شوبات 28, 2021

ئەوانەی لە سێبەری مەرگدان زیاتر دەژین هۆکاری خۆشەویستی ستیڤن هاوکینگ لە نێو خەڵکی چییە؟

ستیڤن هاوکینگ، زانای بەریتانی حەفتەی پێشوو کۆچی دوایی کرد و کەوتە نێو تایتڵ و سەرە هەواڵی ڕۆژنامە بەنێوبانگەکانی دونیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، باشە هۆکاری ئەم هەموو خۆشەویستییەی هاوکینگ لە نێو خەڵکی چییە؟

ئەوانەی کە لە بن سێبەری مەرگدان، تەمەنی زیاتر دەکەن، هاوکینگیش نمونەیەکی دیاری ئەم جۆرە کەسانەیە. فیزیکدانی تیۆری، گەردوونناس، مامۆستای زانکۆی کامبرێج و نووسەری بەریتانی، ڕۆژی چوارشەممە کۆچی دوایی کرد. نیو سەدە زیاتر لە پێشبینی پزیشکەکان ژیا و لەم پەنجا ساڵەدا گۆڕانکاری گەورە و زۆری لە نێو زانستی گەردوونناسیدا دروست کرد و خۆشەویستییەکی بەرفراوانیشی لە نێو خەڵکدا بۆ خۆی دەستەبەر کرد، بەڵام سەیرەکەی لەوەدایە کە ئەوانەی لە دەرەوەی ژینگەی زانکۆ و خوێندنن، هاوکینگیان دەناسی و خۆشیان دەویست؟!
ساڵی ١٩٨٢ بوو کە ستیڤن هاوکینگ بڕیاری دا دەرەنجامی چەندین ساڵ توێژینەوەی خۆی لە پانتایی تیۆری فیزیک بخاتە سەر تێنووس و بیکاتە کتێب. هەر خۆی لەم بارەوە دەبێژێت: 'بەدوای ئەوەوە بووم نیشانی خەڵکی بدەم کە تا کوێ درکمان بە بوون کردووە" و مرۆڤ تا ئاستێکی باشیش نێزیک بووەتەوە لە تێگەیشتنی بوون.
حەزی لێ نەبوو کتێبێک بنووسێت کە تەنیا توێژەران و پسپۆڕان لێی تێبگەن. حەزی دەکرد خوێنەرێکی زۆر و زەوەندی هەبێت. لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، بە 'ڤاڵ ستریت جوڕناڵ'ـی گوتبوو "هیوادار بووم کتێبێک بنووسم کە تەنانەت لە کتێبفرۆشی فڕۆکەخانەکانیش ببێتە پڕفرۆشترین کتێب"، بەڵام بەڕێوەبەری بەرنامەکانی بێهیوای کردبوو و گوتبووی "ئەم کتێبە تەنیا زانکۆییەکان و خوێندکارەکان حەزی پێ دەکەن، بەڵام نابێتە کتێبێکی پڕفرۆش".
'کورتەمێژووی زەمەن' پاش چاپی یەکەمی لە ساڵی ١٩٨٨، چەندین جار چاپ بووەوە و هەموو پێشبینییەکانی تێک دا. لە چەند ڕۆژی یەکەمی چاپەکەی، هیچی لێ نەمایەوە و هەموو فرۆشرا. ١٤٧ حەوتوو لە پێرستی کتێبە پڕفرۆشەکانی نیۆیۆرک تایمز نەهاتە خوارەوە و لە ڕیکۆردێکی بێ وێنەدا، ٢٣٧ جار لە پێرستی کتێبە پڕفرۆشەکانی ساندی تایمزی لەندەن دەرکەوت و چووە نێو ڕیکۆردی گینسەوە. نزیکەی ١٠ ملیۆن دانە لە کتێبەکە فرۆشرا و بە ماوەیەکی کەم وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمانی جیاوازی دونیا.
بەڵام دیار نییە کە چەند کەس کتێبەکەیان خوێندووەتەوە و لە ڕوانگەی خودی هاوکینگەوە بیرۆکەی ئەوەی کە هەموو ئەوانەی کتێبەکەیان کڕیوە بە وردیش خوێندوویاننەتەوە، پێکەنیناوییە. هەڵبەت باسە گەرم و گرنگەکە ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو کەسانەی کتێبەکەیان خوێندووەتەوە، توانیویانە لەوە بگەن کە نووسەرەکەی چ دەڵێت یان نا!
'کورتەمێژووی زەمەن'، هاوکینگی کردە پیاوێکی خۆشەویستی کۆمەڵگە. ئەو کە لە نێو زانکۆ ناسراو بوو، ئەو جارەیان بووە کەسایەتییەکی دیاری کۆمەڵایەتی و یەکێک لە هۆشدارترین کەسایەتییە زانستییەکانی دونیا، بەڵام چی بووە هۆی ئەوەی کە 'کورتەمێژووی زەمەن' وەها بەنێوبانگ و بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش بێت؟ باسکردنی ئەم هۆکارە کەمێک قورسە. بێگومان زانین لەبارەی چاڵە ڕەشەکانەوە بۆ هەموو خوێنەرێک سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام شڕۆڤەکەی هاوکینگ لە کورتکردنەوەی واتا قورسەکانی نێو تیۆری فیزیک بووە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسانەی ترسیان لە وانەی فیزیا هەبوو، بیخوێننەوە و باشتر لێی تێبگەن.
گۆڤاری نیۆیۆرک تایمز پاش چاپی 'کورتەمێژووی زەمەن'، نووسی: "کتێبێکی چکۆڵە و سەرنجڕاکێش کە واتاکانی تایبەت بە بوون زۆر بە سادەیی دەخاتە بەر دەست هەر کەسێک کە توانای خوێندنەوەی هەبێت". کەمێک دوای ئەوەش گۆڤاری گاردیەنیش لە پەسنی ئەم کتێبە نووسی: "ئەم کتێبە بڕوابەخۆبوونی زانایەک و شەهامەتێکی بێوێنە و هەڵبەت گاڵتەئامێزێکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ خەوێنەر دەهێنێتە گۆڕێ. کتێبێکی جیاواز و سەرگەرمکەر و جێگەی تێگەیشتن بۆ هەمووان!"
کاربەرانی نێو ماڵپەڕی 'گودریدز'، نمرەیەکی بەرزیان دایە کتێبی 'کورتەمێژووی زەمەن' لەبەر زمانە سادە و بەزمەساتئاساکەی و زۆرێکیش نووسیبوویان کتێبەکەی هاوکینگ ئیحساسێکی وەهایانی داوە پێیان کە هێشتا مەجالی فێربوون ماوەتەوە، تەنانەت فێربوونی شتگەلێک کە وایاندەزانی هیچی لێ نازانن و توانایەکی وەهایانی تێدا نییە. یەکێک لە کاربەرەکان نووسیبووی: "ئاخۆ سەرنجڕاکێش نییە کە مرۆڤ بە خوێندنەوەی کتێبەکەی هاوکینگ هەست دەکات لە چاو پێشتر هۆشیارتر و لە هەمان کاتیشدا گێلترە!"
هەڵبەت کەسانێکیش هەبوون کە دژ بە کتێبەکە وەستانەوە. چارلز کارتامێر لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست و پاش چاپی کتێبەکە نووسیبووی کە دوو جاران کتێبەکەی خوێندووەتەوە و هەرچەندە کە لە زانکۆی هارڤاردیش خوێندوویەتی، کەچی نەیتوانیوە لێی تێ بگات.
هاوکینگ لەبەرامبەر هەموو ئەم ڕوانگە جیاوازانە بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام ئەو و هاوڕێکانی پێیان وابوو کە زۆرێک ئەم کتێبەیان کڕیوە تا لە وا دەرخەن کە لە چاو ئەوانی دیکە ئاقڵترن و هەرگیز زەحمەتی خوێندنەوەشی دەبەر خۆیان نادەن. ئەو باوەڕی بەوە هێنابوو کە کورتەمێژووی زەمەن تەنیا کتێبێکە کە زۆر کەس کڕیویانە بەڵام کەم کەس خوێندوویەتییەوە.
هاوکینگ بە درێژایی ژیانی خەڵاتەیلێکی زۆری وەک خەڵاتی ئەلبێرت ئەنیشتاین و خەڵاتی وۆڵف و مەدالیای کۆپلی و مەدالیای ئازادی لە دەستی باراک ئۆباما وەرگرت. ڕەنگە ئەگەر کەمێکی دیکە زیندوو بووایە، هەنگاوی دواتری خەڵاتی نۆبێڵی بەدواوە بوو. زۆر ئەستێرە و کەسایەتی خەمیان لە مردنی هاوکینگ خوارد و هاوخەمی خۆیان دەربڕی، ترێزا می لە بەیاننامەیەکدا نووسی: "شەهامەت، بەزمەساتی و ئیرادەی ئەم پیاوە لە سوودوەرگرتنی ساڵەکانی تەمەنی ئیلهامێکی گەورەیە".
'کورتەمێژووی زەمەن'، نووسەرەکەی لە نێو کۆمەڵگەی زانکۆییدا بەنێوبانگ کرد، بەڵام نهێنی نەمرییەکەی ئەمە نەبوو. خەڵکی هاوکینگیان خۆش دەویست، چونکە ئەو نوێنگەی ئەو مرڤانە بوو کە سەلماندی جەستەی لاواز و نەخۆش نابێتە لەمپەر لەبەردەم ئازادی و هۆشیاری زەینی مرۆڤ.
هاوکینگ کۆچی دوایی کرد، بەڵام بە ژیانە کولەمەرگییەکەی بە زانا و خاوەن ڕایان و خەڵکی ئاسایی سەلماند کە هەوڵدان بۆ گۆڕینی زەینی کەسانی دیکە نیشانەی لاوازی نییە و دەتوانێت کورتەمێژووی زەمەن بە کورتی ڕووبەڕووی گۆڕان بکاتەوە. میراتێک کە بە قەدرا دۆزینەوە زانسییەکانی هاوکینگ بەهادار و نەمرە.
و/شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler