ئەیلول 23, 2020

مستەر ئەربیل: کارمان کردووە لەسەر پشتگیریی ئافرەتان

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

مستەر ئەربیل بڕاندێکی کوردیی جلوبەرگی پیاوانە لە هەولێر.  ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و هەموو ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکەن کاری دەستی خۆیانە و بە مەبەستی گرینگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی لەبری هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی. ئەوانە هەلی کار دەڕەخسێنن بۆ گەنجان بە مەبەستی پەرەپێدان و گرینگیدان بە جلوبەرگی پیاوان. وەک خۆیان لەم دیمانەیەدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێن: "کارمان کردووە لەسەر پشتگیریی ئافرەتان.

 گرووپەکەتان لە چەند ئەندام پێک هاتووە؟
 مستەر ئەربیل، ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و، ئەنداممان زۆرە و ساڵی ٢٠١٦ یەکەم فۆتۆ شۆتینگمان پێشكەش كرد، کە پێک هاتبووین لە ٢١ کەس.

ئەم کارە فۆتۆ شۆپینگانەی دەیکەن، حەزە یان پیشەیە؟
ئەم کارانەی دەیکەین، تەنیا وەکو حەزێک بووە لەلای ئێمە، بەڵام کە کارێکی ڕێکلام یاخود کار بۆ هەر کۆمپانیایەک بکەین، لە بەرامبەردا پارە وەردەگرین.

ستافەکەتان بەشداری چەند کلیپ و ڕێکلامی کردووە؟
 ئێمە کاری ڕێکلاممان کردووە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی و ناوخۆ، بەشداریی کلیپیشمان کردووە و ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام حەمەدەمین وەکو ئەکتەرێکی سەرەکی بەشداریی لە کلیپێکی نازدار جەزیریدا کرد.

 ئارەزوو دەکەن ڕۆڵ ببینن لە فیلمێکی سینەماییدا؟
ئێمە زۆربەمان کەسانی ئەکادیمین و لە پەیمانگای هونەر خوێندوومانە، چونکە هونەری سینەما هونەرێکی خۆشەویستە و زۆر حەزمان لە بواری ئەکتەرییە و زۆر داواشمان لێ کراوە بەشداریی فیلم بکەین بەڵام ڕێک نەکەوتووە.
 بڕیارتان نەداوە ئافرەتیش لەگەڵ خۆتان بەشدار بکەن؟
 ئێمە بەردەوام کارمان کردووە لەسەر پشتگیریی ئافرەتان، ئێمە ڕۆژێک لە هەفتەدا تەرخان دەکەین بۆ ئەم ئافرەتانەی چالاکییان هەیە، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیا پشتگیرییان دەکەین و لەلای خۆمان بڵاوی دەکەینەوە، شوێنێکی تایبەتیان پێ دەدەین لە مستەر ئەربیل، بۆ زیاتر ئاشنابوونی خەڵک لە نزیکەوە کە بتوانن شتەکانیان ببینن، ئەم کارەش بێ بەرامبەرە، تەنیا ئامانجمان پشتگیریی ئافرەتانە.

بۆچی پیاو کە دەبێتە فاشیۆن کێشەی بۆ دروست نابێت، بەڵام ئافرەت زۆرترین قسە و باسی لەسەرە؟
ڕەنگە کۆمەڵگای ئێمە ڕێگە بە هەموو کارێک نەدات بۆ ئەوەی ئافرەتان بیكەن، بەڵام پێم وایە ئەم کارەش دەبێتە شتێکی ئاسایی و دەتوانن لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەن و گرینگی بە تواناکانی خۆیان بدەن.

 ماوەیەک لە سۆشیال میدیا گرووپەکەتان ناوبانگێکی باشی هەبوو، بەڵام ئێستا کەمتر لە سۆشیال دەردەکەون؟
بەهۆی ئیشکردنەوە نەمانتوانیوە وێنە زۆر دابنێین، بەڵام ئێستا زیاتر ئیش لەسەر بڕاندەکەمان دەکەین و ئێستا خەڵک مستەر ئەربیل باشتر دەناسن و زۆر کەس سەردانمان دەکەن.

تایبەتمەندییەکانی بوون بە مۆدێل چییە؟
 لە مستەر ئەربیل کەسمان خۆمان بە مۆدێل نازانین، بۆیە ناتوانین پێت بڵێین مەرجەکانی چۆنە، ئەوە دەبێت ئەو کەسانە وەڵام بدەنەوە کە مۆدێلی ڕاستەقینەن.

© 2017 Hawler