
به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، پرسی كرده‌ی خۆكوشتن، پرسێكی جێی باس بووه، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ئه‌میل دۆركایم له ساڵی 1879 له به‌رهه‌مه به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناوی خۆكوشتن له چوارچێوه‌ی تیۆرێكی كۆمه‌ڵناسیی شه‌نوكه‌وی بكات، له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ش چه‌ندان بیرمه‌ند و خاوه‌ن بۆچوون ئه‌و باسه‌یان تاوتوێ كردووه، هیچ یه‌كه‌یان نه‌یانتوانی كۆمه‌ڵناسانه و به وردی كۆی ڕه‌هه‌نده‌كانی شی بكه‌نه‌وه. تیۆری خۆكوشتنی دۆركایم له كتێبه‌كه‌ی به ناوی (خۆكوشتن) (suicide) خراوه‌ته‌ڕوو. له هه‌مان كاتدا ئه‌م كتێبه به یه‌كه‌مین هه‌وڵی كۆمه‌ڵناسانه و سیستهماتیكانه داده‌نرێت له شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆكوشتن، له هه‌مان كاتدا پاڵنه‌ره سه‌ره‌كییه زانستییه‌كه‌شی ڕه‌فتاری مرۆییه. ته‌نانه‌ت به‌شێك له كۆمه‌ڵناسه‌كان پێیانوایه دۆركایم مۆدێلێكی تازه‌ی له شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی وه‌ك خۆكوشتنی هێنایه ئاراوه.
هه‌روه‌ها دۆركایم پێیوابوو كه ده‌كرێ به هۆی كۆمه‌ڵێ هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئه‌وه ڕوون بكرێته‌وه كه بۆچی هه‌ندێ له تاكه‌كان له كه‌سانی تر پتر هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌ده‌ن. ئه‌و له‌وه تێگه‌یشت كه ڕێژه‌ی یه‌كانگیریی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌مه‌چه‌شنه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر جیاوازه و ڕێژه‌ی خۆكوشتن له نێو ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپانه په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی یهكانگیرییاندا هه‌یه. ئه‌و كۆمه‌ڵگای كه یه‌كانگیرییه‌كی زۆرتری تیایه، تاكه‌كان پتر له‌ژێر كۆنترۆڵ و نفوزی خۆیدایه. مه‌به‌ست له یه‌كانگیریی و یه‌كگرتوویی، ڕێژه‌ی به‌شداریكردنه له هه‌سته جهمعییهكانی تاكه‌كان.
تایپۆلۆژیی خۆكوشتن له دیدی دۆركایم
وه‌ك ئاشكرایه دۆركایم له پرسی شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك خۆكوشتندا وریایانه هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌م پێناوه‌دا خسته‌گه‌ڕ و به‌وردی ئه‌و پرسه‌ی به كۆكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری داتاكانی وڵاتانی ئه‌وروپیی په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌ی كۆكرده‌وه و به‌وردی هه‌موویانی شیكرده‌وه، هه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندیی تایپهكانی خۆكوشتنی له‌یه‌ك جیا كرده‌وه، كه له خواره‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به وردی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان بوه‌ستین:
یه‌كه‌م: خۆكوشتنی خودخوازانه (Egoistic)
دۆركایم پێیوایه خۆكوشتنی خودخوازانه تایبه‌ته به‌و كۆمه‌ڵگا و گرووپانه‌ی كه تێیدا فه‌لسه‌فه‌ی تاككگهرایی (Individualism) و سه‌ربه‌خۆیی كه‌سیی (Self-independency) و پشتبه‌خۆبه‌ستنی (self-reliance) به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو بوونی هه‌یه. له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاوهادا، به هۆی ڕێژه‌ی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و فشاری كۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر كه‌م، لاوازی ڕووحی به‌كۆمه‌ڵ، بێلایه‌نی ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له به‌رپرسیاریه‌تی كه‌سیی، ده‌ستباڵایی بۆنه و په‌یوه‌ندییه لاوه‌كیی و فه‌رمییه‌كان به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی یه‌كه‌مین و په‌یوه‌ستنه‌بوونی قووڵی تاك به گرووپه‌وه، كه‌می ته‌بابوون له‌گه‌ڵ گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتیوانینه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سۆزداریی ده‌زگاكان له تاك ده‌بێته هۆی زیادبوونی هه‌ستی خۆكوشتن له هه‌ر هه‌لومه‌رجێكی قه‌یراناوییدا. له په‌یوه‌ست به گرووپ، خێزان وه‌ك گرووپی یه‌كه‌مین (Primary Group) دۆركایم پێیوایه ته‌بانه‌بوون و په‌رته‌وازه‌یی خێزان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خۆكوشتن له كه‌سه سهلتهكان زیاتر بێت له كه‌سه خێزانداره‌كان له‌و كه‌سانه‌ی منداڵییان هه‌یه كه‌متره له‌و به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی منداڵیان نییه.
هه‌روه‌ها له گوند و ناوچه دووره‌ده‌سته‌كاندا به‌هۆی زاڵبوونی ڕووحی به‌كۆمه‌ڵ و ده‌ركه‌وتنی جۆرێ یهكانیگری میكانیكی، پێكهاتن و یه‌كپارچه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتره له به‌راورد به شار و ناوچه پێشكه‌وتووه‌كان. له‌م ڕوه‌وه، ناوچه شارییه‌كان به هۆی هه‌بوونی تاكگه‌رایی و لاوازبوونی ڕووحی به‌كۆمه‌ڵ و ده‌ركه‌وتنی یه‌كانگیری ئۆرگانیكی، ڕێژه‌ی خۆكوشتنی خودخوازانه زیاتره له ناوچه لادێیه‌كان.
له لایه‌كی تره‌وه، له په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندیی ئایین و خۆكوشتن، دۆركایم پێیوایه كه ڕێژه‌ی خۆكوشتن لای په‌یڕه‌وانی مه‌زهه‌بی كاتۆلۆكیك و ئایینی یه‌هودی كه‌متره له به‌راورد به پرۆتستان، چونكه مه‌زهه‌بی كاتۆلۆكیك و یه‌هود بڕوای به یه‌كانگیریی و هاوده‌نگیی گرووپه‌كان هه‌یه و به كرده‌یی له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵ ده‌دات، به‌ڵام مه‌زهه‌بی پرۆتستان جه‌خت له‌سه‌ر به‌ها كه‌سیی و تاكگه‌رایی ده‌كاته‌وه.( )
به بڕوای دۆركایم، خۆكوشتن له وڵاته پێشه‌سازی و پێشكه‌وتووه‌كاندا خۆكوشتنی خودخوازانه ڕێژه‌یه‌كی له‌سه‌رووی هه‌موو جۆره‌كانی تری خۆكوشتنه. له‌م جۆره كۆمه‌ڵگا و وڵاتانه‌دا هه‌موو شتێك ده‌كرێته قووربانی به‌ها مادی و تاكگهراییهكان و چاودێرییه‌كی سه‌رسه‌خت و توندیش ده‌كرێن و له ئاكامدا، مرۆڤ به‌شێكی زۆر له له به‌ها و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی له ده‌ستده‌دات و هه‌ست به نامۆبوون ده‌كات.
نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت كه به‌شێك له كۆمه‌ڵناسه مۆدێرنه‌كان ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتنشیان كردۆته دوو جۆره‌وه، جۆری یه‌كه‌میان پێی ده‌ڵێت: (خۆكوشتنی مالیخولیایی خه‌ون و خه‌یاڵیی (Melancholic Linguor)، جۆری دووه‌میان پێی ده‌ڵێن خۆكوشتنی ئه‌پیكۆری (Epicureanism). له جۆری یه‌كه‌میاندا كه‌سه‌كه هه‌ستی گۆشه‌گیری زیاتر ده‌بێت و به‌رامبه‌ر به هه‌موو شتێك هه‌ست به ڕه‌شبینی ده‌كات، ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م جۆره‌ن پتر له په‌نجا ساڵهكانن و ئه‌و نامه‌یه‌ی كه له دوای خۆشییان به جێی ده‌هێڵن زیاتر گوزارشت له‌و هه‌سته‌یان ده‌كات كه ئه‌وان چیتر هه‌ست به خۆشی ناكه‌ن به‌رامبه‌ر ژیان. به‌ڵام جۆره‌كه‌ی تری خۆكوشتنی خودخوازانه كه‌سه‌كه به‌رامبه‌ر هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌ری به ساردی و بێ مه‌یلییه‌وه لێی ده‌ڕوانێت و هه‌موو شته‌كانی ده‌رووبه‌ری به شتی بێ مانا و مه‌به‌ست له قه‌ڵه‌م ده‌دات و پێیانوایه جیهان شایه‌نی ئه‌وه نییه مرۆڤ تێیدا بژێت.
دووه‌م: خۆكوشتنی ئهویترخوازانه (Altruistic)
ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن تایبه‌ته به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه به‌توندی ڕه‌چاوی یه‌كانگیری گرووپی و په‌یوه‌ستبوونی تاك به گرووپه سه‌ره‌تایی و پانهوییهكان ده‌كات. له‌م ڕوه‌وه له خۆكوشتنی ئهویترخوازانه په‌یوه‌ندی تاك به گرووپی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستێكی باڵادایه. له بری ئه‌وه‌ی تاك دووچاری هه‌ستی بێ مه‌یلی و هه‌ڵچوون بێت چالاك و پڕ وزه‌یه. له خۆكوشتنی خودخوازانه تاك پێیوایه هیچ شوێنێك له‌م جیهانه نییه و بڕوای به ژیانیش له‌م ڕه‌وه‌وه نامێنێت، به‌ڵام له خۆكوشتنی ئهویترخوازانه له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی جیهانێكی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م جیهانه‌یه. بۆ نموونه، له عهقیدهكانی هندۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان هه‌یه هه‌ر كاتێ وا هه‌ست بكه‌ن به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركێكیان نییه، ئه‌وا واز له خۆیان ده‌هێنن و پێیانوایه كاتی ماڵئاواییه.
دۆركایم خۆكوشتنی ئهویترخوزانه به جۆرێك كرده‌ی قاره‌مانانه له قه‌ڵه‌م ده‌دات، و به جۆرێك له ڕه‌فتاری سه‌ربازه‌كاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه كه له پێناوی نیشتیمان‌دا ئاماده‌یی دانی هه‌ر قوربانییه‌كیان هه‌یه. به دیدی دۆركایم خۆكوشتنی ئهویترخوازانه له كۆمه‌ڵگا دێرین و به‌ده‌ویی و ناپیشهسازییهكان كه یه‌كپارچه‌یی و یه‌كانگیریی گرووپیان هه‌یه زاڵ و باڵاده‌سته.
ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن سێ جۆری هه‌یه:
یه‌كه‌م: ناچاره‌كی، بۆ نموونه له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك سوورپێسته‌كانی باكوری ئه‌مریكادا باوه و پێیانوایه خۆكوشتن وه‌ك ئه‌ركێكه له كۆمه‌ڵگا، ته‌نانه‌ت ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن له هیندستانیش ده‌بینرێت به تایبه‌ت خۆكوشتنی ژنان پاش مردنی مێرده‌كانیان.
دووه‌م: خۆویستی یان ئیرادی، ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن به مه‌رگێكی عیرفانی به‌ناوبانگه به تایبه‌ت له مه‌سیحییه‌تدا وه‌ك پنتی گه‌یشتن به عزه‌ت ته‌ماشا ده‌كرێت.
سێیه‌م: هۆشمه‌ندانه، چاوپۆشی تاك له ژیان و بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له‌م دنیایه به‌و هۆیه‌یه كه كۆمه‌ڵگا و كولتوور كرده‌یه‌كی له‌م چه‌شنه ستایش ده‌كات، به‌تایبه‌ت له ئایینی بووداییدا بوونی هه‌یه.
سێیه‌م: خۆكوشتنی نارێكخراو یان ئهنۆمیكییانه (Anomic)
به دیدی دۆركایم هۆكاره‌كانی ڕوودانی ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن به هۆی هه‌بوونی ناهاوسه‌نگی و گۆڕانی قووڵ و بونیادی و خێرا له ده‌زگا و سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕووده‌دات، به هۆی ڕوودانی هه‌ر پشێوییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و كولتووریی ده‌بێته هۆی تێكچوونی باری ئابووری و ده‌روونی به‌شێكی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا كه دواجار زه‌مینه‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن فه‌راهه‌م ده‌كات.
لای دۆركایم هه‌ر كات دوژمن سنووری نیشتیمان و تاكه‌كان تێپه‌ڕ بكات، هه‌ستی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كانگیریی له نێو گرووپ به‌هێز ده‌كات به جۆرێك كه به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان به‌شێوه‌ی پارێزگاری له میراتی ماددی و مه‌عنه‌ویی نیشتیمانی ده‌بێته هۆی زیادبوونی هه‌ستی په‌یوه‌ستبوونی گرووپی و ڕێژه‌ی خۆكوشتنه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه. بۆیه دواجار ده‌كرێ بڵێین سهرهكییترین هۆكاری ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن بریتییه له هه‌بوونی گۆڕانی كاتی و خێرا له نۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
دۆركایم پێیوایه خۆكوشتنی ئهنۆمیكی به‌هۆی ئه‌م چوار دۆخه‌وه‌یه:
ئهلف: گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه خێراكان له‌گه‌ڵ خۆكوشتنی ئهنۆمیكی هاوڕێكن، بۆ نموونه له زۆربه‌ی قه‌یرانه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جیهاندا ڕێژه‌ی خۆكوشتنی ئهنۆمیكی زیادیكردووه، له چه‌شنی داته‌پینی ئابووریی ئه‌مریكا له ساڵی 1930.
ب: به‌دیدی دۆركایم هه‌موو په‌شێوییه‌ك له سیسته‌می گشتیی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته هۆی زۆربوونی ڕێژه‌ی خۆكوشتنی ئهنۆمیكی، چونكه له دۆخی ئاسایی‌دا جۆرێك هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌یه به‌تایبه‌ت له نێوان ئامانج و ئامرازه‌كاندا.
ج: هه‌ندێ جۆری پیشه هۆكاری سه‌ره‌كییه له زۆربوونی ڕێژه‌ی خۆكوشتنی ئهنۆمیكی، بۆنموونه له كۆمه‌ڵگا مۆدێرن و پیشه‌سازییه‌كان به‌رێوه‌به‌ری ده‌زگاكان له به‌راورد به كارمه‌ند و كرێكاران زیاتر ڕووی له خۆكۆشتن ده‌كه‌ن.
د: جیابوونه‌وه و ته‌ڵاق وه‌ك جۆرێك ئهنۆمی واته جۆرێكه له په‌شێوی و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئامانج و ئامرازی خێزان. له‌م ڕوه‌وه، خۆكوشتنی ئهنۆمیكی له كه‌سانی جیابۆوه زیاتره له‌و كه‌سانه‌ی كه جیانه‌بوونه‌ته‌وه.
چواره‌م: خۆكوشتنی چارهنووسگهرایانه (Fatalistic)
خۆكوشتنی چارهنووسگهرایانه یان خۆكوشتنی له‌ژێر فشار ته‌نیا به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو له تیۆری خۆكوشتنی دۆركایمدا باسی لێوه‌كراوه. دۆركایم له ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ی خۆكوشتن باس له‌وه ده‌كات كه خۆكوشتنی چارهنووسگهرایانه جۆرێكه له په‌رچه‌كردار بۆ پێداچوونه‌وه و كۆنترۆڵ و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا: بۆ نموونه ئه‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵگا خه‌ریكی ده‌ركردنی یاسا و نه‌زمێكی تازه‌یه، تاكه‌كان به‌توندی ده‌خاته به‌ر كۆت و به‌نده‌وه و هه‌ر كاتێك ئه‌و كۆت و به‌نده زیاتر بێت، ئه‌وا هه‌وڵه‌كانی خۆكوشتنیش له هه‌مان كاتدا زیاتر ده‌بێت، له كوردستان به جۆرێك له جۆره‌كان ئه‌م جۆره له خۆكوشتن ده‌بینرێت به تایبه‌ت ئه‌و كاته كچانی گه‌نج به كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن ده‌درێت و جیاوازییه‌كی ته‌مه‌نی زۆر له نێوانییاندا هه‌یه، ئه‌وكاته ژنان و كچان زیاتر په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌به‌ن، چونكه له ژێر ڕه‌زامه‌ندی ئه‌واندا ئه‌م پرۆسه‌یه ڕێكنه‌خراوه.
سه‌رچاوه‌كان
1/ تیم دیلینی، نظریههای كلاسیك جامعهشناسی، ترجمه بهرنگ صدیقی/ وحید طلوعی، نشر نی، تهران، چاپ دوم، 2009، ص150
2/ امیل دوركهیم، خودكشی، ترجمه دكتر نادر سالارزاده امیری،انتشارات دانشگا علامه طباطبائی، چاپ دوم، 2010، ص192.
دانـا شوانی - هه‌ولێر