ئازار 30, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

Error: No articles to display

دەروونناس سامان سیوەیلی دەینووسێت

 

كاتێك قسە لەسەر ئەم چەمكە دەكرێت واتە قسە لەسەر گونجاندن (التكییف) و سازاندن (التوافق) دەكەین، هەروەها واتە قسە كردن لەسەر بوونی بارێكی باش لە دروستیی لایەنی دەروونی و ژیری تاك، واتە تەبابوون و هەڵكردن لەنێوان مرۆڤ و خودی خۆیدا.
گونجاندنی ڕەها واتە هەموو ئەندامەكانی مرۆڤ لە كەماڵدا بێت و كەماڵانە ئەركەكانی خۆیان بەجێبهێنن، هەروەها واتە خاڵی بوونی مرۆڤ لەهەموو نەخۆشی و تەنگژە و گیروگرفت و ناتەواوییەك، واتە تاك هەموو پێداویستییە دەروونی و بایۆلۆژی و كۆمەڵایەتی و مادییەكانی پڕ بووبێتەوە و تێر بووبن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم كەماڵ بوونە لە گونجاندنی مرۆڤ لەواقعدا بوونی نییە و كەس ناتوانێت بەدی بهێنێت لە ژیاندا، بەواتایەكی دیکە، ڕەهایی لە گونجاندا بوونی نییە و هیچ مرۆڤێك نییە خاڵی بێت لە هەموو جۆرەكانی نەخۆشی و تەنگژە و گیروگرفتەكانی ژیان و هەموو ئەندامەكانی لەوپەڕی كەماڵیدا ئەركەكانی خۆیان بەجێبهێنن و هەموو پێداویستی و ئامانجەكانی تێر ببن و بەدیبێن. بەڵكو ئەوەی كە هەیە لە واقعدا گونجاندێكی ڕێژەییە واتە گونجاندنێك كە لەئاستێكی باشدا بێت. هەر لێرەشەوە دەتوانین بڵێین ئەو كەسانەی كە وا هەست دەكەن بە كەماڵ گەیشتوون و هیچ كەموكوڕییەكیان نییە ئەوا لە وەهمدا دەژین. مرۆڤی تەبا و گونجاو ئەوەیە كە كار بۆ بەختیاریی خودی خۆی و خێزانەكەی و كۆمەڵگەكەی دەكات.
هەندێ جار سەبارەت بە چەمكی گونجاندن لەگەڵ كۆمەڵگەدا ئیشكالییەت دێتە پێش، زۆرجار ئەم چەمكە بە (ملكەچ بوون بۆ بەهاكانی كۆمەڵگە) هەژمار دەكرێت، واتە تاك ملكەچی بەها و پێوەر و دابونەریت و سستم و ڕژێم و ڕێسا و فەلسەفە و بیروڕا باوەكانی كۆمەڵگە بێت، بەڵام ئەم تێڕوانینە بەمجۆرە ناكرێت پەسەند بكرێت، نە لەڕووی واقعی و نە لەڕووی دەروونی و پزیشكییەوە. ڕێدەكەوێت مرۆڤ ملكەچ یان هاو(ڕێ) بێت لەگەڵ كۆمەڵگەكەی (هەروەكو ئەو پەندە كوردییەی دەڵێت: چوویتە شاری كوێرانەوە دەست بە چاوەكانی خۆتەوە بگرە)، بەڵام ڕەنگە ئەو مرۆڤە لەناخی خۆیدا دژ بە زۆرێك لە پێوەرەكانی كۆمەڵگەكەی بێت و یاخیبوونێك لەناوەوەیدا هەبێت كە دووچاری جەنگێكی گەرمی بكات. مەرج نییە هەر كەسێك ملكەچی كۆمەڵگەكەی بێت بە ڕاست دابنرێت، چونكە ئەگەری ئەوە دەبێت كۆمەڵێك كەس یان كۆمەڵگەیەك هەڵگری فەلسەفەیەك یان بیروباوەڕێك یان پەیڕەوێكی هەڵە بن. بۆ نموونە ئەو كەسانەی كە دژایەتی فەلسەفەی نازییەتیان دەكرد لەسەردەمی هیتلەردا بە كەسانێك دادەنران كە نەگونجاون، لەكاتێكدا نازییەت وەك پەیڕەو پێی وابوو نەژادی ئەڵمانی باڵاترە لەسەر هەموو نەژادەكانی دیکەی جیهان، لەهەموو نەژادەكانی دیکە زیاتر شایستەی ئەوەن كە دەسەڵاتی هەموو جیهان بگرنە دەست. دواتر توێژینەوە زانستییەكان لەبواری دەروونناسیدا دەریانخست كە هیچ نەژادێك بە كۆی تاكەكانییەوە باڵاتر نین لەسەر هەموو نەژادەكانی دیکە، چونكە لەنێوان تاكەكانی هەر نەژادێكدا (سپی پێست و ڕەش پێست) كەسانی زیرەك و بلیمەت و بیركۆڵ هەن، وە ئەو جیاوازییانەی لەنێوان سپی پێستەكان خۆیاندا هەیە زیاترە لەچاو ئەو جیاوازییانەی لەنێوان سپی پێست و ڕەش پێست یان زنجییەكاندا هەیە. لەلایەكی تریشەوە تێبینی ئەوە كراوە كە ئەو جیاوازییەی لەنێوان گەلاندا هەیه ‌دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشی ڕۆشنبیری و ئابوری و داگیركاری و توندوتیژی و بێبەشبوون لەئەنجامی داگیركاری و هەژاری و كەمی هەلی ڕەخساو بۆ فێربوون (بەتایبەتی لای گەلانی جیهانی سێیەم). كەواتە لەم ڕوونكردنەوەیەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی هەندێ جار ڕەتكردنەوەی فەلسەفەیەك یان بیروباوەڕێكی باوی نێو كۆمەڵگە ناكاتە نەگوجاندن.
گونجانی دەروونی بریتییە لەوەی تاك لە حاڵەتێكی (بەڕێژەیی) جێگیر و هاوسەنگدا بێت لەڕووی دەروونییەوە، واتە دوور بێت لە هەڵچوون و داچوونی بەردەوام و پەشێوی و نائارامییەوە، لەهەمان كاتدا تاك وەڵامدانەوە هەڵچوونییەكانی میانەڕەوانە بێت، مەبەست لە میانەڕەوی ئەوەیە تاك وەڵامدانەوەی توندوتیژ و توندڕەوانەی نەبێت بەڵام لەهەمان كاتدا سارد و سڕیش نەبێت لەڕووی هەڵچوونییەوە. چونكە هەموو مرۆڤێكی ئاسایی هەڵدەچێت بەڵام لەئاستی خۆیدا، واتە دەبێت وەڵامدانەوە هەڵچوونییەكە (دەروونییەكە) لەڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە بگونجێت لەگەڵ سەرچاوە وروژێنەرەكەدا.
كەسانی گونجاو لەگەڵ خودی خۆیاندا نەرمن و دوورن لە زبری، تەبان لەگەڵ خودی خۆیاندا، ڕەزامەندن لە خودی خۆیان.

© 2017 Hawler