شوبات 28, 2021

كوردەواریی خۆمان دەڵێن كەنگر و ماست بە وادەی خۆی

كە بەهار دادێ، ئیدی خەڵكەكە عەوداڵی ماستی مەڕی دەبێت هەم بۆ خواردن و هەم بۆ ماستاوی خەستی سەر بە كەف و هەم بۆ دروستكردنی خواردنە كوردەوارییەكانی وەك قوڕاو و دۆغەوا و داندۆك و هی دیكە.

• ماستی مەڕی تام و لەزەتێكی زۆر تایبەتی هەیە مرۆڤ هەر لە تامی تێر نابێ، بە تایبەتی ئەگەر بە شێوەیەكی پاك و خاوێن و لێزانیەوە هەوێن بكرێ، چونكە ئەو كارەش پیاوی خۆی دەوێ، بەڵام داخەكەم ماوەكەی كوورتە و هەر لەگەڵ بەهارەكە ئەویش ماڵئاوایمان لێ دەكات و ئیدی تا بەهارێكی دیكە نایبینینەوە، هێندە نەبێ ئەگەر لە ناو موجوەمیدەی ماڵەكانمان وەك خۆراكەكانی دیكە چەند كیلۆیەكی لێ بگرین، ئەویش قەد ئەو تام و لەزەتە نادات كە لە وادەی خۆی هەیبوە، چونكە كوردەواریی خۆمان لەمێژە گوتوویانە (كەنگر و ماست بە وادەی خۆی)
• بەڵگە نەویستە شاری هەولێر لە نێو تەواوی شارەكانی دیكەدا بە ماست بەناوبانگە، ئێ خۆ برا عەرەبەكانمان بە بەلاش ناڵێن (لبن ئەربیل) هەروەها خاتوو كەژاڵ ئەحمەد ی شاعیریش لە شیعرێكیدا زۆر بە جوانی وەسفی ماستی مەڕی دەكات و دەیبەستێتەوە بە شاری هەولێر و دەڵێ (لۆت بمرم هەولێرە ماست).
• ئەوەی ئێمە باسی لێوە دەكەین ئەو ماستە مەڕەیە كە جاران هەبوو بێ فرت و فێڵ و غەل و غەش بوو، بە تایبەتی ئەو كات و ساتانەی كە ویژدان میوان بوو، مرۆڤ هەموو هەم و غەمێكی پارە و ماددە نەبوو.
• ئێستا لەبەر ماستی هاوردە و بیانی كێ بەری بە ماستی خۆمانە ماوە، هەر با بایە ماستی هاوردە دەخوات، بۆیە هەمیشە نەخۆشین و خاوەن تەندروستیەكی نالەبارین، چونكە كەس نازانێ ئەو ماستە چۆن چۆنی هەوێن كراوە.
• جاران ماستی مەڕی هێندە مەرغوب بوو خەڵكی بۆ دەست و دیاری بۆ خۆشەویستان و ئازیزانیان دەبرد، بە تایبەتی ئەگەر یەكێك ئەهلی گوند و دێهاتەكان بوایە زۆر پێی عەیب بوو بە دەسبەتاڵی سەردانی خزم و كەس و كار و دۆستێكی خۆی بكات، بۆیە ئەگەر یەكێكی گوند نیازی سەردانی هەبوایە دەبوایە مەنجەڵێك ماستی مەڕی سەر بە سەرتوو بە گوریسێك و هەندێ قەسەر جوان بپێچێتەوە بۆ بەیانی لەگەڵ خۆی بیبات، بۆیە هەمیشە خۆزگە بەو ڕۆژگارانە دەخوازین.
• ماستی مەڕی لەبەهاران میوانی خوان و سفرەكانمانە و هی وا هەیە لە ژەمەكانی دیكەشدا بە لەزەتەوە دەیخوات و بەدەم چای گەرم و ئەستووركە بە كونجیەوە، ئەگەر نەبێتە ناشكوری دەبێ بڵین هەزار شیو و خواردنی ئەمڕۆكەی بەقوربان بێ.
• ماستی هەولێری بە گشتی و ماستی مەڕی بە تایبەتی هەتا یەك هەفتەی تێك نەدەچوو سەری یەك پارچە سەرتوو بوو، كەچی ماستی ئێستا بە زۆری شیری قوتۆی لەگەڵ تێكەڵ دەكەن وەك دەڵێن شیشەكی ئاسنیش سۆر دەكەنەوە و لە ناو ماستەكەی وەردەدەن هەتا تام سوێی لێ بێ و بە ماستی مەڕی دەیفرۆشن كە ئەوەیان گوناهو تاوانێكی گەورەیە.
• پیاوە بەتەمەن و دنیا دیدەكان دەڵێن ماستی مەڕی دەشتی قەراج و كەندیناوە زۆر بە تامو لەزەتن بە جۆرێك داواكاری زۆریان لەسەرە، جگە لەوەی هەندێكی دیكە حەز بە ماستی بەردەڕەش و دەڤەری بادینان دەكەن و دەڵێن ماست نیە شان لە شانی بدات.
• جاران ماست بە گۆترە دەفرۆشرا مەنجەڵی بە 2 درەهەم یان 3 درهەم بوو، كەچی ئێستا بە كیلۆ دەفرۆشرێ و كیلۆی بە 3 تا 4 هەار دینارە و خاوەنەكەی هەر زوو داوای مەنجەڵە بە تاڵەكەشت لێ دەكاتەوە

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler