هی خۆمان نیە! بەڵکو شوێنی هزر و تێڕوانین و بوون و نەبوونی ملوێنان و بگرە ملیاران ژینەوەر و مرۆڤێکە وا لە بەرای ئێمە و دوای ئێمە ژیاون و دەژین و، لەمەولا باسی ئێمە دەکەن و دەماندەنە بەر گازی بڕیار و قەزاوەت.
هەموومان جاری وا هەبووە وەڕز بووینە لەو هەموو قەزاوەتەی لێمان دەکرێت و لە حوکمی پێشوەختەی خەڵک دەربارەمان، بەسەر خۆماندا شکاوینەتەوە و داهێزراوین؛ قەزاوەت و لەخۆوەبڕیاردان چمان لێ ناکات؟ چاوی بە فرمێسکدا هێناوین و، خوێنی لێ رژاندووین؛ یەک دنیا دڵی هەلاهەلا، لەبەر گومانێکی نابەجێ!
جا سەیرەکە ئەوەیە هەر لەو کاتەیدا وا خۆمان بە دەست قەزاوەتی خەڵکەوە وەڕزین، بە خۆیشمان دەکەوینە کەوڵکی خەڵکەوە و قەزاوەتیان دەکەین! هەرچۆنێک بێ، دنیاکە هەر وایە و، دەمی خەڵکمان پێ ناقوچێت و بڵێی‌نەڵێی خەڵک قسەی خۆیان هەر دەکەن؛ لەبەرئەوەی مرۆڤ دوو چاوی پێیە و دەبینێت؛ دوو گوێچکەی پێوەیە و دەژنەفێ و دەبیسێتەوە؛ مێشکی لە کەللەدایە و تێدەگا؛ کەواتە ئەگەر کەسێک نە خۆی هەڵبسەنگێنێت و نە خەڵک و دنیای چواردەوری، دیارە بێ‌هەست‌وخوستە و تێناگا! ئەڵبەت ئەوە نابێتە دەستپێچ و پاساوی ئەوەی بکەوینە گیانی خەڵک و بە مەیلی خۆمان هەڵیانسەنگێنین و قسەیان پێ بکەین و بۆیانی تێگوشین!
جا بۆ شیکردنەوەی پرس و بابەتی قەزاوەت، شوێن و جۆری خۆی بۆ رەچاو بکەین؛ با وای بڵێین کە دنیای نوێ، پێویستی بەوە هەیە کە لە بابەتی ئەزموون و بەسەرهات و بیروباوەڕەوە، بە خۆیدا بچێتەوە.
ئەوەتا هەرهەموومان بە سەنگ و پێوەری بیروباوەڕی خۆمان، خەڵکی دی پێوانە دەکەین؛ بەڵام مەرج نیە ئەو سەنگ و پێوەرەمان هەتا پێنج ساڵی دیکەش وەکخۆی بمێنێتەوە و نەگۆڕێ؛ رەنگە پێنج ساڵی دی بیروباوەڕی ئەو خەڵکەی وا ئێستا دەماندەنە بەر رەخنە بگۆڕێ و، ئەم قەناعەتەی ئێستای ئێمەیان لا دروست ببێت؛ هۆی ئەو هەموو لێکحاڵی‌نەبوون و نەلێک‌تێگەیشتنە هی جیاوازیی پەروەردە و هی ئەوەشە کە رادەی تێگەیشتنە کۆمەڵایەتیەکەی هەموو کەس وەکو یەک نیە؛ هەوڵ و تێکۆشانێکی گەورەی دەوێ و دەبێ شیستەمی پەروەردەی بۆ وەپێش بخرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو تاکێک لە ئاست خۆیەوە هەوڵ بدات پێگەی خۆی لە کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە و چاو بکاتەوە و چیدی نەکەوێتە داوی دەمارگیریەوە و، بۆ خۆی زانست و زانیاری کۆوە بکات و ژان و دەردی کۆمەڵگای بە گشتی پێ ساڕێژ بکاتەوە.
کەسمان دەرەقەتی بیروباوەڕی ئاپۆڕا و کۆمەڵانی خەڵکی کۆمەڵگا نایەت و، مەرجیش نیە هەموو بیروباوەڕێکی گشتی و کۆمەڵانی، هەڵە و نادروست بێت؛ ئەگەربێتو هەرکەسێکمان و لە ئاست خۆیەوە، هەوڵی باشترکردنی ژیانی خۆی بدات، ئیدی نایپەرژێتە سەر خەڵک و دەرفەتی ئەوەی نابێ بچێتە بنکڵێشەوە خەڵکەوە و لێیان ببێتە قازی و هەڵیانبسەنگێنێت! کەینێ وازمان لە خەڵک هێنا و بە ژیانی خۆمانەوە خەریک بووین، ئینجاکە دنیایەکی باشترمان پێ پێشکەش دەکرێتە ماڵومنداڵی خۆمان و نەوەی نوێ.
کە خرایتە تای تەرازووی بیروباوەڕی کۆمەڵگاوە و، بەو گوێرەیە هەڵسەنگێندرایت، دنیات لێ ئاخر نەبێ و، بەر لە هەموو شت، بە خۆتدا بچۆرەوە و لە هەڵسوکەوتی خۆت دڵنیا ببەرەوە؛ خۆ هەموو چەشنە بەربەرەکانێ و خۆجوداکردنەوەیەک مەرج نیە رێک و رەوا بێت بەڵام، ئەگەر لە کردەوەکەی خۆت دڵنیای، گوێ مەدەرە خەڵک و چ دەڵێن با بیڵێن. با لەبیرمان نەچێ کە ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوە نەهاتووینەتە دنیاوە کە دڵی خەڵک رازی کەین و بیروباوەڕ و شیوازی ژینی خۆمانیان پێ بسەلمێنین؛ هەرکەسەو سەر بە خۆیەتی و بۆ خۆی دەژیێت؛ نە خۆی بەرتەسک کاتەوە نەیش بە زیادەوە بڕوات.
میانەڕەوی و ناەوەڕاستگرتن، کلیلی سەرکەوتنی خەڵک و سەرگرتنی بیروباوەڕی توندوتۆڵ و قایمە.
ئەوەی حەزی لێیە با بۆچوون و پێشنیار و رەخنەی خۆیمان بەم ئیمێڵەدا بۆ بنێرێت:

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2017 Hawler